كاوە كاوانی بۆ گوڵان: هونەری كوردی گەیشتووەتە ئەو ئاستەی بتوانین بە وڵاتانی دراوسێی ئاشنا بكەین
هونەرمەند كاوە كاوانی خاوەنی دەنگێكی خۆشە و كۆمەڵێك بەرهەمی جوان و ناوازەی پێشكەش كردووە، توانیویەتی جەماوەرێكی باش لە دەوری خۆی كۆ بكاتەوە، ماوەیەكە گەڕاوەتەوە كوردستان و لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ (گوڵان)، باس لەوە دەكات لە پلانیدایە هونەرەكەی لە ڕێگەی لایڤ موزیكەوە پێش بخات.
*بەرهەمی ئەم جارەت بە ناوی دایك بوو، ئایا توانیوتە قەرزی دایك بدەیتەوە؟
-ئێمە هەموومان قەرزداری دایكین، كە گوێت لە وشەی دایك دەبێت، نیشتمانمان بیر دێتەوە، ئەم گۆرانییەشم بۆ خۆم گوتووە، داوا لە خودا دەكەم ئەمجارەش بە دایكم شادم بكاتەوە و وەك منداڵ لە ئامێزم بگرێت. پێشتر گۆرانیم لەسەر هەولێر و كوردستان هەبوو، نەمدەوێرا خۆم لە گۆرانیی دایك بدەم، بەڵام ئەو شیعرە هی «ئەحمەد محەمەدی»یە و زۆرم بەدڵ بوو، بۆیە بەپێویستم زانی بیكەمە گۆرانی و بە ناوی (دایك) بڵاوی بكەمەوە.
*ماوەیەكە لە كوردستانیت، دەتوانین بڵێین بە یەكجاری گەڕایتەوە كوردستان؟
-زۆر حەز دەكەم بە یەكجاری بگەڕێمەوە هەولێر، چونكە هەولێر وەك باوەشی دایك وایە، بەڵام بۆ هاتنەوەم بۆ یەكجاری، مەگەر تەرمەكەم بێتەوە هەولێر، لەبەر ئەوەی هاوسەرەكەم توركە و سێ منداڵمان هەیە و منداڵەكانم لەوێ دەخوێنن، ئەگەر بێمەوە ڕەنگە ژیانیان لێ تێك بچێت، ئەگەرنا زۆر حەز دەكەم بگەڕێمەوە، وەسیەت بێت ئەگەر مردم با لە نیشتمانی خۆم بمنێژن كە كوردستانە.
*جیاوازیی ئێوە و ئەو هونەرمەندانە چییە كە هونەر پیشە و داهاتیانە، ئێوە بە هونەرەكەتان ناژین و هونەرمەندیش هەیە بە هونەرەكەی پارەیەكی خەیاڵیی دەست دەكەوێت؟
-ئەوەی دەڵێت بە هونەر پارەی پەیدا كردووە، بە هونەر پەیدای نەكردووە، 100 هەزار جار لایڤ موزیك بكەیت پارەیەكی خەیاڵی پەیدا ناكەیت، بەڵام زۆرجار هونەر دەتباتە پێش و وادەكات حكومەت یان هەر لایەنێك بێت بە دیداری شاد دەبیت و دەرفەتێكت بۆ دەڕەخسێت كە بازرگانییەك بكەیت، بۆیە ئەوەی ئەو كردوویەتی من حەسوودیی پێ نابەم و پێیشی ناڵێم گەندەڵ، پێویست بەناوهێنانیش ناكات.
