دیلما سۆفی بۆ گوڵان: فۆلكلۆر هۆكاری بەردەوامیمە لە بواری هونەری
دیلما سۆفی،خەڵكی شاری كۆبانێی ڕۆژئاوای كوردستانە و كچی هونەرمەند حسێن سۆفییە، لە تەمەنێكی زوودا هاتووەتە ناو جیهانی هونەر و توانیویەتی بە بە شداریكردن لە بەرنامەی كورد ئایدڵ، بەهرەكانی خۆی بخاتە ڕوو، كە توانی بگاتە قۆناغە پێشكەوتووەكان.
لە هەڤپەیڤینێكدا ديلما بەم شێوەیە وەڵامی چەند پرسیارێكی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
* ئاستی هونەری كوردی لە باشوور و ڕۆژئاوای كوردستان چۆن دەبینیت؟
- پێموایە هونەری كوردی لە ڕۆژئاوا و باشووری كوردستان و پارچەكانی دیكەش بەرەوپێش دەچێت، بۆیە دەبینین هونەرمەندی لاو هەن كە هونەری كوردی بە باشترین شێوە پێشكەش دەكەن، بەتایبەت هونەری ڕەسەنی كوردی كە نموونەی پێشكەوتنی هونەری كوردین لەم قۆناغەی مێژووی گەلی كورددا.
* ئەی تا چەند گرنگی بە فۆلكلۆر دەدرێت؟
- هونەرمەندە گەنجەكان پێویستە ڕەسەنایەتیی گۆرانییە كۆنەكانی كوردی بپارێزین، من زۆر حەزم لە پێشكەشكردنی گۆرانییە فۆلكلۆرییەكانە و سەرسامم پێیان، ماوەیەك پێش ئێستا گۆرانییەكی هونەرمەندی گەورە جوان حاجۆم گوتووە، دەمەوێت بەردەوام بم لەم ڕێبازە، لە هەمان كاتدا پارێزگاری لە زیندوویی و ڕۆحی گۆرانییە ڕەسەنەكان بۆ ئەوەی نەوەكانی داهاتوو لەبیریان نەكەن، بۆیە جگە لە گۆرانییە نوێ و مۆدێرنەكان، بەردەوام دەبم لە گۆرانیی فۆلكلۆر و پێشكەشكردنیان بە جەماوەری خۆشەویستم لە هەموو پارچەكانی كوردستان، بە بێ جیاوازی.
* كێ یارمەتیت دەدات لە كارە هونەرییەكانتدا؟
- جگە لە باوكم كە زۆر هاوكاریم دەكات، من لە خێزانێكدا پەروەردە بووم كە هونەری كوردییان خۆش دەوێت، بۆیە هاوكار و پاڵپشتی منن لە هەموو ئەو كارانەی كە پێشكەشی دەكەم، كۆنسێرت بێت یان كلیپی تۆماركردن، بەم شێوەیە هێز و بەردەوامیم لە پشتیوانی خێزانەكەمەوەیە، كە هونەریان خۆش دەوێت و دەتوانم بڵێم خێزانەكەم خێزانێكی هونەرییە.
لە لایەكی دیكەیشەوە هەرچەندە لە تەمەنێكی بچووكدا چوومەتە ناو هونەرەوە، بەڵام كەسانێك هەن كە هاوكارییان كردووم، لەوانە مامۆستامەحموود عەزیز شاكر كە هاوكارم بووە بۆ بەردەوامبوون لە گۆڕەپانی هونەری و پێشكەشكردنی بەرهەمی نوێ.
* بۆچی هەمیشە بە جلی كوردی ڕەسەنەوە دەتبینین؟
- من هونەرمەندێكی كوردم و ڕەسەنایەتیی كوردیم خۆش دەوێت، بۆیە دەمەوێت هونەری كوردی و كلتووری كوردی نمایش بكەم و، گرنگی بە دەركەوتنم بە جلی كوردییەوە لە بۆنە و ئاهەنگ و تەنانەت لە كلیپەكانیشدا بدەم، چونكە شانازی بە كوردبوونمەوە دەكەم.
* ئایا بەرهەمی هونەریی تایبەت بە ئافرەتی كوردتان پێشكەش كردووە؟
- بەداخەوە تا ئێستا هیچ گۆرانی و بەرهەمێكی هونەریم بەتایبەتی بۆ ئافرەتی كورد پێشكەش نەكردووە، هەرچەندە ئافرەتی كورد ڕۆڵێكی سەرەكیی لە ژیان و خەباتی نەتەوەیەتیدا هەبووە و ئێستاش بەردەوامە، پەنا بە خودا لە داهاتوودا بەرهەمی هونەریم دەبێت تایبەت بە قوربانیدانی ئافرەتی كورد بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی و لە پەروەردەكردن و بنیاتنانی كۆمەڵگەی كوردی بە باشترین شێوە.
* پەیوەندیت لەگەڵ تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان چۆنە؟
- تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و سۆشیال میدیا ڕۆڵێكی سەرەكی و كاریگەریان هەیە لە ژیانی هەموو تاكەكاندا، بەتایبەت هونەرمەندان، هونەرمەند هەیە بەرهەمی هونەرییان كەمە، بەڵام لەبەر ئەوەی پشت بە سۆشیال میدیا دەبەستن، دەیانبینین لە ناو خەڵكدا ناوبانگێكی زۆریان پەیدا كردووە.
منیش گرنگیی بە سۆشیال میدیا دەدەم، چونكە ئاسانترین و خێراترین ڕێگەیە بۆ گەیشتن بە جەماوەر و پەیوەندیكردن پێیان، بۆیە بەشێكم لە كاتی خۆم تەرخانكردووە بۆ سۆشیال میدیا.