بەفرین حەسەن: لە چێشتخانەكەمدا دەرفەتی كارم بۆ سێ خانمی دیكە ڕەخساندووە
بەفرین حەسەن، خانمە چێشتلێنەرێكی بەتوانا و دەستڕەنگینی قەزای ناوەندی سۆرانە و خاوەنی چێشتخانەیەكی كوردەوارییە و وەك خۆی باسی دەكات، لە چێشتخانەكەیدا هەموو جۆرە خواردنێكی كوردەواری ئامادە دەكات و، بەردەوام لەلایەن كڕیارەكانییەوە دەستخۆشی لێ دەكرێت. ئەگەرچی خێزاندارە و دایكی چوار منداڵە، بەڵام جەت لەوە دەكاتەوە كە دایكایەتی نەبووەتە ڕێگر لە بەردەم كاركردنیدا و لە دیدارێكدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان، بەمجۆرە باسی ئەركی ناوماڵ و چۆنیەتی تێكەڵبوونی بە بازاڕی كار دەكات.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
بەفرین حەسەن، خانمە چێشتلێنەرێكی بەتوانا و دەستڕەنگینی دانیشتووی قەزای ناوەندی سۆرانە و خاوەنی چێشتخانەیەكی كوردەوارییە بە ناوی «چێشتە ماڵی خانم»، سەبارەت بە چۆنیەتی تێكەڵبوونی بە بازاڕی كار دەڵێت: «ساڵانێكە لە چەندین بوار كارم كردووە، دوای ئەوەی بینیم كە هیچ چێشتخانەیەكی كوردەواری لە ناوچەكەماندا نییە، بیرم لەوە كردەوە كە ئەو ڕێچكەیە بشكێنم و چێشتخانەیەكی كوردەواری لە سۆران بكەمەوە، من یەكەم ئافرەت بووم لە سۆران چێشتخانەم كردەوە، ئەوەش بیرۆكەی خۆم بوو، هەوڵم دا تاوەكو ئەو بیركردنەوانە نەهێڵم كە پێیانوایە ئافرەت ناتوانێت چێشتخانەیەك بەڕێوە ببات، لە ئەنجامدا بووم بە خاوەنی چێشتخانەیەكی خنجیلانەی كوردەواری، ستافەكەشم هەمووی ئافرەتن و لە ئێستادا لە چێشتخانەكەمدا دەرفەتی كارم بۆ سێ خانمی دیكە ڕەخساندووە، بە شانازییەوە چەند مانگێكە چێشتخانەكەم كردووەتەوە و لە پێشوازیی میوانە بەڕێزەكانداین».
سەبارەت بە پاڵنەركانیشی بۆ كاركردن گوتی: «هاوسەر و منداڵەكانم هاندەرێكی سەرەكیی من بوون، تاوەكو ئەو چێشتخانەیە بكەمەوە، لە كاروباری ناو چێشتخانەكەش زۆر هاوكارمن، ئەگەر پاڵپشتی و هاوكاریی ئەوان نەبوایە، بێگومان نەمدەتوانی ببمە خاوەنی ئەو پڕۆژەیە. كارەكەشم زۆر خۆش دەوێت، بەیانیان سەعات هەشت بە دڵێكی خۆش دێم بۆ چێشتخانەكە و بە ناوی خوا دەست بە كارەكانم دەكەم. ڕۆژانە خواردنی سەرەكیمان بریتییە لە سەروپێ، كفتە، دۆغەوا، كفتەی سوور و كفتەی عەجەم ئامادەیە، هەموو ڕۆژێك ئەو خواردنانە بە فرێشی و بە تازەیی ئامادە دەكەین و بە هیچ شێوەیەك خواردنەكان گەرم ناكەینەوە، تەنانەت كڕیارەكانمان دەتوانن داوای ئەو خواردنانە بكەن كە دەیانەوێت بۆیان ئامادە بكەین، هەروەها شێوازی دیلیڤەریشمان بۆ هەموو سۆران هەیە. تەنانەت بۆ ئێوارانیش دووبارە خواردنەكان بە تازەیی لێ دەنێمەوە».
بەفرین حەسەن سەبارەت بە هێز و توانای خانمان لە كاركردندا دەڵێت: «ئافرەتان هەمیشە و لە هەموو بارودۆخێكدا هەوڵی خۆیانیان داوە و بەردەوام كاریان كردووە و هاوكاریی خانەوادەكانیان كردووە، تەنانەت لە سەردەمی ئێستادا ژمارەیەكی زۆریان لە ماڵەكانی خۆیاندا كاری دروومان و كاری دەستی و جۆراوجۆر دەكەن، من لێرەوە بە ئافرەتان دەڵێم: ئەگەر بەهرەیەكیان هەیە و نایەنە ناو كۆمەڵگە و بە هۆی عەیبە و عورف و عادەت بەهرەكەتان دەرناخەن، ئەوە هەڵەیە و داوا دەكەم، لە چواردیواریی ماڵ بێنە دەرەوە، دیارە قسەی خەڵك قەت كۆتایی نایەت، دەبێت ئافرەتانی بەهرەمەند كار بكەن و چەند ئافرەتیش لەگەڵ خۆیان بهێننە ناو دونیای كار و سەرمایەداری و چەندین ماڵ ئاوەدان بكەنەوە، دیسان بە ئافرەتان دەڵێم: ئێوەش هاوشێوەی ئافرەتانی دونیا دەتوانن كاربكەن و پەرە بە كارەكەتان بدەن و پڕۆژە و خەونەكانتان گەورەتر بكەن، تاوەكو ببنە خاوەن گیرفانی خۆتان، ئێمەی ئافرەتیش مافی كاركردنمان هەیە و كاركردن عەیب نییە بەڵكو سەرفرازییە.»
وەك دوا پەیامیشی گوتی: «ئەمڕۆ بەشێكی زۆری ئافرەتانی كوردستان هاوشێوەی ئافرەتانی دونیا هاتوونەتە ناو مەیدانی كار، بە خۆشحاڵییەوە زۆربەی ئافرەتانی سۆرانیش لە ئێستادا بوونەتە خاوەن كاری خۆیان و لەو بوارەی كە بەهرە و توانایان هەیە، كار دەكەن». ئەم بیرەوەرییەشی گێڕایەوە: «ڕۆژێكیان پیاوێك هاتە چێشتخانەكەمان نانی خوارد، دواتر كە منی بینی، بە سەرسووڕمانەوە پرسیاری كرد: ئەوە تۆ ئافرەتی و چێشتخانە بەڕیوە دەبەیت؟ پرسی هەمووتان ئافرەتن و ئەو چێشتخانەیە بەڕێوە دەبەن؟ پاشان دەستخۆشی لێ كردم و بۆ بەیانی هاوسەرەكەی لەگەڵ خۆی بۆ چێشتخانەكە هێنا، ئەوە بۆ من شانازییەكی گەورەیە و سوپاسی هەموویان دەكەم كە پێشوازییەكی گەرمیان لە خۆم و كارەكەم كردووە، هاندانی ئەوان دڵخۆشم دەكات، تەنانەت هەموو كڕیارەكانم كە دەڕۆن، دەستخۆشیم لێ دەكەن و هیوای بەردەوامیم بۆ دەخوازن».