د.سەلام عەبدولكەریم مامۆستای زانكۆ لە سلێمانی: هاوپەیمانیی حوكمڕان «ئاك پارتی و مەهەپە» لەگەڵ سەرۆكی هەر دوو پارتەكە هاودەنگ و كۆكن لەسەر چارەسەری ئاشتییانەی كێشەی كورد
دوای ئەوەی عومەر ئۆجەلان لە پرێس كۆنفڕاسێكی ڕۆژنامەوانیدا پەیامەكەی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی لە زیندانی ئیمڕاڵییەوە بۆ ئاشتی ڕاگەیاند، دەم پارتی بە گەرمی پێشوازییان لەو پەیامە كرد، ئەمەش لەبەر ئەوەیە دەم پارتیش وەك ئۆجەلان بۆچوونیان بەوجۆرەیە كە كێشەی كورد لە باكوور تەنیا لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتی و گفتوگۆ و دانوستاندنی ئاشتییانە و لەبەر ڕۆشنایی چارەسەری یاسایی و دەستووری ئەو كێشەیە چارەسەر دەكرێت، لەمەش زیاتر سەڵاحەدین دەمیرتاش كە ئەویش هاوسەرۆكی دەم پارتییە و ئێستا لە زینداندایە و هەروەها سەركردایەتیی خوارەوەی دەم پارتی پێشوازییەكی گەرمیان لە پەیامەكەی ئۆجەلان كردووە و پشتگیریی خۆیان بۆ دەربڕیوە.
جیاوازیی «دەستپێكردنەوەی پرۆسەی چارەسەری ئاشتییانە بۆ كێشەی كوردی باكوور» لەگەڵ جاری پێشوو ئەوەیە، لە ساڵی 2012 تەنیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان و ئاك پارتی بڕوایان بە چارەسەری ئاشتییانەی كێشەی كورد لە توركیا هەبوو، بەڵام ئەمجارە واتە «2024» هاوپەیمانیی حوكمڕان كە پێكدێت لە هەردوو پارتی «ئاك پارتی و مەهەپە» لەگەڵ سەرۆكی هەر دوو پارتەكە (ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و دەوڵەت باخچەلی) هاودەنگ و كۆكن لەسەر ئەوەی كە پێوستە كێشەی كورد لە توركیا بە ڕێگەی ئاشتییانە چارەسەر بكرێت، ئەمەش وەك وەرچەرخانێكی گەورە لە پرۆسەی ئاشتیی ئەمجارەدا خۆی بەرجەستە كردووە.
ئامانجی حكومەتی توركیا، یان بە شێوەیەكی دیكە هاوپەیمانیی حوكمڕان «ئاك پارتی و مەهەپە»، ئەوەیە كە دەستووری توركیا بە جۆرێك هەموار بكەنەوە كە سەركەوتنی هەڵبژاردنەكانی داهاتوو بۆ ئاك پارتی و ئەردۆغان مسۆگەر بكاتەوە، ئەم مسۆگەربوونەش تەنیا بەوە دەبێت، كە كارێك بكەن بۆ ئەوەی ببنە هاوپەیمانی دەم پارتی و لە هەڵبژاردنی داهاتوودا جارێكی دیكە كوردی باكوور دەنگ بە ئاك پارتی بداتەوە، لەلایەكی دیكە هەمواركردنەوەی دەستوور بەو شێوەیە هاوپەیمانیی حوكمڕانیی توركیا مەبەستێتی بە پشتگیریی كورد «دەم پارتی»، ئەمەش كارتێكی بەهێزە بۆ ئەوەی پرۆسەكە بچێتە پێشەوە و داوا بكرێت مافی كورد لەو هەمواركردنەوەیەدا لە دەستوورەكە دابنرێت.
خاڵێكی دیكە كە جێگەی ئاماژەپێدانە، ئەوەیە لەسەر پەیامەكەی ئۆجەلان، قسە لەگەڵ سەركردایەتیی پەكەكە لە قەندیل كراوە، ئەوانیش بە شێوەیەكی گشتی پشتگیریی پەیامەكەی ئۆجەلانیان كردووە، بەڵام كۆمەڵێك سەرنجیشیان هەبووە، پێیان وایە تەنیا پەیامێكی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە زیندانی ئیمڕاڵییەوە، نابێتە بنەمایەكی دروست بۆ پرۆسەی ئاشتی، پێش هەموو شت پێویستە ئۆجەلان ئازاد بكرێت، پێش ئەوەی لەگەڵ هاوپەیمانیی حوكمڕانی «ئاك پارتی و مەهەپە» گفتوگۆ بكات، پێویستە لەگەڵ «دەم پارتی و پەكەكە»ش گفتوگۆ بكات، لەگەڵ تێكڕای ئەو لایەنانە كە پەیوەندیدارن بەم پرۆسەیە گفتوگۆ بكات، بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتییەكە بتوانێت بگاتە ئاكامێك كە هەردوولا پێی ڕازی بن.
لەم چوارچێوەیەدا، سەركردایەتیی پەكەكەش لە قەندیل ئەم پرۆسەی ئاشتییە بە دەرفەتێكی گرنگ دەزانن، بەڵام هەر لایەك تێڕوانین و مەرجی تایبەتیی خۆی هەیە لەسەر پرۆسەی چارەسەری كێشەی كورد بە ئاشتی.
ئەوجا ئەگەر بارودۆخی سیاسیی ناوخۆی توركیا هۆكارێك بێت بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی، لە هەمان كاتدا ئەو بارودۆخەی ئێستا ناوچەكە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پێدا تێدەپەڕێت و شەڕی ئیسرائیل و حەماس فراوان بووە و لوبنان و سووریا و تەواوی ناوچەكەی گرتووەتەوە، ئەمەش وای كردووە، هاوپەیمانیی حوكمڕان لە توركیا گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی لەناو ئەم بارودۆخەدا توركیا بە قۆناغێكی زۆر هەستیار و مەترسیدار تێدەپەڕێت و، ئەوەیان لەبەر چاوە ئەگەر ئەم شەڕە لە كۆنتڕۆڵ دەربچێت، هیچ دوور نییە ئێران و توركیاش بگرێتەوە، یان لانیكەم توركیاش پریشكی ئەم شەڕەی بەر بكەوێت.