ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی لە كەمكردنەوەی توندوتیژیی خێزانی بەرز دەنرخێندرێت

ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی لە كەمكردنەوەی توندوتیژیی خێزانی بەرز دەنرخێندرێت

 

مامۆستایانی ئایینی بە درێژایی مێژوو، لە ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و خێزانی ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە و، مینبەری مزگەوتەكانیان بۆ هۆشیاركردنەوەی تاك تەرخان كردووە. هەمیشە ڕەمزی پێكەوە ژیانی ئاشتییانە بوون و چەندین كێشەی نێوان هۆز و عەشیرەتیان چارەسەر كردووە، ڕۆڵیان لە كێشەی خوێن و دوژمنایەتی و سوڵح و سوڵحكاریی خێزانەكانەكان هەبووە و بەردەوامیشن، بەڵام لە كۆمەڵگەی كوردیدا تاوانەكانی كوشتن و توندوتیژیی ناو خێزان بە ڕێژەیەكی بەربڵاو تا ئێستاش بوونیان هەیە، لەم نێوەندەدا پرسیار ئەوە دەكرێت: ئایا بۆ كەمكردنەوەی كردە توندوتیژییەكان پیاوانی ئایینی و مەلای مزگەوتەكان تاچەند ڕۆڵی ئەرێنییان گێڕاوە؟ بەشداربووانی ئەم ڕاپۆرتەی گۆڤاری گوڵان وەڵامی پرسیارەكە دەدەنەوە.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

 

 

د.عەبدوڵڵا شێركاوەیی وتەبێژ و بەرپرسی ڕاگەیاندنی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان، سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە «زانایانی ئایینی لە ڕێی پەیام و مینبەرەكانیانەوە هەمیشە داكۆكیكاری مافی ئافرەت بوون و، پەیامی هۆشیاری و بەرچاوڕوونیان داوەتە كۆمەڵگە بۆ ئاگاداربوون لە مامەڵەكردنی تەندروست و پێویست بەرانبەر ئافرەتان، ئەمەش زادەی تێگەیشتنی دروستە بۆ ئیسلام، كە مافی تەواوی بە ئافرەت داوە و ڕێگری تەواویش لەوە دەكات، توندوتیژی بەرانبەر ئەنجام بدرێت، تەنانەت پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت) لە وتاری حەجی ماڵئاوایی سێ جار دووپاتی ئەوەی كردەوە: «لەگەڵ ئافرەتان چاك بن، چونكە ئەوان ئەمانەتی ئێوەن و پێویستە بیانپارێزن». لەم سۆنگەوە یەكێتی زانایان لە رێی سیمینار و چالاكیی پەیوەست و پەیام و ستراتیژی خۆی هەوڵی داوە، پرسی توندوتیژی بەرانبەر ئافرەتان لەناو كۆمەڵگە كەم ببێتەوە، خۆشبەختانە ساڵانە چەندین وتاری هەینی پەیوەست و تایبەت دەكرێن بۆ ڕوونكردنەوەی ئەو دەقانەی لە بارەی پێگە و ڕێز و گەورەیی ئافرەتەوە هاتوون، بە ئامانجی بەرچاوخستنی شكۆی ئافرەت و نەهێشتنی هەموو ئەو حاڵەت و دیاردانەی وەك هەڵسوكەوتی ناتەندروست و توندوتیژ بەرانبەریان دەكرێت.

ئەو مامۆستا ئایینییە هەر لەو بارەیەوە گوتی: «بۆ زیاتر هۆشیاربوونەوەی كۆمەڵگە بەرانبەر بە مافەكانی ئافرەتان، پێویستمان بە بایەخدانی پتری پەروەردە و هۆشیاریی كۆمەڵایەتی هەیە، چونكە توندوتیژی سلووكە، سلووكیش بە پەروەردە چارەسەر دەكرێت، نەك تەنیا پۆلیس».

