بەهۆی هەورەبروسکە ٢٤ کەس گیانیان لەدەستدا
بەرپرسانی حکومەتی هیندستان ڕایانگەیاند: لە ماوه ی دوو ڕۆژی ڕابردوودا لە ویلایەتی گوجارات لە ڕۆژئاوای هیندستان بەهۆی هەورەبروسکە 24 کەس گیانیان لەدەستداوە و 23 کەسی دیکەش برینداربوون.
بەپێی ئامارەکانی حکومەت ، لە ڕۆژانی یەکشەممە و دووشەممەدا بارانێکی بەخوڕباریوە و ڕەشەبایەكی توند هەڵیكردووە، هەروەها لە ماوەی ٢٤ کاتژمێر تا بەیانی دووشەممە لە هەندێک شوێن تا ١٤٤ ملم (٥.٧ ئینج) باران باریوە. بەهۆی بارانبارینەوە زیان بە ماڵ و ئاژەڵداری لە سەرانسەری ویلایەتەکە گەیشتووە.
وەزارەتی کەشناسی هیندستان پێشبینی دەکات، کە ئەمڕۆ دووشەممە بارانبارین لە بەشێک لەم ویلایەتە بەردەوام دەبێت.
گوجارات نامۆ نییە بە کارەساتەکانی پەیوەست بە باران، لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠٢٠دا، لە ماوەی تەنها دوو ڕۆژدا ١٤ کەس لەم ویلایەتەدا بەهۆی ڕووداوە جۆراوجۆرەکانی پەیوەست بە بارانبارینی بەخوڕ و لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە.
گوڵان: سەردار خەلیل