*هونەری كوردی گەیشتووەتە ئەو ئاستەی بتوانین بە وڵاتانی دراوسێی ئاشنا بكەین؟
-بەڵێ هونەری كوردی گەیشتووەتە ئەو ئاستەی بتوانین بە وڵاتانی دراوسێی ئاشنا بكەین، من لێرە باسی خۆم دەكەم، لە ڕووی ئاواز و موزیك و هەربابەتێكی دیكە زۆر كەسم پێگەیاندووە، ئێستاش كە هونەر دەكەم بیر لەوە دەكەمەوە كارێك بكەم هەموو وڵاتان گوێمان لێ بگرن، چونكە هیچمان لەوان كەمتر نییە، بەڵكو بگرە زۆر لەوان دەوڵەمەنتریشین، سەیری ئێستا مەكە دوو كەس كردوویانە مۆدێل و بەندبێژن، ئەوە هونەر نییە، هونەرمەندی زۆرباشمان هەیە كاری جوان دەكەن وەك موزیك و شیعر و گۆرانی، بەڵام بەداخەوە ئێستە هاوكێشەكان پێچەوانە بوونەتەوە ئەگەر گوێ بدەیتە موزیكوانەكان دەبینیت لە ڕووی موزیك و ئاوازەوە زۆر جوانتر لە عەرەب و تورك كار دەكەین.
*بە ڕای ئێوە هەژاری بەهرەی مرۆڤ لەناو دەبات، یان ئایا هەژاری كاریگەریی لەسەر خۆت هەبووە؟
-ئەوەی هەژار بێت بەهرەی بۆ دێت، دەوڵەمەند ئاگای لە داهێنان نییە، بەڵام ئەگەر باری دارایی و ئابووریت باش بێت، ئەوا دەتوانیت داهێنان بكەیت، هەژاری هیچ كاریگەرییەكت لێ ناكات، دیسان دەڵێمەوە هەژاری وات لێ دەكات داهێنان بكەیت ئەوجا لەهەر بوارێكدا بێت.
*چۆن بوو تۆش وەك هونەرمەندەكانی دی لە كاتی هەلبژاردنی ئەمجارەدا هیچ گۆرانییەكت بۆ هیچ لایەنێك نەگوت؟
-هونەرمەند هەیە حزبێكی خۆش دەوێت و ڕای دەگەیەنێت و گۆرانیی بەسەردا هەڵدەڵێت، هەموو كەسێك ئازادە گۆرانی بەسەر كێدا هەڵدەڵێت، بەڵام من كوردستانم خۆش دەوێت و چەند بەرپرسێكیش داوایان لێ كردم، بەڵام نەمگوت، ئەگەر بە دەفتەر دۆلاریشم بدەنێ ناتوانم گۆرانی بەسەر لایەنێكی دیاریكراودا بڵێم، چونكە لەم هەڵبژاردنەی ئەمجارەدا لە هەموو حزبەكان دۆستی خۆم هەبوو و خۆیان كاندید كردبوو، بۆیە نەمدەتوانی بانگەشە بۆ هیچ لایەنێك بكەم، منیش لە دڵی خۆم لایەنێكم خۆش دەوێت، بەڵام بانگەشە بۆ پارە و بۆ هیچ شتێك ناكەم، ئەوەی لای من گرنگە كوردستانە.
*بەنیاز نیت بەشداریی لایڤ موزیكەكان بكەیت؟
-بەڵێ بەنیازم لایڤ موزیك بكەم، بەڵام بەو مەرجەی شوێنێكی باش و گونجاو بێت، لایڤ موزیك كارێكی باشە چونكە دەتوانێت لە جەماوەرەكەت نزیك بیت، هونەرمەند ئەوكاتەی خۆشە لەسەر ستەیج بێت و گۆرانی بۆ جەماوەرەكەی بڵێت، بۆ گۆرانیبێژیش گرنگە بە لایڤ گۆرانی بڵێت.
*گۆرانییەكانت ساڕێژی چ برینێكت دەكات؟
گۆرانییەكانم ساڕێژی برینی خۆم دەكات، چونكە یەكەم جار گۆرانییەكە بۆ خۆم دەڵێم، كە لە دڵی دام، ئەوكات هەست دەكەم لە دڵی گوێگریش دەدات.