زۆیا بۆگوڵان:سەرەڕای ئاستەنگەكان هونەری كوردی لە ڕۆژئاوای كوردستان پێشكەوتووە

زۆیا بۆگوڵان:سەرەڕای ئاستەنگەكان هونەری كوردی لە ڕۆژئاوای كوردستان پێشكەوتووە

زۆیا لە ڕۆژئاوای كوردستان دەستی بە كاری هونەری كرد، سەرەتا زیاتر بە بەرهەمە فۆلكلۆرییەكان ناسرا بوو، دواتر چەند بەرهەمێكی دیكەشی بڵاو كردەوە، ماوەیەك لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێ بوو و چەندین بەرهەمی جیاجیای پێشكەش كرد، دواتر ڕووی لە وڵاتی ئەڵمانیا كرد و ئێستا لەوێ نیشتەجییە و بەردەوامە لە پێشكەشكردنی بەرهەمی هونەری، لە دەرفەتێكدا چەند پرسیارێكمان ئاراستە كرد كە بەم شێوەیە وەڵامی داینەوە.

* ئەو ئاستەنگانە چین كە لە ئەوروپا ڕووبەڕووتان دەبنەوە؟
- یەكێك لە ئاستەنگە گەورەكانی سەر ڕێگەی هونەرمەندانی كورد لە ئەوروپا بریتییە لە نەبوونی گرووپی مۆسیقای پرۆفیشناڵ، كۆكردنەوەی كۆمەڵێك مۆسیقاژەن لە شوێنێك و كاتێكی دیاریكراودا، كارێكی زۆر قورسە بۆ ئەوەی بتوانین پرۆڤەی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی هەر بەرهەمێكی هونەریی نوێ بكەین، بەڵام لە كاتی سازكردنی ئاهەنگە تایبەتەكان و كۆنسێرتەكان كە لە شارەكاندا بەڕێوە دەچن كۆدەبینەوە، مۆسیقاژەنی پیشەگەری كورد لە ئەوروپا ژمارەیان زۆرە، بەڵام هەموویان لە شار و وڵاتێكدا كۆ نەبوونەتەوە، بە گشتی نەبوونی مۆسیقاژەن بە یەكێك لە گەورەترین كێشەكانی ئێستامان دادەنرێت.، چونكە كۆكردنەوەیان لە شارێكی دیاریكراودا پێویستی بە هەوڵێكی ماددی زۆر هەیە كە هونەرمەند ناتوانێت لە ئەستۆی بگرێت.

زۆیا بۆگوڵان:سەرەڕای ئاستەنگەكان هونەری كوردی لە ڕۆژئاوای كوردستان پێشكەوتووە

* سەرەتا بەرهەمەكانت زیاتر فۆلكلۆری بوون، ئێستاش لەسەر هەمان ڕێچكە بەردەوامی؟
- لە ڕاستیدا من فۆلكلۆری ڕەسەنی كوردیم خۆشدەوێت، لە ئەلبوومەكانی پێشوودا بەرهەمی فۆلكلۆریی زۆر هەبوون كە مایەی ڕەزامەندیی جەماوەر بوون و یەكێك بوون لەو هۆكارانەی كە منیان بە جەماور ناساند و سەرنجی ڕاكێشان، لە بەرهەمی داهاتووشمدا چەند گۆرانییەكی فۆلكلۆری پێشكەش دەكەم، دڵنیام كە دەبنە مایەی ڕەزامەندی جەماوەر، چونكە لە زۆر ڕووەوە جیاوازن و زۆر ماندوو بووم لە ئەنجامدانیان، بەڵام لە ئێستادا نامەوێ ئاشكرایان بكەم و ئەم بابەتە بە سوپرایزێك بۆ جەماوەر دەهێڵمەوە.
* ئەو خۆشەویستییەت بۆ فۆلكلۆر لە چییەوە سەری هەڵداوە؟
- ڕاستییەكە ئەوەیە كە من كەسێكم فۆلكلۆرم خۆش دەوێت و بە خۆشەویستیی فۆلكلۆرەوە گۆرانی دەڵێم و بەردەوام دەبم لە گوتنی گۆرانیی فۆلكلۆر، هەوڵ دەدەم لەسەر ئەو ستایلە بەردەوام بم تا ئەو كاتەی لە بواری هونەریدا كار دەكەم.
* پێشتر ڕات گەیاندبوو كە حەز دەكەی بە ئەكادیمی هونەر بخوێنیت، ئەو ئاواتەت هاتووەتە دی؟
- راستە لە منداڵییەوە خەونی من خوێندن بوو لە بواری مۆسیقا و گۆرانیدا، بەردەوامیش دەبم لە هەوڵدان بۆ گەیشتن بەو خەونە، بە داخەوە تا ئێستا دەرفەتی خوێندنی هونەرم نەبووە بۆ ئەوەی مۆسیقاو گۆرانی بە شێوەیەكی ئەكادیمی فێر بم، بەڵام لە داهاتوودا بەنیازم ئەوە بە شێوەیەكی ئەكادیمی بكەم، چونكە هەمیشە خەونی من بووە و هەوڵیشی بۆ دەدەم، چونكە گەیشتن بە ئاستی زانیاریی بەرز لە بواری گۆرانی و مۆسیقا كارێكی پێویستە بۆ هونەرمەند.
* هەفتانە چەند ڕۆژ وەرزش ئەنجام دەدەیت؟
- هەوڵ دەدەم هەفتەی دووجار وەرزش بكەم، بەڵام لە ئەوروپا ئەمە زۆر قورسە بەهۆی كەمیی كات، سەرەڕای ئەوەش لە كۆتایی هەفتەدا ڕۆژێك وەرزش ئەنجام دەدەم، هەوڵ دەدەم ماوەیەكی زۆربەپێ بڕۆم، وەرزش بە گشتی و ڕۆیشتن بەتایبەتی زۆر گرنگە بۆ تەندروستی مرۆڤ.
* لە ئەوروپا چ كارێك ئەنجام دەدەیت؟
- جگە لە گۆرانیگوتن، كارێكی تایبەتم هەیە لە ئەڵمانیا ئەنجامی دەدەم، بەڵام سەرەڕای ئەوەش بەشداری كۆنسێرت و بۆنە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان دەكەم، هەروەها بەشداری لە ئاهەنگە خێزانییەكانیش دەكەم، پێم خۆشە لە هونەر و جەماوەری خۆم دوور نەكەومەوە و بەردەوام لە پەیوەندیدا بم لەگەڵیان، چونكە بە یەكەم سامانی خۆمی دەزانم، هونەر كارە و ئەمە خولیای منە سەرەڕای ئاستەنگ و بەربەستەكانی بەردەم كاری هونەری.
* كاری داهاتووت چییە؟
- ئێستا خەریكی خۆئامادەكردنم بۆ تۆماركردنی ژمارەیەك بەرهەمی هونەریی نوێ، لەوانە گۆرانییەكی فۆلكلۆریی كۆن كە دووبارە بە شێوازێكی نوێ دەیڵێمەوە، دوو گۆرانیی نیشتمانی، گۆرانییەكی تایبەت بۆ جەژنی نەورۆز، بێگومان دوای تۆماركردنی ئەو گۆرانییانە وێنەیان دەگرم و بە ڤیدیۆ كلیپێك پێشكەشــــی بینەرانی خۆشەویستی دەكەم لە هەر شوێنێكی جیهان بن.
* هونەر لە ڕۆژئاوای كوردستان لە چ دۆخێكدایە؟

