ڕۆژان فەیزی بۆ گوڵان:پەیداكردنی بژێوی ژیان لە ڕێگەی هونەرەوە زۆر زەحمەتە
خانمە هونەرمەند ڕۆژان فەیزی خەڵكی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە و ئێستا لە ئەمریكا ژیان بەسەر دەبات، لە ساڵی 2004 دەستی بە كاری هونەری كردووە و بە هەردوو زمانی كوردی و فارسی گۆرانی دەڵێت، تا ئێستا خاوەنی چەندین بەرهەمە بەو دوو زمانە، لە دەرفەتێكدا خاتوو ڕۆژان بەم شێوەیە وەڵامی چەند پرسیارێكی گوڵانی دایەوە.
* هۆكاری دووركەوتنەوەت لە گۆڕەپانی هونەر بۆ چی دەگەڕێتەوە؟
- من لە كاری هونەری دانەبڕاوم لە ساڵی ٢٠٠٥ و گەڕانەوەم بۆ ئێران، تووشی هەراسانییەكی زۆر بوومە، بۆیە ناچار بووم وڵات جێبهێڵم، ئەمەش كاریگەریی زۆری لەسەر من هەبوو، بۆیە ڕووم لەو جۆرە گۆرانییانە كردكە دەتوانین پێی بڵێین ناڕازی. ساڵی ٢٠٠٨ گۆرانییەكەم پێشكەش كرد، بەشی دووەمی گۆرانی (مورغی سەحەر) دواتر لە ساڵی ٢٠١٠ گۆرانی (٣٠٠ گوڵی سوور) و لە ساڵی ٢٠١٢ گۆرانی (پەپوولەی ئازادی) دوای ڕەزامەندیی مامۆستا مەزهەری خالقی، دواتر گۆرانیی (ئەفسانەی هەوا) م پێشكەش كرد، كە شیعری ئەفشینی یەدوڵڵاییە، دژی جەنگە لەسەر زاری دایكێك دەگێڕێتەوە كە ئازیزی خۆی لە دەست داوە و، چەندین بەرهەمی دیكە.
* بۆچی بە ژمارە بەرهەمت كەمە؟
- ژمارەی بەرهەمە هونەرییەكان بۆ من گرنگ نییە، بگرنگە ئەوەیە كە ئەو بەرهەمانە لە منەوە نزیك بن و بتوانم پێشكەشیان بكەم، بۆ ئەوەی ڕەسەنایەتیی كوردایەتییان بپارێزرێت، ئامانجم ئاشناكردنی كۆمەڵگەی ئەمریكییە بە هونەری ڕەسەنی كوردی، هەر لەبەر ئەم هۆكارەشە لە زۆربەی ویلایەتەكانی ئەمەریكا كۆنسێرتم ساز كردووە، كۆنسێرتێكم هەبوو لەگەڵ هونەرمەند ئێنور كە خەڵكی باكووری كوردستانە، هەوڵمان داوە لەگەڵ هونەرمەندانی بەشەكانی كوردستان بە زاراوەی جیاجیا گۆرانی پێشكەش بكەین.
* ئایا هونەری شۆڕشگێڕی لە پارچەكانی كوردستان باوی ماوە یان گۆڕانكاریی بەسەردا داهاتووە؟
- بێگومان هەر ستایلێكی نوێی هونەری پەیوەستە بە بارودۆخی كۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووریی كۆمەڵگەوە، هونەر دەچێتە بنج و بنەوانی كۆمەڵگە و ئەو بابەتانەی كە باس ناكرێن هونەر دەیخاتە ڕوو، ئەمەش پەیوەندی بە تاك و بە كۆمەڵگەوە هەیە، بۆ نموونە ئەگەر سەیری ڕووداوەكانی كۆبانێ بكەین، دەبینین لە سەرتاسەری جیهاندا لە ڕێگەی هونەر و مۆسیقاوە پشتیوانی و پشتگیرییان لە خەڵكی كۆبانێ كرد، بە هەمان شێوە بۆ ڕووداوەكانی ئەم دواییەی ڕۆژهەڵاتی كوردستانیش لە سەرتاسەری جیهان، دەنگ و سەدایەكی زۆری هەبوو، من ماوەی سی ساڵە نەمتوانیوە بچمە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، بەڵام ڕۆژانە پەیوەندیم هەیە و دەزانم چی دەگوزەرێت، بۆیە دەبینین دوای ڕووداوەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان وەكو جاران هونەری هەڵپەركێ و سەما باوی نییە، بەڵكو ئێستا زیاتر گۆرانیی خەمگین و گۆرانیی شۆڕشگێڕی لە ناو خەڵكدا باوە، ماوەكانی ڕابردوو تەواوی گۆرانی و مۆسیقای هونەری لە ئێران كەوتە ژێر كاریگەریی ئەو ڕووداوانەی كە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان ڕویان دا، ئێستاش بە هەمان شێوە بەردەوامە لە ڕۆژئاوای كوردستان كە ئێستا بریندارە، بەڵام ئەگەر سەیری باشووری كوردستان بكەی، لەوانەیە تا ڕادەیەك جیاواز بێت و گۆرانی و موسیقای هەڵپەڕكێ لە پێشكەوتندایە و گرنگیی زۆری پێدەدرێ.
