نووسەر و هونەرمەندی دیاری كورد (زاهیر عەبدوڵا) كۆچی دواییكرد
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە ڕێكەوتی 23/11/2024 نووسەر و ئەكتەری دیاری شانۆ هونەرمەند (زاهیر عەبدوڵا) كۆچی دواییكرد,كە ئەم هونەرمەندە كەسایەتییەكی دیاری نێو هونەری و ئەكتەرێكی دیاری شاری هەولێر بووە.
هونەرمەند (زاهیر عەبدوڵا خدر)لە ساڵی 1958 لە گەڕەكی تەیراوەی شاری هەولێر لەدایكبووە,قۆناغەكانی سەرەتایی و ناوەندی هەر لە هەولێر خوێندووەو دواتر چووەتە بەشی كارەبا لە ئامادەیی پیشەسازی هەولێر.
دەستپێكی كاری هونەری ئەم هونەرمەندە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1972 كاتێك بەشداری دەكات لە شانۆگەرییەك بە ناونیشانی (ئەنجامی پووڵپەرستی),هەروەها دواتر بەردەوامی بە كاری هونەری خۆی دەدات و لە دەیان شانۆگەری و فیلمی كوردی بەشداری دەكات كە درامای (هەبوو نەبوو) و (كەونە دەركە) یەك لە بەرهەمە دیارەكانی ئەم هونەرمەندەیە.
هەروەها ئەم زاهیر عەبدوڵا دەستێكی باڵای هەبووە لە بواری نووسین و چیرۆكنووسیدا و خاوەنی ڕۆمانێكی چاپكراوە بە ناونیشانی (ڕەحەتە لوقم) كە نووسین و بڵاوكردنەوەی ئەم ڕۆمانە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2022 دوای خانەنشینبوونی لە ئەركەكەی,هەروەها هەروەها زاهیر عەبدوڵا خاوەنی كتێبێكی مێژووییە بە ناونیشانی (تەیراوە هەر بە پیاسە)كە ئەم كتێبە تایبەت دەربارەی گەڕەكی تەیراوەی نووسیوەو كتێبەكە تایبەتە بە مێژوو و كەسایەتییەكانی گەڕەكی تەیراوە كە باس لە ساڵانی هەشتاكان دەكات.
گوڵان-ئاسۆ كاكەیی