بنەڤش جزیری:سەركەوتنی ئافرەتی هونەرمەند بەبێ پاڵپشتی ئەستەمە

بنەڤش جزیری:سەركەوتنی ئافرەتی هونەرمەند بەبێ پاڵپشتی ئەستەمە

بنەڤش جزیری ساڵی ١٩٨٨ لە جزیر لەدایكبووە، لە تەمەنێكی زوودا لەگەڵ خانەوادەكەی ڕوویان كردووەتە وڵاتی ئەڵمانیا و لە ڕێگەی خانەوادەكەیەوە ڕووی لە بواری هونەر كردووە، كە كاریگەرییەكی زۆریان لە سەری هەبووە، لە تەمەنی ١٤ ساڵیدا گۆرانی گوتووە و تا ئێستاش بەردەوامە، جگە لە ژیانی هونەر و مووزیك بەشداریی لە هەڵبژاردنەكانی شارەوانیی ویستڤاڵیا گۆرونوا كردووە لە وڵاتی ئەڵمانیا و دەنگێكی زۆری بەدەست هێناوە.

بنەڤش جزیری بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.

* هاتنت بۆ نێو بواری گۆرانی و موزیك چۆن بوو؟

- پەیوەندیی من و هونەر دەگەڕێتەوە بۆ پەیوەندیی خێزانیمان لەگەڵ هونەر، من لە خێزانێكی هونەردۆستدا پەروەردە بووم، دایكم و باوكم دەنگیان زۆر خۆش بوو، ئەمەش كاریگەریی زۆری لەسەر من هەبوو، لە تەمەنی چواردە ساڵییەوە دەستم بە گۆرانیگوتن كردووە، بەڵام ئەو كاتە بە شێوەیەكی پرۆفیشناڵ نەبوو، خاڵی باوكم (عەلێی مستەفا) و كوڕێكی بەناوی (عەسكەر جزیری) گۆرانیبێژ و لاوكبێژی بەناوبانگ بوون لە جزیری، بەردەوام گۆرانیی فۆلكلۆرییان دەگوت، ئەوانیش كاریگەریی زۆریان لەسەر من هەبوو، چوار ساڵ پێش ئێستا بە شێوەیەكی پرۆفیشناڵ دەستم بە گۆرانیگوتن كرد، لەگەڵ هونەرمەند سەید پێرەنجك دوو گۆرانیم گوت بە ناوی (باز و كەڤوكێ).

* ڕەوشی هونەری كوردی لە باكووری كوردستان چۆن دەبینیت؟

- بە شێوەیەكی گشتی هونەری كوردی لە باكووری كوردستان پێشكەوتنی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە، ژمارەیەكی زۆری هونەرمەندانی گەنج هەن، كە ئێستا كاری هونەری بە شێوەیەكی زانستی و ئەكادیمی ئەنجام دەدەن، هیوادارم ئەم گەنجانە بەردەوام بن لەسەر ئەو ڕێچكەیە، بۆ ئەوەی هونەر و كلتوور و زمانی كوردی بپارێزین، كە ئەمەش ئەركی ئێمە هونەرمەندە.

بنەڤش جزیری:سەركەوتنی ئافرەتی هونەرمەند بەبێ پاڵپشتی ئەستەمە

* زۆربەی هونەرمەندانی باكوور گرنگییەكی زۆر بە فۆلكلۆر دەدن، هۆكاری ئەمە چییە؟

- فۆلكلۆری كوردی گەنجینەیەكی ڕەسەن و دەوڵەمەندە پێویستە هونەرمەندانی كورد سوودێكی زۆری لێببینن، من خۆم یەكێكم لە ئەوانەی كە زۆر حەز لە كارە هونەرییە ڕەسەن و فۆلكلۆرییەكان دەكەم و هەوڵ دەدەم زیاتر پەرەیان پێ بدەم، لە نێوان هونەرمەندە گەورەكاندا زۆر حەز بە دەنگی محەمەد عارف جزیری و عەسكەر جزیری و حەسەن جزیری و محمد شێخۆ و ژمارەیەكی زۆری هونەرمەندانی دیكە دەكەم.