- هونەرمەندان لە ڕۆژئاوای كوردستان جیاوازن، بە باشترین شێوە بەرهەمی هونەریی بەتایبەت مۆسیقای فۆلكلۆری پێشكەش دەكەن، سەرەڕای ئەو هەلومەرجەی كە ڕۆژئاوای كوردستان بەدەستیەوە دەناڵێنێت لە ڕووی شەڕ و كێشەكانی ئەوێ، بەڵام ئەوان بەرهەمی هونەریی بەباشی ئامادە دەكەن و لەلایەن جەماوەری كورد لە هەموو جیهاندا پێشوازییان لێدەكرێت، ئامۆژگاریم بۆ ئەم گەنجانەی گۆرانی فۆلكلۆری پێشكەش دەكەن، ئەوەیە كە نابێت هیچ وشەیەك لە تێكستی گۆرانی فۆلكلۆر بگۆڕدرێت، چونكە ئەمە دەبێتە هۆی لەناوچوونی ئەم گۆرانییە و ڕەخنەی توندیان لێدەگیرێت لەلایەن جەماوەر و پسپۆڕانەوە، هیوادارم هەوڵی زیاتر بدەن بۆ ئەوەی هونەرەكەیان بەرەوپێش ببەن و بە باشترین شێوە ئەو كارە بكەن، لە هەمان كاتدا ڕەسەنایەتیی فۆلكلۆری كوردی بپارێزن.
* ڕۆژانە چەند كاتت بۆ سۆشیال میدیا تەرخان دەكەی؟
- ئێستا تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بوونەتە بەشێكی دانەبڕاو لە ژیانی هەموو كەسێك، مرۆڤەكان پەیوەندیی بەردەوامیان هەیە بە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە، بە دڵنیاییەوە وەك هونەرمەندێك گرنگی بەم بابەتە دەدەم و ئەوەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو دەكرێتەوە دەخوێنمەوە، هەروەها خۆم چالاكی و كارە هونەرییەكانم لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاودەكەمەوە، جا فەیسبووك بێت یان تێلێگرام یان ئینستاگرام، بەڵام كۆمێنت و لێدوان هەیە كە لە ڕێگەی سۆشیال میدیا یان تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بۆم دێت، وا دەكات هەست بە بێزارییەكی زۆر بكەم لێیان، چونكە خەڵكێك لە ماڵەكانیان دانیشتوون هیچ شتێكیان نییە تەنیا كۆمێنت بڵاودەكەنەوە و ڕەخنە لە هەموو ئەو شتانە دەگرن كە لە مێشكیاندایە، بەبێ ئەوەی ڕەخنەكانیان بنیاتنەر بێت یان لەسەر بنەما زانستییەكان بن، بە گشتی پەیوەندییەكی بەهێزم لەگەڵ تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەیە، هەروەها چەند كەسێك هاوكاریم دەكەن لەم كارەدا بۆ ئەوەی بتوانم بەردەوام لە پەیوەندیدا بم لەگەڵ جەماوەرەكەم.

Top