پڕۆفیسۆر هوشەنگ ئەمیرئەحمەدی بۆ گوڵان:   ئێران و سعودیە دەیانەوێت بارگرژییەكی سنووردار و كۆنتڕۆڵكراو لە نێوانیاندا هەبێت

پڕۆفیسۆر هوشەنگ ئەمیرئەحمەدی بۆ گوڵان:     ئێران و سعودیە  دەیانەوێت بارگرژییەكی سنووردار و كۆنتڕۆڵكراو لە نێوانیاندا هەبێت

 

 

هوشەنگ ئەمیر ئەحمەدی، پڕۆفیسۆرە لە سكوڵی ئیدوارد بلاوستین بۆ پلاندان و سیاسەتی گشتی لە زانكۆی ڕوتگێرز، وانەبێژی چەند بوارێكی گرنگە، وەك داڕشتن و گەڵاڵەكردنی سیاسەتی گشتی و پەرەپێدانی ئابووریی نێودەوڵەتی. هەروەها بەڕێوەبەری سەنتەری دیراساتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە هەمان زانكۆ، دامەزرێنەر و سەرۆكی ئەنجومەنی ئەمریكی-ئێرانییە، كە ئەنجومەنێكە بایەخ بە پەرەپێدانی گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن دەدات لە نێوان هەردوو گەلی ئەمریكی و ئێرانیدا. هەروەها دامەزرێنەری سەنتەری شیكاری و توێژینەوەی ئێرانی بووە و، بۆ چەندین ساڵ بەڕێوەبەری ئەو سەنتەرە بووە. پڕۆفیسۆر ئەمیر ئەحمەدی كاندیدی هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ئێران بووە لە ساڵی 2005دا، بەڵام كاندیدبوونی لەلایەن «شورای نگهبان»ـەوە ڕەت كرایەوە. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێ كرد، كە پەیوەستن بوون بە پەیوەندییەكانی نێوان عەرەبستانی سعودیە و كۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەگەری بەردەوامبوون و سەركەوتنی ڕێككەوتنی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ئەم دوو وڵاتە و چەند پەرەسەندن و پێشهاتی دیكەی پەیوەندیدار، وەك دروستكردنی ڕێڕەوێكی بازرگانی لە هیندستانەوە بۆ ئیمارات و سعودیە و لەوێوە بۆ ئیسرائیل و دواتر بۆ ئەوروپا.

 

 

 

* ئاشكرایە كە لە ئێستادا دۆخی ناوچەكە لە بارێكی نالەبار و سەختدایە، بەڵام ئەگەر ئێمە لە دۆخی پێش ڕووداوەكانی ئەم دواییە بڕوانین، ئەوا هەندێ بەرەوپێشچوونی ئەرێنی لە ئارادا بوون و ڕوویان دەدا، بۆ نموونە خاوكردنەوەی بارگرژییەكانی نێوان ئێران و سعودیە و ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكانی هەردوولا، سەرەتا دەمانەوێت بپرسین ئایا ئەم ئاساییبوونەوەیە بۆچی ڕووی داوە و ئایا بەردەوام دەبێت؟