* چۆن هونەر پێش دەكەوێت؟
- لە هەر شوێنێك دەسەڵات گرنگی بە هونەر و فەرهەنگی ڕەسەنی میللەتەكەی بدات ئەو كۆمەڵگەیە ڕاستەوخۆ دەكەوێتە ژێر كاریگەری هونەری ڕاستەقینە و لە ژیانی ڕۆژانەیدا ڕەنگ دەداتەوە، ئێمەی هونەرمەندی بە ئەزموون ناتوانین هونەرمەندە گەنجەكان بهێنین و پێیان بڵێین پێویستە بەو شێوەیە كار بكەن كە ئێمە دەمانەوێت، بەڵكو دەبی ڕێی ڕاستیان نیشان بدەین، كە هونەری ڕاستەقینە كامەیە و هونەری ساختەش كامەیە، بۆ ئەوەی هونەری كوردی پێش بخەن و گرنگیی پێ بدەن، ئەو كاتە ئەوان دەزانن كە هونەری كوردی هونەرێكی ڕەسەنە، بەڵام وەك گوتم ناكرێت ئێمە بە زۆر پێیان بڵێین پێویستە واز لە هونەری نوێ و سەردەم و هاوچەرخ بهێنن و تەنیا گرنگی بە هونەر و مۆسیقای كۆن و ڕەسەن بدەن.
ئێستا گەنجەكانمان لەژێر كاریگەری ئەنتەرنێت و سوشیال میدیادان ڕۆژانە جۆرەها موسیقا و گۆرانی دەبیستن، زەحمەتە ئێمە بتوانین لەسەریان فەڕز بكەین كە گرنگی تەنیا بە هونەری ڕاستەقینەی كوردی بدەن، بەڵكو دەبێ ڕێی ڕاستیان نیشان بدەین و ئازادیان بكەین خۆیان كار بكەن و گرنگی بە هونەری كوردی بدەن.
* هونەرمەندی ڕاستەقینە كێیە؟
- هونەرمەندی ڕاستەقینە ئەوەیە كە بزانێت چۆن هونەری ڕەسەنی كوردی وەك خۆی دەپارێزێت و بە نەوەكانی داهاتووی بگەیەنێت، لە هەمان كاتدا هونەری سەردەم و هاوچەرخیش پێشكەش بكات، كە لەگەڵ ڕۆح و سەردەمی ئێستاماندا بگونجێت، لە لایەكی دیكەوە ئەركی حكوومەت و دەسەڵاتیش ئەوەیە كە بەردەوام بە شێوەی بەرنامەداڕێژراو و ڕێكخراو ساڵانە یان بە گوێرەی بەرنامە، فیستیڤاڵ و كۆنسێرت بۆ هونەرمەندان ساز بكات بۆ ئەوەی جۆرێك پێكبەستن لە نێوان هونەری ڕاستەقینە و ڕەسەن و هونەری گەنجەكانماندا هەبێت.