دهۆك بەڕۆژی ئەندامـی ئەنـجومــەنی سۆران و بــەرپــرسی بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی (ی.ئا.ك)، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «پیاوانی ئایینی ئیسلام و بەتایبەتی پیاوانی ئایینی كوردستان بە هیچ شێوەیەك ڕێگە بە توندوتیژیی بەرانبەر بە ئافرەت نادەن، چونكە لە هیچ دەقێكی ئایینی ئیسلامدا نەهاتووە، فەزڵی پیاو بەسەر ژندا بدرێت. بەڵام هەندێك بە هەڵە تێگەیشتن هەیە، بۆ نموونە زۆرجار لە وتارەكانی مامۆستایانی ئایینی گوێبیستی ئەو قسەیە دەبین، كە دەڵێن: ئەگەر ژن گوێڕایەڵی مێردەكەی نەبوو، ئەوا مێرد دەتوانێت تەمێی بكات بە لێدان، كەواتە پرسیار ئەوەیە: ئایا لە قورئاندا بە ئایەت ئەمە باس كراوە؟ یان لە فەرمودەكانی پێغەمبەری ئیسلامدا ئەمە بە ڕوونی باس كراوە؟ لە هیچ دەقێكی ئایینی ئیسلامدا باس لە لێدان نەكراوە. ئەگەر ژن لە گوێڕایەڵیی مێردەكەی دەرچوو، یان بە بێ پاساوی شەرعی یاخی بوو، ئەو كاتە خودای باڵادەست بۆ چارەسەری ئەم كێشەیە چوار قۆناغی داناوە. قۆناغی یەكەم: ئامۆژگاری و ڕێپیشاندان بەوەی كە ئامۆژگاریی هاوسەرەكەی بكات كە گوێڕایەڵ بێت و مافی پیاوەكەی بدات، بە باسكردنی بەڵگەی قورئان و سوننەت، ئەویش بە نەرمونیانی، جا ئەگەر سوودی نەبوو، دەچێتە قۆناغی دووەم كە بریتیە لە دوورلێگرتن لە هاوسەری لەسەر جێگە و جووتبوون، ئەمەش كاتێك دروستە كە قۆناغی یەكەم سوودی نەبێت، ئەمەشیان بە مەبەستی ئەوەی بۆ هاوسەرەكەی دەری بخات، كە لێی ڕازی نییە و پێویستە دیراسەیەكی حاڵی خۆی بكات، جا ئەگەر ئەم دوو قۆناغەش سوودی نەبوو، ئەو كاتە قۆناغی سێیەم بەكار دێنێت، كە لەسەر ئەم خاڵەیان ڕای جیاواز هەیە، بەشێكی زانایان و مامۆستایانی ئایینی دەڵێن: لەم قۆناغەدا وشەی «ضرب» بە مانای لێدان هاتووە، بەڵام ئەم وشەیە لە زمانی عەرەبیدا چەندین مانای دیكەی هەیە، یەكێك لەو مانایانە بە واتای دەستگرتن و هاوكاربوونیەتی، كە ئێستا ڕای بەشێك لە زانایان ئەوەیە كە ئەم تەفسیرە دروستتر بێت، چونكە ئیسلام ئایینێكی ئاشتیخوازە و دەیەوێت بە گفتوگۆ كێشەكان چارەسەر بكرێن، نەوەك بە توندوتیژی».

