گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک هیوایەکی دیکە بۆ کەرکووکییەکان
پێشکەشکردنی بارەگای پێشووی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیانی پارتی، لەسەر بڕیار و فەرمانی سەرۆک بارزانی بە زانکۆی کەرکووک، دەنگدانەوەی گەورەی ناوخۆیی و جیهانی بەدواداهات و ئەم هەنگاوە بە هەڵوێستێکی مێژوویی لەپێناو پێکەوەژیان و خواستی هەمیشە ئاشتیانەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پارێزگای کەرکووک لێی ڕوانرا. ئەمڕۆ یەکشەممە بە فەرمی ئەو هەنگاوە بووە کردار و بارەگاکە پێشکەشی زانکۆی کەرکووک کرا، لێرەدا ئەو ڕاستییە بۆ هەموولایەک ڕوون دەبێتەوە کە پارتی بە کردار لەگەڵ خواست و ویست و داخوازیی کەرکووکییەکاندایە و هەرگیز بۆ مەرامی حیزبی یاری بە چارەنووس و داهاتوویان ناکات.
گەڕانەوەی پارتی بە فەرمی بۆ کەرکووک، جۆشدانەوەیەکی گەورەی نەتەوەیی و تەکانێکی نیشتمانی بەهێز دەبێت بۆ هاووڵاتیانی کەرکووک، چوونکە لەماوەی ڕابردوودا غیابی پارتی وەکو حیزب فەراغێکی گەورەی دروستکردبوو، هەرچەندە خەڵکی کەرکووک کە خۆڕسکانە و پەیڕەوبەند بە ڕێبازی بارزانی پارتین هەرگیز پارتی بوونیان نەبەستۆتەوە بە بوونی بارەگا یاخود ڕێکخستنە حیزبییەکان، بەڵام بڕیاری جەریئانەی سەرۆک بارزانی، هێندەی دیکە جەماوەر و لایەنگر و هاووڵاتیانی کەرکووکی دڵخۆشکرد.
وجوودی ڕاستەقینەی پارتی لە کەرکووک هۆکارێکی سەرەکییە بۆ سەقامگیریی و پاراستنی ئاشتی و پێکەوەژیان و ئاشتیانەی نێوان هاووڵاتیانی کەرکووک، لەگەڵ ئەوەشدا، دەبێتە هەنگاوێکی گرنگ و بەهێز بۆ ئاساییکردنەوەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و وەستاندنی زوڵم و ستەمی ناڕەوا بەرامبەر هاووڵاتیان بەتایبەت کاسبکارانی کورد و جووتیاران لە ناوچە کشتووکاڵییەکان.
مەبەستی سەرەکی پارتی لە گەڕانەوەی بۆ کەرکووک لەم قۆناغە چارەنووسساز و هەستیارەدا، سەلماندنی ویستی پارتییە بۆ هەماهەنگی و هاریکاری و نێوان پێکهاتە ئاینی و نەتەوە جیاوازەکان.
دڵخۆشی کەرکووکییەکان بە گەڕانەوەی پارتی بۆ دوو هۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە؛
١- پارتی خۆسەپاندن و فەرزکردنی ئەمری واقع بەسەر کەرکووکییەکاندا ڕەتدەکاتەوە.
٢- گۆڕینی پارێزگای سەپێندراوی شارەکە بە کوردێکی خاوەن متمانە و ڕاستگۆ.