مینا سامی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی: پارتی پەرۆشی بەرەوپێشبردنی بەشداری كارای ئافرەتانە لە سەرچاوەی بڕیاردان

مینا سامی  ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی:  پارتی پەرۆشی بەرەوپێشبردنی بەشداری كارای ئافرەتانە لە سەرچاوەی بڕیاردان

 

 

مینا سامی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لە دیدارێكی لەگەڵ گۆڤاری گوڵان باس لە پرسە هەنووكەییەكانی خانمان لە بواری سیاسیدا دەكات و تیشك دەخاتە سەر ئەو ئەرك و بەرپرسیارێتییەی كە ئافرەت لە تێكڕای جومگەكانی بەڕێوەبردندا لە ئەستۆیان گرتووە، جەختیش لەوە دەكاتەوە تا كوردستان لە كەیسی خانمان دەستكەوتی زیاتری هەبێت، ئەوەندە زیاتر لە ڕووی سیاسی و كۆمەڵایەتی گەشە بەخۆیەوە دەبینێت.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

* ئەو خزمەتانە چین كە لەناو ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پێشكەشی هاوڵاتیان بەگشتی و خانمانتان بەتایبەتی كردووە؟

- هیچ پرۆسەیەكی كۆمەڵایەتی و دیموكراسی بەبێ فەراهەمكردنی مافی ئافرەتان بە پرۆسەیەكی كامڵ و دروست هەژمار ناكرێت، ئافرەتان بەشێكی گرنگ و كاریگەرن لە بەرەوپێشخستنی پرۆسەی سیاسی و دیموكراسی لە هەرێم، ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بەپێی یاسای ژمارە (3)ی ساڵی (2009)ی هەمواركراو لە ساڵی (2019) كار دەكات و بەپێی ئەو دەسەڵاتانەی كە پێی دراوە (هەرچەندە بەشێكی زۆری دەسەڵاتەكان بە هەماهەنگییە لەگەڵ پارێزگا و وەزارەتەكان)، بەڵام لە هەمان كاتدا كاری پێشینەی نۆ ساڵمان لەو ئەنجومەنە گەواهیدەری ئەوەیە كە هەندێك یاسای لۆكاڵی و ڕێنمایی باش بۆ ڕێكخستنی كاروباری ڕۆژانەی هاووڵاتیان و بازاڕ و چارەسەركردنی فراوانبوونی گوندەكان و هاوكاریكردنی كەرتی تایبەت و ڕێكخراوەكان، هەر لە بەدواداچوون و كۆڕ و سیمینار و كۆكردنەوەی داتا و زانیاریی پێویست بۆ هەر پێشهاتێك، یان ئاریشەیەك تاكو دەرچوواندنی بڕیار كاری لەسەر كراوە.

بێجگە لەمانە، هەر بابەتێكی دیكە كە ڕووی لە ئەنجومەن كردبێت و پەیوەندی بە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان هەبووبێت، پەیوەندی بە ژیانی خانمانەوەش هەبووە، هەر لە بابەتی كشتوكاڵی و تەندروستی و ژینگە تا دەگاتە شەهیدان و شارەوانی و پەروەردە و ناوخۆ. هەروەها هاوكاری ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی، بەتایبەتی ڕێكخراوەكانی ئافرەتان بووین لە ئاسانكاری لە پێدانی مۆڵەت بۆ چالاكیی كۆمەڵایەتی و سیاسییەكانیان و بەشدار بووین لە پانێڵ و سیمبوزم و دیبەیتە تایبەتەكان بە پرسی ئافرەتان و چۆنیەتیی هەماهەنگیی ئیدارە لە تێپەڕاندنی كارەكانیان و سەرخستنی پرسی ئافرەتان.

* ئایا سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان بەپێی پێویست كاری بۆ پێشخستنی ئافرەتان لە بواری سیاسیدا كردووە؟

- هەڵبەتە پارتی دیموكراتی كوردستان بە پەرۆشە بۆ بەرەوپێشخستنی پرسی ئافرەتان، بەتایبەت بەشداریی فیعلیی خانمان لە سەرچاوەی بڕیاردان كاری جددی كردووە، هەر لە هەڵبژاردنی خاتوو ناهیدەی شێخ سەلام بۆ مەكتەبی سیاسی تاكو دوایین كۆنگرەی پارتیمان بە هەڵبژاردنی خاتوو ئامینە زكری بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی، ئەمەش گەورەترین بەڵگەیە لە بەشداریپێكردنی خانمان لە بڕیاری سیاسی. هەروەها دیدگە و ستراتیژیی بەرەوپێشخستنی ڕۆڵی ئافرەتان لە دامەزراندنی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان خۆی دەبینێتەوە، كە لە (11ی كانوونی یەكەمی 1952) لەسەر فەرمانی ڕێبەری نەمر مەلا مستەفا بارزانی بە مەبەستی بەشداریكرنی ئافرەتان لە خەباتی سیاسی و كۆمەڵایەتی و فەراهەمكردنی یەكسانی دامەزراوە، ئەمەش بە پشتبەستن بەو گرنگییەی جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی بە ڕۆڵی ئافرەتانی دەدات، لەمەڕ هۆشیاری نیشتمانی و هۆشیاركردنەوەی ئافرەتان لە بەرگری لە مافە مەدەنی و سیاسییەكانیان و هەروەها لە پڕۆگرامی پارتی دیموكراتی كوردستان سەبارەت بە پێشخستنی ڕۆڵی ئافرەتان لە گشت بوارەكانی دیموكراسی و سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری.

