مۆنۆدرامای سەلمە لە نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی شەرم شێخ خەڵاتی بەدەستهێنا
گروپی شانۆیی هەوار كە نوێنەرایەتی هەرێمی كوردستان و عێراق دەكات لە شاری كەركوكەوە گەیشتە وڵاتی میسر و لە نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی شەرم شێخ لە وڵاتی میسر بەشداری كرد.
ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ڕێكەوتی 18/11/2024 گروپی شانۆیی هەوار لە نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی شەرم شێخ مۆنۆدرامای (سەلمە)ی پێشكەش كرد كە ئەم مۆنۆدرامایە بەرهەمێكی هاوبەشی كوردستان و وڵاتی فەرەنسایە و خانمە شانۆكار (هەوار فارس) لە كوردستان و خانمە هونەرمەند(ئۆرێلی ئیمبێرت)لە وڵاتی فەرەنساوە بە شێوەیەكی هاوبەش مۆنۆدراماكەیان پێشكەش كرد.
لە ئەنجامی كۆتایی و بڕیاری لیژنەی دادوەرانی فیستیڤاڵەوە,گروپی شانۆیی هەوار بە مۆنۆدرامای (سەلمە) خەڵاتی باشترین نمایشی متكامل بەدەستهێنا.
مۆنۆدرامای (سەلمە) كە بەرهەمی گروپی شانۆیی هەوارە لە ژمارەیەك فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی بەشداری كردووە و خەڵاتی بەدەستهێناوە,هونەرمەند و شانۆكار (نەژاد نەجم) كاری دەرهێنانی ئەنجامداوەو دكتۆر (دڵشاد مستەفا) دەقی شانۆگەرییەكەی نووسیوە,نەژاد نەجم دەرهێنەری سەلمە توانی ڕێچكەیەكی نوێ تاقی بكاتەوەو فۆرمێكی نوێی شانۆ نیشان بدات,ئەویش بە هەڵبژاردنی ئەكتەرێكی دیكە و زیادكردنی بۆ دوو ئەكتەر لە مۆنۆدراماكەدا,بەڵام بەبێ ئەوەی ڕێسای ئەم جۆرە شانۆییە بشكێت كە هەوار فارس دەقەكەی بە زمانی كوردی و ئۆرێلی ئیمبێرت دەقەكەی بە زمانی ئینگلیزی نمایش دەكەن.
سەلمە زمانحاڵ و كاراكتەری سەرەكی نێو شانۆگەرییەكەیە,ئەم مۆنۆدرامایە چیرۆکەکەی لە راستییەوە وەرگیراوە و پێنج چیرۆکی ئەنفال و دوو چیرۆکی كیمیابارانی هەڵەبجە لەخۆ دەگرێت,سەلمە هاوارێكە بەگوێی جیهاندا و باس لە نەهامەتی و رووداوە یەك بەدوا یەكەكانی گەلی كورد دەكات,هەروەها ئەم مۆنۆدرامایە باس لە چیرۆكی كۆچی گەنجان دەكات كە لەسەر سنووری وڵاتان بەدەستی قاچاخچی و ڕۆژگاری سەختەوە تووشی نەهامەتی و ڕووبەڕووی مەرگ دەبنەوە.
گوڵان-ئاسۆ كاكەیی