* چی بكرێت بۆ پاراستنی فۆلكلۆری ڕەسەنی كوردی؟

- پێویستە هونەرمەندە گەورە و بە ئەزموونەكان هەوڵ بدەن ئەم گەنجینەیە زیندوو بكەنەوە و لە لەناوچوون بیپارێزن، هەروەها وا بكەن كە هونەرمەندە گەنجەكانیش زیاتر گرنگیی پێ بدەن، چونكە ئەگەر ئێمە فۆلكلۆرەكەمان بەهێزتر و پارێزراوتر بێت دەتوانین كاری جوانتر و پێشكەوتووتر ئەنجام بدەین، لە هەمان كاتدا پێویستە لە سەردەمی ئێستاشمان دانەبڕێین و بەردەوام بین لە پێشكەشكردنی كاری نوێ و مۆدێرن.

* ژەنینی ئامێری مووزیك بۆ هونەرمەند تا چەند گرنگە؟

- بێگومان پێویستە هونەرمەندی گۆرانیبێژ شارەزاییەكی باشی لە ئامێرە موزیكییەكان هەبێت و بە لایەنی كەمەوە بتوانێت یەكێك لە ئامێرە سەرەكییەكان بژەنێت، من خۆم یەكێكم لەوانەی كە بەداخەوە نەمتوانیوە تا ئێستا ئامێرێك بژەنم، بەڵام زۆر حەز لە گیتار دەكەم و بە هەموو شێوەیەك هەوڵ دەدەم لە داهاتوودا بتوانم گیتار بژەنم، چونكە ئەمە یارمەتیدەرم دەبێت بۆ پێشخستنی كارە هونەرییەكانم.

* كێ زیاتر هاندەرت بووە بۆ ئەوەی بێیتە ناو جیهانی گۆرانی و بەردەوام بیت لە گۆرانیگوتن؟

- بە دڵنیاییەوە دەڵێم باوكم هاندەر و پاڵپشتی یەكەم و سەرەكیم بووە، ئەو هەم لە بواری هەڵبژاردنی تێكست و ئاواز و چۆنیەتی گوتنی گۆرانییەكان یارمەتیم دەدات، هەمیش وەك باوك پاڵپشتێكی سەرەكیمە لە ڕووی ماددی و مەعنەوییەوە و، بە هەموو شێوەیەك هانم دەدا كە بەردەوامم لەو بوارە، بۆیە پاڵپشتی و هاندەری سەرەكیم باوكم بووە و لێرەدا زۆر سوپاسی دەكەم.

* گرووپە هونەرییەكان لە باكووری كوردستان و لە بەشەكانی دیكەی كوردستان چ ڕۆڵێكیان هەبووە لە پێشخستنی هونەری كوردی؟

- ڕۆڵیان زۆر كاریگەر و بەرچاوە، بۆیە شایەنی ڕێز و تەقدیرن، چونكە ئەو گرووپە هونەرییانە كار و خەباتێكی زۆریان كرد لەپێناو پاراستنی هونەری كوردیدا، بەتایبەتی هونەری فۆلكلۆری ڕەسەن و پاراستنی لە فەوتان و لە لەناوچوون، ئەوان لە سەردەمێكدا كاریان كرد، كە بووە هۆكاری ئەوەی چەندین هونەرمەندی گەنج و لاو پەیوەندییان پێوە بكەن و، خۆشەویستیی هونەر و زمانی كوردی لە دڵی ئەواندا چەكەرە بكات و بەردەوام بن.

* وەك خانمە هونەرمەندێك ژیانی هونەرمەندان چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟

- ژیان بە گشتی سەختی و ئاڵۆزیی تێدایە، بەڵام بۆ هونەرمەندی كوردی و بەتایبەتی بۆ ئافرەتان، سەختی و ئاڵۆزییەكان زیاترن لە ڕووی كۆمەڵایەتی و سیاسی و خێزانەوە، ئیتر هونەرمەندی كورد بەتایبەتی ئافرەت، ژیانێكی سەخت دەگوزەرێنێت، لە هەمان كاتدا كەسانێكیش هەن كە یارمەتیدەر و پاڵپشتن بۆ سەركەوتنی ئەو ئافرەتە هونەرمەندانە، بەتایبەتی خانەوادە، من یەكێكم لەوانەی كە خانەوادەكەم پاڵپشتی هەرە سەرەكیم بوون بۆ بەردەوام بوون لە كاری هونەری.

 من سۆشیال میدیا بەكار دەهێنم، بەڵام تەنیا بۆ ڕاپەڕاندنی كارە هونەرییەكان و بەردەوامبوونی پەیوەندی لەگەڵ كەسانی تایبەت بە بواری هونەری، لە هەمان كاتدا لەگەڵ جەماوەرەكەم، بۆیە هەفتانە كاتێك تەرخان دەكەم بۆ سۆشیال میدیا.

Top