 لە بارەی پرسی باڵادەستیی پیاوانیش بەسەر ئافرەتدا گوتی: «یەكێك لەو بەڵگانەی كە هەمیشە بەرانبەر بە ئافرەتان بە كار دەهێنرێت و پێیان دەگوترێت: فەزڵی پیاو دراوە بەسەرتاندا لە ئاینی ئیسلامدا، ئەو ئایەتەیە كە دەفەرموێت: [الرِّجَالُ قَوَّامُونَ عَلَي النِّسَاءِ بِمَا فَضَّلَ اللَّهُ بَعْضَهُمْ عَلَى بَعْضٍ وَبِمَا أَنفَقُوا مِنْ أَمْوَالِهِمْ فَالصَّالِحَاتُ قَانِتَاتٌ حَافِظَاتٌ لِلْغَيْبِ بِمَا حَفِظَ اللَّهُ وَاللاَّتِي تَخَافُونَ نُشُوزَهُنَّ فَعِظُوهُنَّ وَاهْجُرُوهُنَّ فِي الْمَضَاجِعِ وَاضْرِبُوهُنَّ فَإِنْ أَطَعْنَكُمْ فَلا تَبْغُوا عَلَيْهِنَّ سَبِيلاً إِنَّ اللَّهَ كَانَ عَلِيّاً كَبِيراً] النساء: 34. بۆ تەفسیرەكەشی دەڵێت: پیاوان مافی بەڕێوەبەرێتییان بەسەر ژنانەوە هەیە، دەتوانن چاودێرییان بكەن، ژنانیش دەبێت بەپێی پلان و نەخشەی ئەوان ڕەفتار بكەن، تا لە سنووری شەرعدا بێت، ئەم بەڕێوەبەرێتیەش بۆیە دراوە بە پیاوان، چونكە خودا فەزڵی هەندێكی داون بەسەر هەندێكی دیكەیاندا، پیاوان جەستە و لاشەیان توند و تۆڵتر و بەهێزترە لە ژنان. تەفسیری زانایان بۆی بەمشێوەیە كە هەركاتێك پیاو كاری كرد و بژێوی خێزانەكی دابین كرد، ئەوە گەورەی ماڵە، ئەگەر كچێك كار بكات و خێزانەكەی بژیێنێت بە هەمان شێوە ئەو كچە لەو خێزانە دەبێتە گەورەی ماڵ، بۆیە ئەمە هەم بۆ ژنی ئەو خێزانە و هەم بۆ كوڕی ئەو خێزانەش هەر ڕاستە، بۆیە لێردا دەردەكەوێت كە بۆ مەبەست هەندێك كەس تەفسیری تەوای ئەو ئایەتە ناخەنەڕوو، ئەگینا بە هیچ شێوەیەك لە قورئاندا فەزڵی كەس نەدراوە بەسەر كەسێكی دیكەدا (پیاو بەسەر ژندا)، جگە لەو كەسەی كە زیاتر بڕوادار و لە خواترسە لە چاو كەسێكی دیكەدا، ئەویش لە ڕۆژی قیامەتدایە. كەواتە بۆچی ڕێگری ناكەن لەو مەلایانەی كە هانی توندوتیژی و باڵادەستكردنی پیاو بەسەر ژناندا دەدەن لە ڕێگەی وتار و مینبەرە ئایینییەكانەوە؟

عوبێد خدر گۆمەشینی، توێژەر و ڕۆژنامەنووسە و سەبارەت بە تەوەری راپۆرتەكە بەمجۆرە ڕای خۆی خستەڕوو: «دیاردەی توندوتیژیی دژ بەخێزان، یەكێكە لە ‌گەورەترینی ئەو كێشانەی لەم ڕۆژگارەدا ڕووبەڕووی گەلانی جیهان بووەتەوە، بەتایبەت ئەو ئامار و دۆسێیانەی لە دادگا و هەندێ جار دەكەونە ناو سۆشیال میدیا لەبارەی ڕێژەی لێك جیابوونەوە و زیادبوونی ڕێژەی توندوتیژی، ئاماری مەترسیدار و ترسناكن، وا دەردەخەن لە كاتی ئێستادا خێزان لانەی ئارامی و دڵنیایی نین، ئەمەش بە هۆی بەكارهێنانی توندوتیژی، ئەوجا جەستەیی بێت، یان توندوتیژییە دەروونییەكان، كە خۆی لە لێدان و جنێودان و بەكەمزانین و پشتگوێخستن و بوغزاندن دەبینێتەوە».

وەك ئەو توێژەرە باسی كرد «‌بەپێی ڕاپۆرتەكانی (یۆنسیف) و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی‌ پاڵپشت و داكۆكیكار لە مافەكانی منداڵان، ئەوەیان خستووەتەڕوو كە بە شێوەیەكی زۆر مەترسیدار ژمارەیەكی زۆر لە منداڵان لە هەموو جیهان ڕووبەڕووی توندوتیژی و زەبروزەنگ بوونەتەوە.

