لارا دزەیی: دایك و باوكم بەو شێوەیە پەروەردەیان كردووم كە باوەڕم بەخۆم هەبێت، ئەوەش كلیلی سەركەوتنەكانمە

لارا دزەیی:  دایك و باوكم بەو شێوەیە پەروەردەیان كردووم كە باوەڕم بەخۆم هەبێت، ئەوەش كلیلی سەركەوتنەكانمە

 

 

لارا دزەیی كچی هونەرمەندی بەناوبانگ هۆمەر دزەییە، خانمە كوردێكی پڕ وزە و چالاكە، دیزاینەری فاشیۆنی كوردییە و ماڵپەڕێكی تایبەت بە دیزاینەكانی خۆی هەیە و تا ئێستا چەندین كۆڵێكشنی سەرنجڕاكێشی كوردی تایبەت بە جلوبەرگی خانمان بڵاو كردووەتەوە. دیزاینەكان دانسقەن و تەژییە لە شكۆ و شانازیی نەتەوەی كورد، بە هەوڵ و ماندووبوون و شەونخوونی توانی لە هەفتەی نمایشی پاریس دیزاینەكانی نمایش بكات. لە دیدارێكدا بە خۆشەویستییەوە باس لە كارە كەلتوورییەكەی بۆ خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان دەكات.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

لارا دزەیی، لە شاری ڤیەننا لە نەمسا لەدایكبووە، لە ئەمریكا گەورە بووە. بڕوانامەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی لە زانكۆی جۆرج مەیسن بەدەستهێناوە، ماوەی 15 ساڵە لە هەولێر ژیان بەسەر دەبات، زمانەكانی كوردی، ئینگلیزی، فارسی، عەرەبی و ئەڵمانی دەزانێت. زیاتر لە 13 ساڵە لە كەرتی نەوت و گازدا كاردەكات. بڕیاری داوە بەهرەكانی دەربخات و جلوبەرگی كوردی بە شێوەی كلاسیك و مۆدێرن دیزاین بكات و بیكاتە بڕاندێكی جیهانی. هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «دیزاینەكانم ڕەنگدانەوە و گوزارشتە لە هەستەكانم بۆ نیشتمانەكەم و ئەوە پێشانی خەڵك دەدەن كە جلی نەریتیی كوردان چەندە جوان و دەوڵەمەندە. بە حوكمی ئەوەی من لە بنەماڵەیەكی هونەردۆست پەروەردە كراوم و هەر لە منداڵییەوە لەناو خوێندنەوەی كتێب و شیعر و گۆرانی ژیام، بە ئازادی گۆش كراوم و دایك و باوكم هاندەرم بوون و پاڵپشتیی زۆریان كردووم، بەتایبەتی لە ماوەی ئەو 15 ساڵەی كە لە كوردستان ژیان دەكەم، ئەوان بەو شێوەیە پەروەردەیان كردووم كە باوەڕم بەخۆم هەبێت».

لە وەڵامی ئەو پرسیارەش كە ئامانجت لە كۆكردنەوە و نمایشكردن و ناساندنی جلوبەرگی ڕەسەنی كوردیی خانمان چییە؟ گوتی: «من خۆم كەسێكی نەتەوەییم و كوردستانم زۆر خۆش دەوێت، لەبەر ئەوە كارەكانم بە خۆشەویستییەوە گرێ داون، كاتێك دەستم بەم پڕۆژەیە كرد، بەڵێنم بە خاك و نەتەوەكەم دا، كە ئەو كەلتوورە جوانەی كە هەمانە بیگەیێنمە هەموو كون و قوژبنێكی ئەم دونیایە و بە هەمووانی بناسێنم، بۆ ئەوەی بڕاندی جلی كوردیی ڕەسەن شانبەشانی بڕاندە جیهانییەكان بدرەوشێتەوە. سوپاس بۆ خوا كەمتر لەو ماوەیەی كە پێشبینیم كردبوو، لە پڕۆژەكەم سەركەوتوو بووم و توانیم لە ماوەی یەك ساڵدا خەونەكەم بكەم بە ڕاستی و دیزاینەكانم لە گۆڤارە بەناوبانگە جیهانییەكان بڵاو كرانەوە. خەونەكەم هاتەدی، بەڕاستی دڵخۆشم كە كەلتووری كوردەواری و دیزایینە ڕەنگینەكانم گەیشتنە سەر شانۆی جیهانی و لە هەفتەی نمایشی پاریس بەشدار بووم».

سەبارەت بە ئامامانجەكانیشی بۆ داهاتووی كارەكەی گوتی: «ئێستا سەرقاڵی ئامادەكردنی كۆڵێكشنی چوارەمم بە ناوی دارستان، كە لەوانی دی زۆر جیاوازتر دەبێت، وەك دەزانن لە ماوەی ڕابردوودا سێ كۆڵێكشنم ئامادە كردووە، ناوی دیزاینەكانم لە چیرۆكی پشت كارەكانم وەردەگرم، كە پڕن لە چیرۆكی ژیانی هەموو خەڵك. دیزاینی دەستووری جلوبەرگی دزەیی بۆ من زۆر گرنگە، چونكە تایبەتە بە بنەماڵەكەم و نامەوێ ون بێت، كەلتووری كوردیشی پێ دەوڵەمەند دەبێت، بە لای منیشەوە زۆر جوانە، چونكە خانمانی كەسوكارمان وێنەیان هەیە بەو جلانەوە، بۆ نەوەكانیان یادێكی دڵخۆشكەرە».

 لارا دزەیی وەك خۆی باسی كرد، لە نیسانی ساڵی 2022 یەكەم كۆلێكشنی بە ناوی ‹خەون› بڵاو كردووەتەوە كە بریتی بوو لە 14 دیزاین. گوتیشی: لە كۆلێكشنی دووەم بە ناوی ‹ئاگر› دیزاینەكانی كۆلێكشنی ‹ئاگر› لە چیای سەفین و بێستانە وێنەكانی گیرابوون و ژمارەیەك مۆدێلی كورد و بیانی تێیدا بەشدار بوون.

 لە نیسانی 2023، دیزاینی ‹دەستووری دزەیی› لە كۆمەڵە دیزاینی نوێی ‹زەریا›م بڵاوكردەوە».

سەبارەت بە كاركردن و هەوڵ و كۆششی ئافرەتی كورد، گوتی: «زۆر دڵخۆشم كە دەبینم لە ئێستادا لە كوردستان ژمارەیەكی زۆری خانمان بە دەست و پەنجە ڕەنگینەكانیان كار دەكەن لەو بوارەی كە حەز و خولیا و بەهرەیان تێیدایە، دەستخۆشییان لێ دەكەم و پێیان دەڵێم بەردەوام بن و كۆڵ مەدەن، چونكە دەستپێكی بەدیهاتنی هەموو خەونێك لە خۆتەوە دەستپێدەكات و دەبێت هەوڵی بۆ بدرێت، من متمانەی تەواوم بە هەوڵەكانیان هەیە، چونكە ئافرەتانی كورد زۆر بەتوانا و بەهێزن. پەندێكی كوردی هەیە دەڵێت (پەشیمانەی كردە باشترە لە پەشیمانەی نەكردە)، من هەمیشە لەسەر ئەو یاسایە دەڕۆم، تەنانەت خوای گەورەش پێمان دەڵێت لە تۆ حەرەكەت لە من بەرەكەت».

Top