له‌ كوێی په‌روه‌رده‌داین ؟

له‌ كوێی په‌روه‌رده‌داین ؟

په‌روه‌رده‌ هه‌م له‌ناو خێزان و هه‌م له‌ قوتابخانه‌شدا بەر له‌ فێركردن هه‌نگاوی بۆ ده‌نرێ، له‌ ده‌سپێكی ده‌وامی باخچه‌ و قوتابخانه‌ پێویسته‌ مامۆستا خۆی له‌گه‌ڵ سرووشتی منداڵ و قوتابی بگونجێنێ و خۆی به‌ كه‌سی نزیكیان دابنێ و هه‌ست و سۆزی په‌روه‌رده‌ییان به‌سه‌ردا ببارێنێ، وه‌ك دایك وباوك و خوشك و برا بۆ ئه‌وه‌ی هه‌م قوتابی به‌ كه‌سی خۆیانی بزانن و ئاره‌زووشیان بۆ ژینگه‌ی قوتابخانه‌ هه‌بێت، تا قوتابی هه‌ست به‌وه‌ بكات كه‌ ئه‌و شوێنه‌ به‌ڕاستی ماڵی دووه‌می خۆیانه‌. تا به‌ حه‌ز و ئاره‌زوویه‌كی زۆره‌وه‌ هه‌نگاو به‌ره‌و قوتابخانه‌ بهاوێژن؛ و چۆن رێنمایی دایك و باوكیان وه‌رده‌گرن به‌هه‌مان شێوه‌ رێنمایی گوێ له‌ ئامۆژگارییه‌كانی مامۆستاكانیان بگرن.
زۆرجار قوتابی لاسایی مامۆستاكانیان ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌كاتی له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌كانیان یان خوشك و براكانیانن، بۆیه‌ پێویسته‌ به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌ و مامۆستایانیش له‌ رێنماییكردن و په‌روه‌رده‌كردنی خۆیان به‌ كردار بسه‌لمێنن له‌ كار و چالاكی رۆژانه‌ی خۆیان دا، تا قوتابی رێنماییه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كانیان لێ وه‌ربگرن. له‌ ره‌فتاركردن له‌گه‌ڵ قوتابیان دا، كاتێك ئه‌ركی خۆیان ئاماده‌ نه‌كردووه‌ ... یان ئه‌گه‌ر جووله‌یه‌كی نه‌گونجاوی كرد جا لێدان له‌ هاوڕێیه‌كی یان هه‌ر ره‌فتارێكی دیكه‌ی نه‌خوزراو، یان له‌ گۆڕه‌پانی قوتابخانه‌ به‌ر قوتابیه‌ك كه‌وت ئازاریان پێگه‌یشت ... به‌شێوازێكی هێمن و له‌سه‌رخۆ به‌ وشه‌ی جوان رێنماییان بكات تافێری هێمنی و ئارامی و لێبورده‌یی ببن.
پێویسته‌ له‌ پاڵ راگرتنی پۆل یا گۆڕه‌پان و باخچه‌ی قوتابخانه‌ مامۆستا خۆی ده‌ستپێشخه‌ر بێت، كاتێك كاغه‌زێك له‌سه‌ر زه‌وی كه‌وتووه‌ مامۆستا هه‌ڵیبگرێته‌وه‌، تا ئه‌گه‌ر قوتابی خۆیشی فڕێی دابێ جارێكی دیكه‌ فڕێی نادات و هه‌ر له‌گه‌ڵ مامۆستا ده‌ست به‌ كۆكردنه‌وه‌ی ده‌كات و ده‌بێ به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌ خۆی سه‌رقافڵه‌ی ئه‌و كاره‌ بێت. به‌رده‌وام رۆژانه‌ ئه‌و كاره‌ ئه‌نجام بده‌ن به‌وشێوه‌یه‌ قوتابی له‌ ماڵ و قوتابخانه‌دا خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌و سرووشته‌ راده‌هێنێت و هیچ كاتێك شت فڕێ نادات یه‌كسه‌ر ده‌یخاته‌ ناو سه‌به‌ته‌ی خۆڵ، مامۆستا ده‌بێت هه‌میشه‌ به‌ چه‌پله‌ و ستایش كردن هانده‌ریان بێت و پاداشتیان بكات، هه‌م بۆ پاكوخاوێنی خۆیان و بۆ ژینگه‌ی قوتابخانه‌ و گرینگی به‌ جلوبه‌رگ و ئه‌نجامدانی ره‌فتاری جوان و رێزگرتن له‌ گه‌وره‌ و به‌زه‌یی هاتنه‌وه‌ به‌ بچووك و ئاگاداربوون له‌ قوتابی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت و رێنماییان بكه‌ی به‌وه‌ی قوتابی زیره‌ك و ئاست به‌رزه‌كان له‌كاتی هه‌بوونی ده‌رفه‌ت هه‌وڵ له‌گه‌ڵ قوتابی ئاست لاواز بده‌ن. ده‌ستخۆشی له‌ قوتابییه‌ زیره‌كان بكه‌یت و هه‌روه‌ها ده‌ستخۆشی و ستایشی قوتابییه‌ لاوازه‌كانیش بكه‌یت كاتێك هه‌ندێك گۆڕانكاری به‌سه‌ر ئاستیاندا دێت بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر هانیان بدرێن و هه‌وڵی زیاتر بده‌ن تا بگه‌نه‌ قوتابییه‌ ئاست به‌رزه‌كان و زیاتر به‌ره‌و پێشه‌وه‌ بچن.