 لە كۆمەڵگەی كوردیدا كە لە 95%ی بە سەرەوەی موسڵمانن، جگە لە پێكهاتە و ئایینەكانی دیكە، هەریەكە لە پیاوانی ئایینی بە هەموو ئایینەكانەوە ڕۆڵی كاریگەر و گرنگیان لەسەر تەواوی كایەكانی ژیان هەیە، ئەوان دەتوانن ڕێبەر بن بۆ زۆر لە پرسەكانی كۆمەڵگە، چونكە زۆرینەی تاكەكان گوێیان بۆ دەگرن و ڕێنمایی و وتەكانیان بە گرنگ دەزانن و جێبەجێیان دەكەن، بۆیە مامۆستایانی ئایینی ئیسلام بەتایبەتی كە زۆرینەن لە بابەتی توندوتیژیی خێزانی دەتوانن ڕۆڵی كارا و كاریگەریان لەسەر كەمكردنەوەی هەبێت، بەڵام بە شێوازێكی میانڕەو و نەرمونیان، هەروەها بە بەڵگەهێنانەوەی زانستی و ئەكادیمی ئاراستەی بكەن، دوور لە شێوازی توندوتیژی و هەڕەشەكردن، بەتایبەت لە كاتی وتاری هەینی كە زۆرینەی هاووڵاتیان بۆ نوێژی هەینی دەچنە مزگەوت و تەنانەت ئەوانەی نایەنە مزگەوتیش گوێ لە ڕێنمایی مامۆستایانی ئایینی دەگرن و لە ژیانی ڕۆژانەیان پەیڕەوی دەكەن».

عوبێد خدر گۆمەشینی جەخت لەوە دەكاتەوە كە «ئایین پەیامی ئاشتی و لێبووردەیی و پێكەوە ژیانە و بۆ ئەوەیە تاكەكان لە خێزان و لە ناو كۆمەڵگە بە هێمنی و ئاشتەوایی پێكەوە بژین، نەوەك بە بەكارهێنانی شێوازی نەشیاوی توندوتیژی و لێدان و بەكارهێنانی جنێو و تانە و تەشەر، بەتایبەت لە نێوان هاوسەران و ئەندامانی خێزان، هەر بۆیە گرنگە مامۆستایانی ئایینی ببنە مایەی ئاشتەوایی خێزان، لەوانەیە ورووژاندنی هەندێ بابەت ببێتە هۆی تێكدانی شیرازەی خێزان، وەك توندوتیژی دژ بە ژن، یان منداڵ. گوتیشی: «كۆمەڵگەی ئێستا پڕە لە كێشە و گرفتی كۆمەڵایەتی و خێزانی، مامۆستایانی ئایینی دەتوانن ڕۆڵی ئەرێنی لە چارەسەركردنی هەندێ لەو كێشانە ببینن، بەتایبەت گرفتی هاوسەران كە بە ڕێژەیەكی بەرچاو زیادی كردووە، دەتوانن ڕێنمایی ئەوە بدەن، ئەركی ژن لەناو خێزان و ڕۆڵی پیاو لە چوارچێوەی خێزان ڕوون بكەنەوە، هانیان بدەن، ئەو گرفتانەی دەیانەوێت بە توندوتیژی چارەسەری بكەن، دەتوانن بە ئارامی و دوور لە هەڕەشە و لێدان و جنێودان، بەشێوەی گفتوگۆ چارەسەری بكەن، ئەویش لە ڕێگەی گوێ لەیەكترگرتن و تێگەیشتن لە ناخی یەكتری و گرنگیدان بە یەكتر، نابێت ئێمە تەنیا خۆمان بە ڕاست بزانین و گرنگی بە كەسی بەرانبەرمان نەدەین، دەبێت باس لە دەرئەنجامە نەرێنییەكانی توندوتیژی بكەن، كە دەبێتە هۆی ژاوەژاو و تێكچوونی شیرازەی خێزان و لێك جیابوونەوە و پەرتەوازەبوونی منداڵەكانیان و سەرلێشێوان و داهاتوویەكی ڕەش و نادیار».

 

Top