ژیار ئیسماعیل:شانۆ كاریگەریی بنچینەیی لەسەر كۆمەڵگە و ژینگە و شێوازی ژیانی تاك هەیە

ژیار ئیسماعیل:شانۆ كاریگەریی بنچینەیی لەسەر كۆمەڵگە و ژینگە و شێوازی ژیانی تاك هەیە

خانمە هونەرمەند ژیار ئیسماعیل یەكێكە لەو ئەكتەرانەی كە شوێنپەنجەی لە نێو شانۆی كوردیدا دیارە، بەشداریی چەندین شانۆگەریی كردووە، خاوەنی خەڵاتی باشترین ئەكتەری فیستیڤاڵی شانۆی منداڵان بووە لە هەولێر، كارەكانی لە كوردستان و چەند وڵاتێكیش نمایش كراوە، لەم ماوەی دواییدا توانیی بڕوانامەی لە بوارەكەی خۆیدا بەدەست بهێنێت. ئێمە بۆ زیاتر ئاشنا بوون بە كار و چالاكییەكانی ئەم هەڤپەیڤینەمان لەگەڵ سازدا.
هەڤپەیڤین/کامەران حاجی ئەلیاس

* سەرەتا پێمان باشە باس لە چۆنییەتی ئاشنابوونت بە هونەری شانۆ بكەیت ؟
- ناوی تەواوم ژیار ئیسماعیل حەوێزە، ساڵی 1989 لە هەولێر لەدایكبووم، دەرچووی پەیمانگە و كۆلیژی هونەرە جوانەكانی هەولێرم لە بەشی شانۆ/ نواندن، هەڵگری بڕوانامەی ماستەرم لە زانكۆیی سەلاحەددین-هەولێر ساڵی 2022 بە ناونیشانی ( ئەركی پێداگۆجی نوێ لە نمایشی شانۆی منداڵان)، نزیكەی لە 25-30 نمایشی شانۆییدا وەك ئەكتەر بەشداریم كردووە، خەڵاتی باشترین ئەكتەری شانۆی منداڵان پێ دراوە لە فیسڤاڵی شانۆی منداڵان لە هەولێر لە ساڵی 2010، بەشداریی چەندین نمایشی شانۆییم كردووە لە (توركیا، ئێران، سوید، ئەڵمانیا) مامۆستام و لە بەڕێوەبەرایەتیی چالاكیی قوتابخانەكان خزمەت بە جیهانی منداڵان و شانۆی قوتابخانەكان دەكەم، ئاشنا بوونم بە هونەری شانۆ دەگەڕێتەوە بۆ خانەوادەكەم، باوكم لە ساڵی 1952 لە شاری ڕانیە وەك ئەكتەر ڕۆڵی گێراوە، دوو خوشكم دەرچووی شانۆ و ئەكتەری دیارن، ئەمە جگە لە كەسە نزیكەكانی ناو بنەماڵەكەم كە ئەكتەر و شێوەكار و میوزیكژەنی بە توانان، بۆیە ئەو جیهان و ژینگەیەی من تێیدا گەورە بووم، زۆربەیان هونەرمەند بوون، كە بۆ من بوونەتە ڕێنیشاندەر و جێگەی شانازین.

ژیار ئیسماعیل:شانۆ كاریگەریی بنچینەیی لەسەر كۆمەڵگە و ژینگە و شێوازی ژیانی تاك هەیە

