سكارلێت جۆهانسۆن ڕێكاری یاسایی لە دژی زیرەكیی دەستكرد دەگرێتەبەر

سكارلێت جۆهانسۆن ڕێكاری یاسایی لە دژی زیرەكیی دەستكرد دەگرێتەبەر

خانمە ئەكتەری ناسراوی جیهانی سكارلێت جۆهانسۆنی تەمەن 38 ساڵ، ڕێكاری یاسایی دژی ئەپڵیكەیشنێكی زیرەكیی دەستكرد گرتووەتەبەر كە ناو و هاوشێوەكەی ئەوی بەبێ مۆڵەت بەكار هێناوە.

جۆهانسۆن لە ٢٨ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوودا لە ڕیكلامێكی ٢٢ چركەدا دەركەوت، لە پلاتفۆرمی سۆشیال میدیای ئێكس بڵاوكرایەوە، كە پێشتر بە تویتەر ناسرا بوو، لە ڕێگەی ئەپڵیكەیشنێكی زیرەكیی دەستكردەوە و وێنەكەی بەكارهاتووە.

بەپێی هەندێك ڕاپۆرتی هەواڵ، نوێنەرانی سكارلێت پشتڕاستیان كردووەتەوە، كە سكارلێت لە ڕاستیدا وتەبێژی ئەپەكە نییە و پارێزەرەكەی ڕێكاری یاسایی پێویست دەگرێتەبەر. پارێزەری جۆهانسۆن لەم بارەوە دەڵێت: «ئێمە ئەم بابەتانە بە گرنگییەوە وەردەگرین، بە هەموو ڕێگەیەكی یاسایی كە لەبەردەستماندایە، مامەڵەی لەگەڵدا دەكەین».

هەندێك لە ڕاپۆرتەكان ڕوونیان كردەوە ڕیكلامەكە كە ڕاستەوخۆ دوای بڵاوبوونەوەی ون بووە، بە دیمەنێكی پشت پەردەی فیلمی مارڤێڵ سینەماتیك یونیڤەری بلاك ویدۆ دەست پێدەكات و سكارلێت دەردەكەوێت، كە دەڵێت: «چۆنن؟ من سكارلێتم و دەمەوێت لەگەڵم بێن». پاشان لە ڕیكلامەكەدا چەند وێنەی سكارلێت پیشان دەدات كە لەلایەن زیرەكیی دەستكردەوە دروست كراوە و دەنگە ساختەكەش بەردەوام دەبێت لە لاساییكردنی تۆنی دەنگی سكارلێت و پڕوپاگەندە كردن بۆ ئەپەكە.

سكارلێت جۆهانسۆن ڕێكاری یاسایی لە دژی زیرەكیی دەستكرد دەگرێتەبەر

جێگەی ئاماژە بۆكردنە كە لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠٢٣، سكارلێت جۆهانسۆن لەسەر فەرشی سووری ٧٦ـەمین فێستیڤاڵی فیلمی كان، لە یەكەم نمایشی نوێترین فیلمیدا بە ناوی (ئەسترۆید سیتی) بە دیمەنێكی سەرنجڕاكێشەوە درەوشایەوە.

لەو كاتەدا جۆهانسۆن كراسێكی پەمەیی لە براندی پرادا لەبەردا بوو، دیزاینی جلوبەرگەكە زنجیرەیەك گوڵی گەورەی تێدا بوو، سكارلێت ماكیاژێكی گەشاوەی هەڵبژارد بە لێوی (سوور-پرتەقاڵی) و ڕوومەتەكانی گوڵەبەڕۆژە و سێبەری چاوی بریقەدار.

Top