پڕۆفیسۆر ئولریك بروكنەر بۆ گوڵان: شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا پشتبەستنی ئەوروپای بە ئەمریكا بەرجەستەتر كرد  

پڕۆفیسۆر ئولریك بروكنەر بۆ گوڵان:  شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا پشتبەستنی ئەوروپای بە ئەمریكا بەرجەستەتر كرد   

 

ئولریك بروكنەر، پڕۆفیسۆری دیراساتی ئەورووپیە لە زانكۆی ستانفۆرد لە بەرلین. پێشتر مامۆستا بووە لە بەشی زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی بەرلینی ئازاد و وانەبێژ بووە لە زانكۆی فودان لە شانگهای و لە زانكۆی سابانجی لە ئەستەنبول و زانكۆی لیوبلیانا لە سلۆڤینیا. گوڵ0627ن لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێ كرد، كە پتر پەیوەست بوون بە دەرئەنجامی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا لەسەر وڵاتانی ئەوروپا و ئەگەری ئەوەی ئەڵمانیا ڕۆڵێكی پێشەنگ و سەركردایەتی لە نێو یەكێتیی ئەوروپادا بگێڕێت.

 

• شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا بەردەوامە و باس لەوە دەكرێت كە ئەم شەڕە دەرئەنجام و گۆڕانكاریی دیاریكراو بە دوای خۆیدا دەهێنێت، یەكێك لەوانە دووبارە پرسی پشتبەستنی وڵاتانی ئەوروپا بە ئەمریكایە، ئێوە چۆن لەم مەسەلەیە دەڕوانن؟

- ئەمە ڕاستە و بەڵگەش لەسەر ئەم پرسە ئەوەیە كە هەر كەسێك باس لە گرتنەبەری سیاسەت و هەڵوێستێكی سەربەخۆ (سەربەخۆبوون لە پشبەستن بە ئەمریكا) بكات، لەلایەن وڵاتانی ئەوروپاوە، ئەوا ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی ڕەخنە دەبێتەوە. ئەمە ئاماژە بەوە دەكات، كە تا چەند وڵاتانی ئەوروپا پشتبەستوون بە هاوكاری و یارمەتییەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، هەر چۆنێك بێت، تا ئەو كاتەی كە سەرۆكێك لە كۆشكی سپی دەسەڵاتدار بێت كە پاڵپشت و پشتیوانی ئەوروپا بێت، ئەوا ڕەنگە ئەمە كێشەیەكی گەورە نەبێت، ئەگەرچی لە ئێستادا سەرۆكی ئەمریكا هەموو ئەو كارانە ئەنجام نادات كە وڵاتانی ئەوروپا خوازیارن ئەنجامی بدات، واتە هەندێك یاسا و ڕێكار هەن كە دەگیرێنەبەر كە زیان بە ئابووریی ئەوروپا دەگەیەنن، ئەمە لە كاتێكدا ئێمە هاوبەشین لەگەڵ ئەمریكا، كەواتە ئەگەر هاوبەشێك ئەم كارە لەگەڵ ئەوروپادا بكات، ئەوا وێنای ئەوە بكە، ئەگەر كەسێكی وەك ترەمپ دەسەڵات بگرێتەوە دەست، كە هیچ بایەخ بە ئەوروپا نادات، ئایا چۆن مامەڵە لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپادا دەكات؟

• زۆرجار باس لەوە دەكرێت كە دەبێت لە ئایندەدا ئەڵمانیا ڕۆڵێكی پێشەنگ بگێڕێت لە بواری دەستەبەركردن و زامنكردنی ئاسایشی ئەوروپا و دەربازكردنی لەم قەیرانەی تێی كەتووە، كە ئاشكرایە هەر خودی ئەڵمانیاش گۆڕانكاری لە سیاسەتی خۆیدا كردووە، بۆ نموونە لە بواری بەرگریدا و خەرجییە سەربازییەكانی زیاتر كردووە، ئێوە ئەم پرسە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