* ئێوە لە خێزانێكی هونەرین تاچەند ماڵەوە هۆكار بوون بۆ ئەوەی هونەری شانۆ هەڵبژێرت؟
- كاریگەریی زۆر ئەرێنییان لەسەرم هەبووە، وە دایك و باوك و خوشك وبراكانم هەمیشە پاڵپشت و ڕێنماییكارم بوون و هەمیشە هۆكاری بڕوابەخۆبوون و بەردەوامیی منن، ئەمەش وای كردووە بەردەوام بم و دانەبڕێم و، هەمیشە كارەكەم، پیشەكەم، هونەرەكەم بە بەرزی سەیر بكەم و دڵسۆز بم بۆیان.
* سەرەتا بە هونەری نواندن دەستت پێ كرد، بەڵام بەم دواییانە كاری دەرهێنانیشت كردووە، زیاتر خۆت لە كامەیان دەبینیتەوە؟
- من لە پەیمانگا و كۆلێژی هونەرە جوانەكان پسپۆریی نواندنم تەواو كردوە، هەمیشە داتواناكانی خۆمم لە ئەكتەر و بەرجەستەكردنی ڕۆڵدا بینیوەتەوە، بەڵام هەر لەوە نەمامەوە دەستم بەكاری دەرهێنان كرد بۆ نمایشی شانۆی منداڵان كە لە فیستیڤاڵی چالاكی قوتابخانەكان نمایش كرا بە ناوی (سەمای كچە پەمەییەكان ) هەستم كرد دەتوانم لە دەرهێنانیش سەركەوتوو ببم تا بتوانم زیاترخزمەت بە هونەری شانۆ و نمایش و جیهانی منداڵان بكەم، بەڕای من ئەكتەری سەركەوتوو دەتوانێت ببیـە دەرهێنەر و ڕاهێنەری باش.
* هونەرمەندێكی دیاریكراو هەیە كاریگەریی لەسەرت هەبووبێت؟
- كە گوتمان هونەر، واتە بە هەموو بەشەكانییەوە، بۆیە دەڵێم بەڵێ، هەر هونەرمەندێك هونەرێكی ئاست بەرز پێشكەش بكات، بێگومان كاریگەریی دەبێت و چێ ژلە كارەكانی دەبینم و پێی دڵخۆش دەبم.

ژیار ئیسماعیل:شانۆ كاریگەریی بنچینەیی لەسەر كۆمەڵگە و ژینگە و شێوازی ژیانی تاك هەیە

* وەكو شانۆكارێكی ئەكادیمی لە ئێستادا شانۆی كوردی چۆن دەبینی؟
- شانۆی كوردی خەریكە بەرەو داڕمان و ڕووخان دەچێت، بەتایبەت لە شاری هەولێر كە ئەوەش جێگەی داخە.
* چۆن دەڕوانیتە ڕەخنە و ڕەخنەگری شانۆ لە كوردستان؟
- یەكێك لە گرنگترین ئەو هۆكارانەی كە لە كۆمەڵگەدا لە پێشكەوتن و گۆڕانكاریی ڕیشەییدا دەستی باڵای هەیە، ڕەخنەیە، تا ڕەخنە نەبێت بونیاد پێشكەوتن و گۆڕانكاری نابێت چونكە ڕەخنە ئاراستە و ڕێرەوی ژیان بەرەوپێش دەبات و گۆڕانكاری دروست دەكات، و چارەسەری ئەو كێشانە دەكات كە بووەتە هۆی دەستنیشانكردنی ئەو كەموكوڕییەی لەو ناوەندەدا هەیە، بەڵام ئایا ئێمە لە شانۆی كوردیدا ڕەخنەگرمان هەیە؟ ئایا شانۆكاران ڕۆحی ڕەخنەلێگرتنیان هەیە؟ ئایا تائێستا دەرهێنەرانی كورد و شانۆكار لە حەز و ئارەزووەكانی بینەران شارەزان دەزانن ئەوان چییان دەوێت؟ بێگومان تا ڕادەیەكی زۆر وەڵامەكان نەخێرە، بۆیە ناتوانین نە ڕەخنەگری ئەكادیمی و نە شانۆیەكی باشمان هەبێت، دەتوانم بڵێم ڕەخنەگری شانۆی كوردی بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن.
* تاچەند شانۆ كاریگەریی لەسەر كۆمەڵگە هەیە؟
- هونەر بە گشتی و هونەری شانۆ بەتایبەتی كاریگەریی بنچینەیی لەسەر كۆمەڵگە و ژینگە و شێوازی ژیانی تاك هەیە، شانۆ دەتوانێت گۆرانكاریی ڕیشەیی لە كۆمەڵگەدا بكات و، بەشداربێت لە بەرەوپێشچوونی كایەكانی وڵاتدا، پاراستنی كلتور، بەها كۆمەڵایەتییەكان، هەستكردن بە بەرپرسیاریەتی، هەستی نیشتمانپەروەری، ئەوەی زۆر گرنگە زۆربەی دەروونناسان و پەروەردەناسانی هاوچەرخ دركیان بە ڕۆڵی شانۆ كردووە لە پرۆسەی فێربووندا و، بە ڕێگەیەكی كاریگەر و باش دادەنرێت بۆ پەروەردەكردنی تاكێكی تەندروست لە ناو كۆمەڵگەدا. بۆیە شانۆ هەم ئاوێنەی گەلە، هەم ئاوێتەی گەلە .

Top