پارتی سوور بوو لەسەر ئەوەی كە لە هەڵبژاردن ڕێژەی كاندیدەكانی ئافرەتان لە 30% كەمتر نەبێت، هەروەها لە ڕێژەی بەشداریكردنی خانمان لە دواكۆنگرەی ڕێژەی ئافرەتی سەركردە و لەكاتی پێكهێنانی كابینەی وەزاری سوور بوو لەسەر پڕكردنەوەی پۆستی یەكێك لە وەزیرەكان بە خانمێك.

ئەوەی مایەی خۆشحاڵییە بۆ خانمان، ئەوەیە كە دەرگا واڵایە لەبەردەم بەهێزكردنی بەشداریی سیاسیی ئافرەتان لە هەڵبژاردنەكان و بەشدارییان لە بڕیاردان و پێگەیاندنی كادیران بۆ وەرگرتنی پۆستی سەركردایەتی لە دەسەڵاتەكانی جێبەجێكردن لە دامودەزگاكانی پارتی دیموكراتی كورستان.

* لە ئێستادا دۆخی خانمانی كوردستان بەگشتی و ئافرەتانی نێو ڕیزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بەتایبەتی لە چ ئاستێكدایە؟

- دۆخی خانمانی كوردستان بەگشتی و خانمانی ڕیزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بەتایبەتی، پێویستی بە بەرەوپێشچوون و ئامادەكاریی زیاتر هەیە لە سەرجەم ئاستەكان. خانمی كورد لە كۆمەڵگەی كوردەواری ڕۆڵێكی نایابی بووە لە بەڕێوەبردنی ماڵ و كاروباری خانەوادە و هەروەها بەشدار بووە لە كشتوكاڵ و بەڕێوەبردن و سیاسەت و لە سەرجەم ئیمارەتە جیاوازەكانی كوردی لە بەڕێوەبردن و سیاسەت و تەنانەت بواری ئابووری و سەربازی ڕۆڵی خۆی بووە.

پارتی دیموكراتی كوردستان و حكومەتی هەرێمی كوردستان كە سەرقافڵەی بەرەوپێشچوونی دۆزی خانمانە، دەستكراوەتر و سوورتر دەبێت لە جێبەجێكردنی بەرنامە خوازراوەكان لە ئازادی و بەرەوپێشچوون و ڕەخساندنی دەرفەتی یەكسان، بۆیە بەرپرسیاریەتیی پارتی و حكومەت زۆر بەرچاوە بۆ نەهێشتن و كەمكردنەوەی كاریگەریی نەرێنیی كەلتوورە نامۆكان لە كۆمەڵگەی كوردەواری.

* بۆ مسۆگەركردنی داهاتوویەكی باشتر بۆ ئافرەتان، پێویستە كچەكانمان بە چ ئاراستەیەك پەروەردە بكەین؟

- دیارە دۆخی خانمان لەچاو ساڵانی ڕابردوو گۆڕانكاریی زۆر باشی بە خۆیەوە بینیوە، بەتایبەتی لەڕووی بەشداریی سیاسی و كۆمەڵایەتی و تەنانەت لەڕووی ئابووری و دادوەری و پەروەردە و زانستی، بەڵام پێویستە خانمان لەو پرۆسەی بەرەوپێشجوونی دۆزی ئافرەتان ڕۆڵی خۆیان بگێڕن لە پەرەسەندن و دەستەبەری مافەكانی ئافرەتان و هەروەها پاڵپشتیكردن لە ڕۆڵی ئافرەتان بە مەبەستی بەرەوپێشچوونی كۆمەڵگە و گەیشتن بە ئامانجە نەتەوەییەكان، چونكە ناكرێت میللەتێك كار بۆ ئازادی بكات و تیایدا مافەكانی خانمان پارێزراو نەبێت، هەرچەندە كوردستان لە كەیسی خانمان دەستكەوتی زیاتری هەبێت، ئەوەندە زیاتر لە ڕووی سیاسی و كۆمەڵایەتی گەشە بە خۆیەوە دەبینێت.

 

Top