- من دەمەوێت لەوە دەست پێبكەم، كە هۆكاری هاتنەئارای ئەم بەرەوپێشچوونانە ئەوە بوو كە سیاسەتی دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران بریتی بوو لە خاوكردنەوەی بارگرژییەكان، نەك هێنانەئارای ئاشتی، واتە دۆخی نە شەڕ و نە ئاشتی، كە دەبێت ئاشتبوونەوەی نێوان سعودیە و ئێران لەم سیاق و هەلومەرجەدا بخوێندرێتەوە و لەبەرچاو بگیرێت، كە خواستی هەردوولا -بەتایبەتی ئێران- بریتی بوو لە كەمكردنەوەی بارگرژییەكان، نەك بەدیهێنانی ئاشتییەك كە هەموو ئاستەكان بگرێتەوە. چونكە هەردوولا ئەوە ڕاستییەیان لەبەرچاوە كە كێشە و ناكۆكییەكانی نێوان سعودیە و ئێران و جیهانی عەرەبی و ئێران بە چەشنێكە كە تەنیا دەتوانرێت پەیوەندییەكان تا ئاستێكی دیاریكراو پەرەیان پێ بدرێت. لەوەش زیاتر كێشەكان تەنیا پەیوەست نین بە ئێران و جیهانی عەرەبی و عەرەبستانی سعودیەوە، بەڵام پەیوەستن بە ئیسرائیل و بە وڵاتانی ئەوروپا و بە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاشەوە، واتە دەبێت لەم ڕووەوە ئێمە وێنە گەورەكە لەبەرچاو بگرین. با ڕوونتر ئەمە بڵێم، من پێم وایە پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ئاسایی نابێتەوە، تاوەكو كۆتایی بە بارودۆخی «نە شەڕ نە ئاشتی» لە نێوان ئێران و ئەمریكا و ئێران و ئیسرائیل نەیەت، پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و وڵاتە عەرەبییەكانیش لە سنوورێكی دیاریكراودا دەمێنێتەوە. واتە پەیوەندیی نێوان عەرەب و ئێرانیش نە شەڕ نە ئاشتی دەبێت و پەرە ناسێنێت بەرەو ئاشتییەك كە هاوكاری لەخۆ بگرێت و بوار و ڕەهەندی دیكەی ئابووری بگرێتەوە. كەواتە ئەگەر وەڵامەكە پوخت بكەمەوە، ئەوا پەیوەندییەكانی نێوان سعودیە و ئێران لە مەودایەكی سنوورداردا و لە چوارچێوەی خاوكردنەوەی گرژییەكاندا دەمێنێتەوە، نەك سەربكێشێت بۆ پەیوەندییەكی جددی كە بەرژەوەندیی هەردوولای لێ بكەوێتەوە.

* كەواتە ئێوە بە گومانن لە سەركەوتن و بەردەوامبوونی ئەم ئاشتبوونەوەی نێوان سعودیە و ئێران؟

- هەروەك ئاماژەم پێ كرد، ئێران دەیەوێت دۆخی «نە شەڕ نە ئاشتی» درێژە پێ بدات لەگەڵ سعودیە، واتە گرژییەكان لە ئاستێكی كەم و نزمدا بهێڵێتەوە. بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە كە عەرەبستانی سعودیەش خوازیاری ئەوە نییە بارگرژییەكان بەرەو هەڵكشان ببات و كێشە و تەنگژەی زیاتر بخوڵقێت، لەم ڕووەوە سعودیەش دەیەوێت بارگرژییەكی سنووردار و كۆنتڕۆڵكراوی لەگەڵ ئێراندا هەبێت. كەواتە ئێران و سعودیە لەم ڕووەوە هەمان تێڕوانین و خواستیان هەیە لە ئاست یەكتردا. بەڵام پێم وایە ئەم خواستە زیاتر لای ئێران بەدی دەكرێت، چونكە سعودیە لە بارێكی باشتردایە بە بەراورد بە ئێران، ئەویش بە هۆی ئەوەی سعودیە پەیوەندی لەگەڵ نزیكەی سەرجەم وڵاتانی جیهان هەیە و لەلایەن یەكێتیی ئەوروپا، یان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە ڕووبەڕووی گۆشەگیری نەكراوەتەوە.

* كەواتە ناكرێت چاوەڕوانی ئەوە بكەین كە ئەم لێك نزیكبوونەوەی ئێران و سعودیە ببێتە هۆی هێنانەئارای گۆڕانكاریی بنەڕەتی و ڕیشەیی لە ناوچەكەدا و بەو پێیە بەرژەوەندییە نەتەوەییەكانی ئەم دوو وڵاتە بەردەوام بەریەك دەكەون و یەك ناگرنەوە؟

