ئاسایشی كەشوهەوا بەشێكە لە ئاسایشی نیشتمانی

ئاسایشی كەشوهەوا بەشێكە  لە ئاسایشی نیشتمانی

 

 

 

ئەو مەترسی و هەڕەشە جۆراوجۆرانەی بەهۆی گۆڕانی كەشوهەواوە ڕووبەڕووی وڵاتانی جیهان بووەتەوە، لە دواجاردا كاریگەرییان لەسەر ئاسایشی نیشتمانییشیان هەیە، چونكە ئاسایشی كەشوهەوا بەشێكە لە ئاسایشی نیشتمانیی هەر وڵاتێك.

ئاسایشی نیشتمانی (ناشناڵ سیكیوریتی) لە سادەترین پێناسەیدا بریتییە لە توانای دەوڵەت بۆ پاراستنی خاك و دەرامەت و بەرژەوەندییەكانی لە هەر هەڕەشەیەكی دەرەكی و ناوخۆیی، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا دەركەوتووە كە هەڕەشەكان لەسەر هەر وڵاتێك تەنیا هێز نین، بەڵكو گۆڕاون بۆ شێوازەكانی سیاسەتكردن و بەكارهێنانی تەكنۆلۆژیا و ئاستی پڕۆسەی فێركردن و قەبارەی ئابووری و هەبوونی داتا و زانیارییە.

ئاسایشی كەشوهەوا بریتییە لە كۆی ئەو هەوڵانەی كە دەدرێن لە نێوان لایەنە ژینگەییەكان و لایەنە سیاسی و سەربازی و ئەمنییەكاندا بۆ زاڵبوون بەسەر كاریگەرییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا و، دۆزینەوەی چارەسەر بۆ كەمكردنەوەی مەترسییەكانی سەر ئاسایشی نیشتمانی لە ڕێگەی بایەخدان بە چەمكی ئاسایشی كەشوهەوا لە ڕێگەی چەند هۆكارێكی وەك ئەم هەنگاوانەی لای خوارەوە:

1- باشتر جێبەجێكردنی ئەو خاڵانەی كە لە نێو ڕێككەوتننامەی پاریسدا هاتوون و، بوونەتە بەشێك لە بەڵگەنامەی پشكداریی نیشتمانیی تایبەت بە گۆڕانی كەشوهەوا وەك پابەندییەكی ئارەزوومەندانەی هەر وڵاتێك.

2- بایەخدانی زیاتر بە ڕاپۆرتی ڕاگەیەندراوی نیشتمانی و نوێكردنەوەی هەر دوو ساڵ جارێكی بەڵگەنامەی پشكداریی نیشتمانیی تایبەت بە گۆڕانی كەشوهەوا لە لایەن هەر وڵاتێكەوە.

3- كاراكردنی دیپلۆماسییەتی ناسراو بە دیپلۆماسییەتی كەشوهەوا كە بایەخدانی سەرەكی دەداتە ئەو دۆزانەی كە پەیوەستن بە گۆڕانی كەشوهەواوە.

4- سوودوەرگرتن لە پابەندبوونە نێودەوڵەتییەكان بۆ بەدەستهێنانی هاوكاریی دارایی و تەكنۆلۆژی بۆ ئەو ناوچانەی كە زیانی زۆریان بەر كەوتووە، بە هۆی كاریگەرییەكانی گۆڕانی كەشوهەواوە.

5- داواكردن لە نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ نواندنی ڕۆڵی زیاتر و كاریگەرتر لە بواری مامەڵەكردن لەگەڵ كاریگەرییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا .

6- یەكخستنی هەوڵەكان لە پێناوی ئاراستەكردن و گواستنەوەی دۆسیەی گۆڕانی كەشوهەوا بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ تێڕوانین لێی وەك باسێكی بەپەلەی جیهانی.

7- كاراكردنی ڕۆڵی سیاسەتمەدار و دروستكارانی بڕیار بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەی سیاسی، چونكە كێشەی گۆڕانی كەشوهەوا لە ئێستادا خەریكە دەگۆڕێت بۆ كێشەیەكی پەیوەند بە ئاسایشەوە.

8- كاراكردنی هاریكاری و هەماهەنگی لە نێوان خودی وەزارەتەكان خۆیاندا لە بارەی گۆڕانی كەشوهەواوە.

9- گۆڕانی كەشوهەوا هۆكارە بۆ وشكەساڵی و كەم خۆراكی و بڵاوبوونەوەی هەژاری، بۆیە پێویستە بەرەنگاربوونەوەی هەژاری بە هەند وەربگیرێت و ئاواش لێی بڕوانرێت كە هۆكاری سەرەكییە بۆ تاوانكاری و ئاژاوە و ناسەقامگیریی سیاسی.

10- بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاریی ژینگەیی لای هاووڵاتیان و دەستپێكردن لە قوتابخانە و زانكۆكان و دامەزراوە پەروەردەییەكانەوە.

11- پاڵپشتیكردنی بەكارهێنەرانی تەكنۆلۆژیای نوێی ئاودێری و كشتوكاڵكردنی زیرەك.

12- گەیشتن بە لێكتێگەیشتنی تەواو لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێ بۆ چارەسەركردنی گرفتە ژینگەییەكان بەگشتی و كێشەی بەشە ئاو بەتایبەتی.

13- پارێزگاریكردن لە داتاو زانیارییەكانی پەیوەست بە گۆڕانی كەشوهەوا وەك زانیارییە گرنگ و نهێنییەكانی دەوڵەت.

14- تاوتوێكردنی زیاتری بەبیابانبوون و ئاسایشی خۆراك لە دیدگەی گۆڕانی كەشوهەواوە.

15- گەشەپێدان بە دارستانەكان و ڕێگەكانی پارێزگاریكردن لێیان لەبەر ڕۆشنایی ئاڵنگارییەكانی پەیوەست بە گۆڕانی كەشوهەوا.

16- توێژینەوەكردن لەبارەی چارەسەرە كورت و مامناوەند و درێژخایەنەكان لە بارەی گۆڕانی كەشوهەواوە.

17- كاراكردنی زیاتری ڕۆڵی زانكۆكان بۆ بەهێزكردنی ئاسایشی ژینگەیی.

18- بەهێزكردنی ڕۆڵی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە بواری ئاسایشی پەیوەست بە كاریگەرییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا.

19- كاراكردنی سیستمی وریاكردنەوەی پێشوەخت وەك ئامادەكارییەك بۆ ئەگەرە جیاجیاكان و ڕووداوەكانی پەیوەند بە گۆڕانی كەشوهەواوە.

20- پشتبەستنی زیاتر بە سەرچاوەكانی وزەی خاوێن و گواستنەوەی ئەزموونی وڵاتان و تەكنۆلۆژیای ژینگەدۆست.

 

Top