قوتابی زۆر هه‌ستیاره‌ زۆر به‌ وردی سه‌یری كردار و جووله‌ی مامۆستا ده‌كات و زوو وه‌ری ده‌گرێت، حه‌ز ده‌كات لاساییان بكاته‌وه‌، مامۆستا هه‌رجۆره‌ ره‌فتارێك بكات له‌ ژیانی رۆژانه له‌كاتی وانه‌ گوتنه‌وه‌دا یان له‌كاتی چاودێریكردن. توند و تیژبێت یان نه‌رمونیان، ده‌یه‌وێ ئه‌و كرداره‌ی مامۆستا دووباره‌ بكاته‌وه‌ و خۆی وه‌ك مامۆستا و سه‌ركرده‌ دابنێ، بۆیه‌ مامۆستا ده‌بێ په‌روه‌رده‌كارێكی ته‌واو دروست بكات.
دواتر ئه‌و قوتابییه‌ باشترین هه‌ڵسه‌نگێنه‌ری مامۆستایه‌ به‌ڵام دوای (15 – 20) ساڵ تا ئه‌و كاته‌ باش درك به‌ چاكه‌ و خراپه‌كان ده‌كات، ئه‌وكات ده‌زانێت كام مامۆستا دڵسۆز و كام مامۆستا كه‌مته‌رخه‌م بووه‌، بۆیه‌ كاتێك مامۆستا قوتابی خۆی ده‌بینێته‌وه‌ ده‌زانێت چۆن وانه‌ی به‌ قوتابییه‌كانی گۆتووه‌ته‌وه‌ و وه‌كو پێویست بووه‌ یانیش به‌ پێچه‌وانه‌وه‌.
به‌داخه‌وه‌ رۆژێك قوتابییه‌ك به‌ به‌ڕێوه‌به‌رێكی گوت (تۆ كاتی خۆی هیچت فێر نه‌كردین)، قوتابییه‌كه‌ ئه‌كات ته‌مه‌نی بیست ساڵ ده‌بوو... وازی له‌ خوێندن هێنابوو، هه‌روه‌ها رووی ده‌می له‌ به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌ كرد و پێی گوت: (به‌هۆی تۆوه‌ وازم له‌ قوتابخانه‌ هێنا و له‌ خوێندن دابڕام). به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌ پاساوی ئه‌وه‌ی هێنایه‌وه‌ و به‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ به‌رگری له‌خۆی كرد و گوتی:(كوڕم ئێوه‌ خۆتان ئاره‌زووی ئه‌وه‌ نه‌بوون فێر ببن)، قوتابییه‌كه‌ ئه‌وه‌ی له‌ناخیدا په‌نگی خواردبۆوه‌ زیاتر هه‌ڵیڕشت و پێی گوت:(بۆچی چما فلانه‌ قوتابخانه‌ و فلانه‌ به‌ڕێوه‌به‌ره‌ش له‌و سنووره‌ نه‌بوون بۆ ئه‌وان هه‌موویان خوێندنیان ته‌واو كرد، به‌ڵام تۆ هیچ كاتێك خۆت ماندوو نه‌كرد و وانه‌ت پێ نه‌ده‌گوتینه‌وه‌ و هه‌رجاره‌ و بیانوویه‌كت دهێنایه‌وه‌ ... هه‌میشه‌ پێتده‌گوتین .... بڕۆنه‌ ساحه‌ی و تۆپانێ بكه‌ن، ئاگادارمان نه‌بوویت و شه‌ڕ و كێشه‌شمان هه‌بووایه‌ گوێت پێ نه‌ده‌دا .... ئه‌وسا وامانده‌زانی باشترین مامۆستایت!!). ئه‌و گفتوگۆ و بگره‌ و به‌رده‌یه‌ له‌به‌رده‌می من له‌نێوانی به‌ڕێوه‌به‌ر و قوتابییه‌كه‌ رووی دا، من سه‌رم پێی سوڕما و كه‌چی به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌ به‌ گاڵته‌وه‌ ... وه‌كو وڵامێك و به‌رگری كردن له‌ شكسته‌كانی به‌ قوتابییه‌كه‌ی گوت: (ئاخر ئێوه‌ كه‌رن كه‌ر)؟!.
بۆیه‌ مامۆستا ده‌بێت بیر له‌ داهاتووی نه‌وه‌كان بكاته‌وه‌ و په‌روه‌رده‌كارێكی راسته‌قینه‌ بێت و ره‌چاوی ئه‌وه‌ بكات كاتێك قوتابییه‌كانی خۆی ده‌بینێته‌وه‌ هه‌ست به‌وه‌ بكات كه‌ ئه‌و ئه‌ركه‌ی له‌سه‌ر شانی بووه‌ به‌ راستی و دڵسۆزییه‌وه‌ ئه‌نجامی داوه‌ تا قوتابییه‌كانی شانازی پێ بكه‌ن و سوپاسی بكه‌ن ئه‌وه‌ رێز و سوپاسی راسته‌قینه‌یه‌ كه‌ هه‌ڵقوڵاوی ناخی قوتابییه‌ و زۆر له‌ رێز و سوپاسی سه‌رپه‌رشتیار و به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ كاریگه‌ر و به‌ نرختره‌.
*به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی خه‌بات.

 

 

مه‌عروف حه‌مه‌دسه‌عید*

Top