- لە ڕاستیدا زۆر كەس پێشبینی ئەوە دەكەن كە ئەڵمانیا ڕۆڵی سەرەكی هەبێت لەم ڕووەوە، بە حوكمی ئەوەی ئەڵمانیا گەورەترین ئابووری هەیە لە نێو ئەوروپادا و وڵاتێكی پابەندی نێو یەكێتیی ئەوروپایە. ئەو حكومەتەی لە ئێستادا لە ئەڵمانیا دەست بە كارە دیدگا و تێڕوانینی خۆی هەیە بۆ ئایندەی ئەوروپا، كە ئامانجەكەیان بریتییە لە هێنانەئارای دەوڵەتێكی فیدڕاڵی لە ئەوروپادا، واتە دەیانەوێت هەوڵ و هەنگاوەكانی ئاوێتەبوونی ئەوروپا تەواو بكەن، لە ڕێی هێنانەئارای ئاڵوگۆڕ بەسەر ئەوروپادا، بە چەشنێك كە بە قازانج و سوودی ئەڵمانیاش بشكێتەوە. هەروەها ئەمە لە ڕوانگەی ئەزموونی خودی ئەڵمانیاوە داڕێژدراوە، كە ئەزموونێكی فیدڕاڵی سەركەوتوو هەیە لەم وڵاتەدا، و لەم ڕوەوە خواستی بە فیدڕاڵیكردنی یەكێتیی ئەوروپا هەیە. كە ئەڵمانیا یەكێكە لەو وڵاتانەی كە ئەم خواستەی هەیە و پشتیوانی لێ دەكات، بەڵام كێشەكە ئەوەیە كە لە دوای دەستبەكاربوونی ئەم حكومەتەوە لە ئەڵمانیا، ئەوا هیچ هەنگاوێك هەڵنەگیراوە بە ئاراستە و ئاقاری بەفیدڕاڵیكردنی یەكێتیی ئەوروپا لەلایەن هاوپەیمانێتییەكەی نێو حكومەتەوە، ئەوەتا لیبڕاڵییەكان هەڵوێستی ڕەتكردنەوەیان گرتووەتەبەر لە بری ئەوەی ئامادە بن بۆ دووبارە گفتوگۆكردنەوە لەسەر هەڵوێستەكانیان، لەبەر ئەوە نموونەیەكی نەرێنییان بەرجەستە كرد، لە بارەی ئەوەی چۆن دەكرێت سیاسەتی پەیوەست بە هێزەوە بە چەشنێكی خراپ بەكار بهێنرێت. هەرچۆنێك بێت، ئەوەی ئەنجام دەدرێت هەوڵی بچووكە، كە دەبێت لە نزیكەوە لەگەڵ فەڕەنسا هەماهەنگی بۆ بكرێت، چۆن ئەمە پڕۆژەیەكی هاوبەشە، بەڵام هەرچۆنێك بێت، ئێستا كاروبارەكان لەم ڕووەوە وەك پێویست نین و لە ئاست خواست و چاوەڕوانیدا نین. ئەوە بوو ئۆلاف شۆڵتز (ڕاوێژكاری ئەڵمانیا) ڕەتی كردەوە كە پێكەوە لەگەڵ ئیمانۆێڵ ماكرۆن (سەرۆكی فەڕەنسا) سەردانی چین بكەن، واتە ئەو هاوڕا نییە لەگەڵ ماكرۆن لە پەیوەندی بە دەستەبەركردنی سەربەخۆیی ستراتیژی لە ڕووی ئابوورییەوە لە ئەوروپا. لە ڕوانگەی هەموو ئەوانەوە كە ئاماژەم پێ كردن و باسم كردن، ئەوا ئەگەر بە ڕاشكاوی بدوێم، من بە نائومێدییەوە لەو ڕۆڵە دەڕوانم كە وڵاتی ئەڵمانیا پیادەی دەكات. واتە ڕاستە لەسەر ئاستی تاكەكەسی سیاسەتمەدارەكان زۆر باسی ڕۆڵی ئەوروپا دەكەن لە پەیوەندی بە بیركردنەوەی ستراتیژییەوە، بەڵام كاتێك باس دێتەسەر كردار و هەنگاوە عەمەلییەكان، ئەوا هیچ شتێكی بەرجەستە بەدی ناكەین. دواتر ئێوە لە پرسیارەكەتاندا ئاماژەتان بە زیادكردنی بوجەی سەربازی كردووە لەلایەن وڵاتی ئەڵمانیاوە، بەڵام من دەڵێم، سەرباری ئەوە هیچ هەنگاوێك بەدی نەكراوە لەلایەن پێكهاتەكانی حكومەتی ئەم وڵاتەوە بە ئاراستەی بەهێزكردن و پتەوكردنی یەكێتیی ئەوروپا. بە هەڵە لێم تێ مەگەن، من ناڵێم ئەوان دژ بە یەكێتیی ئەوروپان، بەڵكو ئەوەی من بەدی دەكەم و ئەوەی دەمەوێت بیڵێم، ئەوەیە كە ئەوان ڕۆڵێكی سەركردایەتی پیادە ناكەن، ئەگەر كارێك بكرێت لەم ڕووەوە، ئەوا من نازانم ئەوان چ جۆرە سەركردایەتییەك دەكەن و بە كام ئاراستەدا ئەم سەركردایەتییە دەكەن، هەڵبەتە مەبەستم لە پەیوەندی بە هەوڵەكانی بەهێزكردنی یەكێتیی ئەوروپایە، چونكە ئەگەر ڕاوێژكاری ئەڵمانیا (ئۆلاف شۆڵتز) بانگەشەی ئەوە بكات، كە دەبێت دەرفەتی زیاتر بدرێت بەو وڵاتانەی پاڵێوراون بێنە نێو یەكێتیی ئەوروپاوە، پێویستە ڕێ بدەن بە وڵاتانێكی زیاتری ڕۆژئاوای بەڵقان و ناوچەی قەفقاز، ئەوا ئەمە خۆی لە خۆیدا بەو واتایە دێت كە نایانەوێت ئاوێتەبوونی یەكێتیی ئەوروپا قووڵتر و پتەوتر بێت، چونكە ئەگەر ئەو وڵاتانەی ئاماژەیان پێ دەكات، بێنە نێو یەكێتیی ئەوروپاوە، ئەوا دەبێت ئەم یەكێتیە سەرقاڵ بێت بە لەخۆگرتنی ئەم ئەندامە نوێیانەوە و ئەمەش ڕەهەندی فرەیی نێو ئەم یەكێتییە بەرفراوانتر دەكات، ئەم بەرفراوانبوونەش سەردەكێشێت بۆ دواخستنی پرۆسەی پتەوكردنی ئەو دامەزراوانەی یەكێتیی ئەوروپا كە لە ئارادان.

 

Top