* پێشكەوتنی تەكنۆلۆژیا چ كاریگەرییەكی لەسەر هونەر هەبووە؟
- بە داخەوە بارودۆخەكە زۆر گۆڕاوە، جاران كە گۆرانییەكت تۆمار دەكرد پێویست بوو ژمارەیەكی زۆر موزیسیان بهێنیت، هەر یەكە بە ئامێرێك ئەركەكەی خۆی ئەنجام دەدا و كاریگەریی زۆریان لەسەر جەماوەر هەبوو، بەڵام ئێستا دەبینین بە تەنیا یەك ئامێر، ئەویش ئۆرگێكە، كەسێك دێت كە زۆر شارەزایی لە مۆسیقا نییە و لە ڕووی ئەكادیمییەوە مۆسیقای نەخوێندووە، بە یەك دوگمە هەر مۆسیقایەكت بوێ پێشكەشی دەكا لە هەڵپەڕكێ یان غەمگینی، ئیتر هەموو جۆرە مۆسیقاكان پێشكەش دەكات، نەوەكانی ئێستا كە ئەم جۆرە مۆسیقایە دەبینن كاریگەریی لەسەر فیكر و هزریان دەكات و، وا دەكات كە لە مۆسیقای ڕەسەنی دوور بكەونەوە، وا دەكات كە نەزانن مۆسیقا چییە و ئامێرەكان چین ئیدی شارەزاییان لە مۆسیقا نابێت، ئیتر تەنیا یەك ئۆرگە گوێی لێ دەگرێت و ئەوەی دەیبیستێ وا دەزانێ هەر تەنیا ئەمە مۆسیقای كوردییە، بیهێنە پێش چاوی خۆت، جاران بۆ سازكردنی یەك ئاهەنگ چەند كەسێك دەهاتن هەریەكە بە ئامێرێك كە شارەزایی و پسپۆڕیی لێی هەیە، لەسەر ستەیج دادەنیشتن خەڵك دەیانناسین، بەڵام ئەمە گۆڕاوە پێویستە ئەمە چارەسەر بكرێت ئەگینا نەوەكانی داهاتوومان هیچ زانیاری و پسپۆڕییەكیان دەربارەی مۆسیقای ڕەسەنی كوردی و ئامێرەكان نابێت.
* هونەر دەبێتە هۆی پەیداكردنی بژێوی ژیان بۆ هونەرمەند؟
- من هیچ كات بۆ بژێوی ژیان پشتم بە هونەر نەبەستووە و تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەكم لە كاری هونەری دەست نەكەوتووە، شانازیش دەكەم كە من خۆم لە ئەمریكا كارم كردووە و لە سەر ئەركی خۆم بەرهەمی هونەریم بڵاو كردووەتەوە و پێشكەشم كردووە بە میللەتی كورد، ئێستاش بەردەوام دەبم لەسەر ئەم ڕێچكەیە، لە ماوەی ڕابردوو دوایین كاری خۆم بڵاو كردووە كە بریتی بوو لە (بانگەوازی فرەتان) لە داهاتووشدا بە نیازم لەگەڵ مامۆستا نەجمەی غولامی بەرهەمێكی دی بڵاو بكەمەوە كە كاری مۆسیقای لە كوردستان ئەنجام دراوە و تەواو كراوە، بەرهەمێكی جوانە وبەم زووانە دەست دەكەم بە تۆماركردنی دەنگ و پێشكەش بە جەماوەری خۆم دەكەم لە هەموو پارچەكانی كوردستانی دەكەم.
* میدیای كوردی تا چەند خزمەتی هونەری كوردیی كردووە؟
- سەبارەت بە خۆم باس دەكەم، سەرەڕای ئەوەی چەندین ساڵە لە بواری هونەری كار دەكەم و بەرهەمی هونەری بڵاو دەكەمەوە، بەشداری لە كۆنسێرت و ئاهەنگەكاندا دەكەم، بەڵام میدیای كوردی وەكو پێویست گرنگیی بە كارەكانی من نەداوە و دەتوانم بڵێم پشت گوێیان خوستووە، ئەم بابەتە بۆ منیش مایەی سەرنج و تێڕامان بووە، لە كاتێكدا بەرهەمەكانم لە سەرتاسەری ئەمریكا و لە شوێنەكانی دیكە بڵاو دەكەمەوە، بەڵام گرنگییان پێ نادرێت و پشتگوێ دەخرێن، لێرەوە دەمەوێ ئاماژە بەوە بكەم لە ساڵی ٢٠١٩ كاتێك بوومەلەرزە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە شارەكانی قەسر شیرین و كرماشان ڕووی دا، من لە ڕێگەی دوو ڕیكخراوی ئەمریكییەوە یەكێكیان لەلایەن دكتۆر فەیروزی نادرییەوە سەرپەرشتی دەكرێت، كە یەكێكە لە كارمەندەكانی ناسراوەكانی بواری بۆشایی ئاسمان لە ناسا، هاوكاری وكۆمەكم بۆ خەڵكی ئەو ناوچانە كۆ كردەوە و ناردم، هەروەها خۆیشم لە سان فرانسیسكۆ كە كۆنسێرتێكی تایبەتم ئەنجام دا، داهاتەكەی تایبەت بوو بۆ قوربانیانی ئەم كارەساتە سرووشتییە.