د.سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان:   بۆ چارەسەری ئەم شەڕە ئابوورییەی لەلایەن بەغداوە بە سەرماندا سەپێندراوە تێگەیشتنێكی میدیایی لە كوردستاندا بوونی نییە

د.سالار عوسمان  بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان:     بۆ چارەسەری ئەم شەڕە ئابوورییەی لەلایەن بەغداوە بە سەرماندا سەپێندراوە تێگەیشتنێكی میدیایی لە كوردستاندا بوونی نییە

 

 

د.سالار عوسمان ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە.

لە دەستپێكی دەیەمین ئەڵقەی بازنەی گفتۆگۆ «هەرێمی كوردستان و شەڕی ئابووری»، لە پەیڤێكدا جیا لەوەی زۆر بە گەرمی بە ناوی بازنەی گفتوگۆ و بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە بەخێرهاتنی ئامادەبووانی كرد، لە هەمان كاتدا ئاماژەی بە بیرۆكەی دامەزراندنی بازنەی گفتوگۆ دا، وەك ئۆرگانێكی سەربەخۆ و هاوشانی ئۆرگانەكانی دیكەی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن و، جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، كە بیرۆكەی دامەزراندنی ئەم ئۆرگانە بۆ ئەوە بوو، پلاتفۆرمێكی ئازاد و كراوە بكەینەوە بۆ كۆكردنەوەی بیروبۆچوونە جیاوازەكان لەسەر پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان.

لە بەشێكی دیكەی پەیڤەكەیدایە ئاماژەی بەوە كرد، بازنەی گفتوگۆ هەتا ئێستا 9 گفتوگۆی گرنگی ئەنجام داوە و ئەمە دەیەمین گفتوگۆیە، شێوازی كاركردنی بەو شێوەیە كە هەموو مانگێك ئەم گفتوگۆیانە لە گۆڤاری گوڵان بڵاو دەكەینەوە و هەر شەش مانگ جارێكیش دەیكەینە كتێب بە هەردوو زمانی كوردی و عەرەبی و كتێبەكانیشمان بە دیاری لەبەر دەستتان داناوە.

پاشان لەسەر تایتڵی گفتوگۆكە «هەرێمی كوردستان و شەڕی ئابووری» بەمجۆرە دید و تێڕوانین و بۆچوون و پێشنیارەكانی خستەڕوو.

 

ئەگەر لە ناونیشانی ئەم گفتوگۆیە دەست پێبكەم «هەرێمی كوردستان و شەڕی ئابووری»، وای دەبینم ئەم ناونیشانە بە شێوەیەك لە شێوەكان زۆر گشتییە، لەوانەیە بەو جۆرەش بخوێندرێتەوە كە هەرێمی كوردستانیش بە شێوازێك شەڕی ئابووری لەگەڵ حكومەتی عێراق دەكات، بەڵام ڕاستییەكەی ئەوەیە هەرێمی كوردستان بە چەكی ئابووری شەڕی لەگەڵ دەكرێت و هەرێمی كوردستان شەڕی لەگەڵ هیچ لایەك نییە.

ئەوەی سەرنجم دا، لە گفتوگۆی ئامادەبووانی بەڕێز، هەستم بەوە كرد ئەو ڕەهەندە جیاوازانەی كە بەڕێزان لە ڕوانگەی پسپۆڕی و لێپرسراوەتی و تایبەتمەندیی خۆیانەوە خستیانە ڕوو، جۆرێك لە پرسە سەرەكییەكەی دوور خستینەوە، بەوەی ئایا ئێمە لە بەردەم شەڕێكین كە بەغدا لەگەڵ كوردستانی دەكات، یان پێكەوە لە شەڕداین؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە گرنگە، لەبەر ئەوەی ئێمە دەبێت گەیشتبینە ئەو قەناعەتەی كە بەغدا «شەڕی ئابووری» لەگەڵ كوردستان دەكات، كە گەیشتینە ئەم قەناعەتە، ئەوا دەتوانین گفتوگۆیەك بكەین كە بەرهەمدار بێت و بە ئاكامێك دەچینە دەرەوە كە كۆمەڵێك پێشنیار و ڕاسپاردەی گرنگمان دەست كەوتبێت بۆ ئەوەی هەنگاو بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە هەڵبگرین و ڕووبەڕووی ببینەوە.

 بۆ ئەوەی بگەینە ئەو دەرەنجامە باشە لەم گفتوگۆیە، زۆر گرنگە پرسەكە پۆلێن بكەین و بە پۆلێنكراوی گفتوگۆ لەسەر خاڵەكان بكەین. ئێستا ئێمە لەناو ئەتۆمۆسفیرێكین كە زۆر شتی لەخۆی گرتووە، لەوانە «شەڕی ئابووری، تەفسیری جیاواز بۆ ماددە دەستوورییەكان، پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا، كێشەی نەوت و گاز، ئێستا خەریكە وەبەرهێنان و كۆمپانیاكانیشی دێتە سەر»، هەر بۆیە ئەگەر بە گشتگیری پێكەوە باسی هەموویان بكەین، ئەوا جۆرێك لە ئاڵۆزی دروست دەبێت، كە دواتر نەتوانین پۆلێنیان بكەینەوە.