- ئەمە ڕاستە، دواتر دەبێت ئەوەش لەبەرچاو بگرین كە جیهانی ڕۆژئاوا خوازیاری ئەوە نییە كە هاوكارییەكی هەمەلایەنە لە نێوان ئێران و جیهانی عەرەبیدا بەدی بێت. دواتر ئێوە لە هەوڵی ئەم دواییە بڕوانن بۆ كردنەوەی ڕێڕەوێكی بازرگانی لە هیندستانەوە بۆ سعودیە و لەوێشەوە بۆ ئیسرائیل و دواتر بۆ ئەوروپا، ئەمە بەرجەستەبوونی ئەوەیە كە خواستێك لە نێو جیهانی عەرەبیدا بەدی ناكرێت بۆ ئاوێتەبوون لەگەڵ ئێراندا، بەڵكو ئەم خواستە لە ئاست ڕۆژئاوادا بوونی هەیە. كە ئەم پرۆژەیەش زیاتر لەلایەن سعودیەوە دارایی بۆ دابین دەكرێت و ئەگەر سعودیە ئەم كارە نەكات، ئەوا سەرناگرێت و ئەنجام نادرێت. كەواتە سعودیە نایەوێت هەنگاوی زیاتر هەڵبگرێت بۆ ئاوێتەبوون لەگەڵ ئێراندا، بەڵكو ئەوەی بەدی دەكرێت، ئەوەیە كە سعودیە دەیەوێت بە ئاراستەی دیكەدا هەنگاو هەڵبگرێت. ئەمەش ئاماژەیەكمان پێ دەدات لە بارەی ئاراستە و ئاقاری پەرەسەندنەكانی داهاتوو لە ناوچەكەدا، كە ئاشكرایە وڵاتانی عەرەبی زیاتر خوازیاری ئەوەن ئاوێتەكاری لەگەڵ ئەوروپا و چین بكەن. بە واتایەكی دیكە سعودیە نایەوێت ئاستی هاوكارییەكانی لەگەڵ ئێراندا زیاتر بكات. چونكە ئەو ڕێڕەوەی باسی دەكەین، نەك هەر خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی ئێران ناكات، بەڵكو زیانیشی پێ دەگەیەنێت. ئەگەر وەڵامەكە پوخت بكەینەوە ئەوا دیدگا و تێڕوانینی سعودیە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوەیە كە ناوچەیەك بێت كە ئەوەندەی دەكرێت، ئێران بەشێك نەبێت لێی و ئاوێتە نەبێت تێیدا.

* ئەی پێت وایە تا چەند ئەم ئاساییبوونەوەی پەیوەندییانەی نێوان عەرەبستانی سعودیە و كۆماری ئیسلامیی ئێران زیان بە پەیوەندییە بەهێزەكانی نێوان سعودیە و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەگەیەنێت؟

- ڕەنگە زیان بە پەیوەندییەكانی نێوان سعودیە و ئەمریكا نەگەیەنێت، ئەوەی بەدی دەكرێت لەم ڕێڕەوە پێشنیاركراوەی ئاماژەمان پێ كرد، ئەوەیە كە زیاتر دەستپێشخەرییەكی سیاسییە و ئامانج لێی سزادانی ئێرانە و ئەو پەیامەی دا بە ئێران كە ناكرێت ئاوێتە بیت و ببیتە بەشێك لە هیچ شتێك لە ناوچەكەدا. كەواتە ئەم هەوڵە، یان گەمە سیاسییەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ئەنجامی دەدات، ئاماژەیە بەوەی چۆن دەیەوێت ئێران بكاتە دەرەوەی هاوكێشەكە.

* ڕێككەوتنی ئێران و سعودیە بە ناوبژیوانی و سەرپەرشتیی چین بوو، كە وا لێك درایەوە، ئەمە ئاماژەیە بە هەڵكشانی دەستڕۆیشتوویی چین لەسەر حیسابی ئەمریكا، بەڵام ئێستا ئێوە ئاماژە بەوە دەكەن، كە ئەمریكا لە ڕێی ئەم هەوڵەیەوە دووبارە دەیەوێت جارێكی دیكە ئێران پەراوێز بخات لە پەرەسەندنەكانی ئەم ناوچەیە، ئایا پێتان وایە دۆخەكە بە چی دەگات؟

- سەرەتا دەبێت ئاماژە بەوە بكەین كە بە دڵنیاییەوە ڕكابەری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە ئێستادا چینە، لە هەمان كاتدا هیندستانیش ڕكابەری چینە، كەواتە پێدەچێت ئەم هاوكارییەی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و هیندستان ئامانج لێی زیانگەیاندن بێت بە چینیش، نەك هەر ئێران. ئێستا جۆرێك لە هاوكاری لە نێوان ڕووسیا و چین و ئێران و كۆریای باكوور هەیە، ئەمەش لە دژی ئەمریكایە. ئەگەر بە گوزارشتێكی دیكە باس لەم پرسە بكەین، ئەوا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەیەوێت كارێك بكات كە عەرەب و عەرەبستانی سعودیە لە هیندستان و ئەوروپا نزیك بكاتەوە، نەك هەنگاو بە ئاراستەی هاوكاریكردن لەگەڵ چین، یان ئێران هەڵبگرن. كەواتە ئەمە گەمەیەكی جیۆپۆلەتیكییە لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە بۆ ئەوەی جیهانی عەرەبی پتر ئاوێتەی هیندستان و ئەوروپا بكات، نەك چین و ئێران.

 

Top