ئێمە هەرێمێكین لە چوارچێوەی عێراقدا كە هەرێمێكی دەستوورییە و لەو دەستوورەشدا ماف و دەسەڵاتی ئەم هەرێمە دیاری كراوە، ئەو ماف و دەسەڵاتانەش دەستوور دەیانپارێزێت، بۆیە لەم چوارچێوەیەدا هەرێمی كوردستان كێشەیەكی عادیلانەی هەیە و ئەو شەڕانەی بەغدا لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەیكات، كە یەكێكیان شەڕی ئابوورییە، شەڕێكی ناعادیلانەیە.

ئێمە لەم گفتوگۆیە باس لەم شەڕەیان دەكەین كە «شەڕی ئابووری»یە، بۆیە دەبێت پێش هەموو شتێك، هەوڵ بدەین لەم شەڕە تێبگەین و لە خۆمان بپرسین: سەرچاوەكانی تێگەیشتنمان لەم شەڕەدا چییە و بۆچی بەغدا ئەم شەڕە ئابوورییە لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكات؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە زۆر گرنگە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەگەر لە شەڕەكە تێنەگەین، ناتوانین خۆمانی بۆ ئامادە بكەین، بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی ببینەوە.

ئێمە دەزانین حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشانە لەگەڵ بەغدا خەمسارد نەبووە و بەردەوام شاندەكانی حكومەت -كە خۆشبەختانە ئەندامیكی شاندەكە لەم گفتوگۆیە لەگەڵماندایە- سەردانی بەغدایان كردووە و بێگومان لە داهاتووشدا ئەو سەردانانە بەردەوامییان دەبێت، بەڵام بە ڕاستی لامان ڕوون نییە، ئەم شاندانەی حكومەت كە دەچنە بەغدا شاندێكە بۆ ئەوەی ئەم قەیرانە بەڕێوە ببات، یان بە ڕاستی دەیەوێت كێشەكان چارەسەر بكات؟ ئەوەی لامان ڕوونە ئەوەیە كە ئەركی ئەم شاندەی حكومەت كە دەچێتە بەغدا زۆر زۆر قورس و هەمە لایەنەیە، ئەمەش واتە لەیەك كاتدا دانوستاندن لەسەر كۆمەڵێك كێشەی چارەسەرنەكراو دەكات، بەڵام نازانین ڕەوتی بەڕێوەبردن، یان چارەسەركردنی ئەم كێشانە بە كوێ گەیشتوون و ئاستەنگە سەرەكییەكانی ناو ئەم دانوستانە چین؟ بە ڕاستی زۆر گرنگە ئەو بەڕێزانەی ئەندامی شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستانن، دوای هەر سەردانێكیان بۆ بەغدا كە گەڕانەوە بۆ كوردستان سیمینارێك، یان كۆڕێك بكەن، بۆ ئەوەی خەڵكی خۆمان لە ئاستی بەرەوپێشەوەچوونی ئەو دانوستاندانە بزانن، ئەمەش لەبەر ئەوەیە پشتیوانیی خەڵكی كوردستان بۆ هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان زۆر گرنگن و، ئەم پشتیوانییەش كاتێك وەك پێویست دروست دەبێت، كە تێبگەن لەوەی بەغدا بۆچی شەڕی ئابووری و بڕینی قووتی خەڵك لەگەڵ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەكات.

لەم ئاراستەیەوە ئەگەر باسی ڕۆڵی میدیا و سۆشیال میدیای كوردستان بكەین لەم شەڕەدا، وای دەبینم كەرەستەی باشمان لەبەر دەست نییە بۆ ئەوەی بتوانین ئەم شەڕی پێ بكەین، لەمەش زیاتر هیچ تێگەیشتنێكی میدیایی لە كوردستاندا بۆ چارەسەری ئەم شەڕی ئابوورییەی بە سەرماندا سەپێندراوە لەلایەن بەغداوە نابینیم، لەناو سۆشیال میدیادا كە ئێستا لە هەموو هۆیەكانی دیكە زۆر باڵادەستترە، هیچ تێگەیشتنێك بۆ چارەسەركردنی ئەم قەیرانە ئابوورییە گەورەیە نابیندرێت. دەتوانن چاوێك بە میدیا و سۆشیال میدیای خۆماندا بخشێنن، دەبینین بێجگە لە هەندێك بەرنامەی ئابووریی شۆئامێز، چەند ڕستەیەكی سواو و گشتیی ئابووری شتێكی دیكە نابینین، ئەمەش مانای ئەوەیە كەرەستەی پێویست، (داتا و ئامار) لەبەردەستی میدیاكانی كوردستان نییە. هەتا بیخەنەڕوو و بڵاوی بكەنەوە، بۆ ئەوەی خەڵكی كوردستان لە هەقیقەتی كێشەكە تێبگات و بزانێت ئەوە بەغدایە زۆڵم لە خەڵكی كوردستان دەكات.

ئەم واقیعەی ئێستا دەیبینین، پێویستی بەوە هەیە ڕایەڵەیەك، یان ڕاشكاوانەتر بڵێم، هەماهەنگییەك لەنێوان شاندی حكومەت و میدیاكانی كوردستان هەبێت، بۆ ئەوەی میدیا بتوانێت ئەو ژمارە و داتایانەی لە كۆبوونەوەكاندا باس دەكرێن، بە ڕاشكاوی باسی بكەن، بۆ ئەوەی خەڵكی كوردستانیش لێیان ئاگادار بێت.

 

Top