ژاڵە بۆ گوڵان:یەکـەم ئافرەت بووم لە پێش کامیرا سەمام کرد
ژاڵە كە بە (ژاڵە سنەیی)ش ناسراوە، بەشی هەرەزۆری تەمەنی لە خزمەتكردنی هونەری كوردیدا بەسەربردووە، لە دەرفەتێكدا چەند پرسیارێكمان ئاراستەی كرد، ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی داینەوە.
* سەرەتا با لە دوایین كار و كاری داهاتووت دەست پێبكەین؟
- دوایین كاری من گۆرانی (هاواری ژینگە) بوو ئێستاش سەرقاڵی كارێكی زۆر زۆر جوانم كە، ئەویشیان سەبارەت بە ژینگە و جوانیی كوردستانە.
راستییەك هەیە كە كاپیتاڵیسم بۆ قازانجی زیاتر و تێرنەبوونی و هەوڵدانی بو دەستخستنی قازانجی زۆرتر، هۆكاری یەكەمی نالەبار بوونی ژینگەیە، مەبەستم لە ۆڵاتانی ڕۆژئاواییە، بۆ نموونە دورستكردنی ئۆتۆمبیلی زۆر و فروشتنی بە وڵاتانی جیهانی سێیەم. سیاسەتی ڕیكلامكردن و بە فاشیۆن كردن و فەرهەنگسازی بۆ فروشتنی شتومەك، مەزنترین سیاسەتەكانی كاپیتاڵیزمە.
من دەتوانم چەندین كاتژمێر باس بكەم كە چون سیستمی كاپیتاڵیستی بەسەر دنیادا زاڵە و هۆی یەكەمی لە ناوبردنی ژینگەیە لەسەر گۆی زەوی، بە ئەركی سەرشانی خۆمی دەزانم كە هەست بە بەرپرسیارێتی بكەم و گۆرانییەك بۆ ئەم بابەتە گرنگە دروست بكەم، چونكە ئەم بارودۆخە وا بڕوات مرۆڤت بە دەستی خۆی ژیان لە ناوە دەبات.
* پێتوایە توانیبێتت ڕچەبشكێنی، بەتایبەتی كاتێك لە كلیپێكی خۆتدا سەمات كرد؟
- بەڵێ من یەكەم ئافرەت بووم كە لە پێش كامیرا سەمام كرد. چونكە هەستم كرد ئەم كارەی من هەستێكی پۆزەتیڤ و باوەڕبەخۆ بوون بە ئافرەتانی داماوی كۆمەڵگەكەم دەدات، ئەگەر سەرنج بدەن من بەبێ میكیاژ و خۆجوانكردن سەما دەكەم. ئەوە بچووكترین كارە كە خەڵكانی دیكە ساڵەهای ساڵە دەیكەن، بەڵام بە داخەوە لە كۆمەڵگەی ئێمە دا دەبێت ڕەچەشكینیی بۆ بكریت.
* ئەوەی ئێستا هەندێك ئافرەت بەناوی هونەرەوە پێشكەشی دەكەن چی ناو دەنێی؟
- هەر كەسێك ژن یان پیاو و لە هەر بەشێك لە بوارەكانی ژیاندا، پێویستە بزانێت چ دەكات و بۆ دەیكات و كارەی كاریگەرییەك لەسەر كۆمەڵگەكەی دادەنیت. ئەگەر ئیشی باش بكات ئەوا كاریگەریی ئیجابی خۆیەتی لە بەرەوپێشبردنی كۆمەڵگەكەی خوی و ئەگەر نەزانێت دەڕواتە قاڵبی هەڵەكردن بەرامبەر بە كۆمەڵگەكەی، بەداخەوە هەست بە خۆدەرخستن و ناودار بوون، بووەتە هۆی ئەوەی كە زۆر ئافرەتی ناشارەزا دەركەون و كۆمەڵگەكەمان بەرەو دواوە ببەن.
* بەڕای ئێوە مەرجەكانی سەركەوتنی هونەرمەندی ئافرەتی كورد چین؟
- یەكەم دەبێت هەست بە بەهیز بوون بكات پێش دەركەوتنی، ئەگینا دەرەقەتی كیشەو گرفتەكانی كۆمەڵگە نایەت. دووەم خاوەنی بیر و فیكرێكی ڕووناك بێت، بۆ ئەوەی نەبێتە یاری بەدەس كەسانی دیكەوە. سێیەم: ئافرەت دەتوانێت تێكستی باش و موسیقای باش هەڵبژیریت و بە شیۆەی باش دەربكەوێت.
* لە هەڵبژاردنی تێكستدا پشت بە چی دەبەستیت؟
- من هەر لە سەرەتای دەركەوتنم دەمزانی چیم دەوێت و بۆچی دەردەكەوم، بە تەواوی ئامانجم ڕوون بوو، بۆیە هەوڵم دا كە هیچ هەڵەیەك لە كارەكانمدا نەبێت. زور بە بڕوابەخو بوونەوە هاتمە بواری هونەرەوە، لە یەكەم ئەلبووممدا بە ناوی (خۆشم دەوێی ئازیزم) هەوڵی زۆرم دا كە باشترین شیعرەكان هەڵبژێڕم، باشترین موسیقا بەكار بهێنم و خزمەت بە موسیقای گەلەكەم بكەم. هۆنراوە بۆ من زۆر گرنگە، چونكە پەیامی من دەباتە نیۆ دڵی خەڵكەوە، هەردەم هەوڵی زۆرم داوە تیكستەكانم بەس دڵداری نەبێت، بەڵكو ئێش و ئازاری كۆمەڵگەی تیدا ڕەنگ بداتەوە، وەكو ئەلبوومی سێیەمم.
* ماوەی چەند ساڵێك بوو دەركەوتنت وەك پێویست نەبوو، ئەمە چ سوودێكی هەبوو بۆ لە ڕووی هونەرییەوە؟
- ڕاستە من لە چەند ساڵی ڕابردوو زۆر دەرنەكەوتووم بە هۆی بارودۆخی سیاسی كوردستانەوە، بایەخ نەدان بە كاری باش و كۆرۆنا و هەندێك بابەتی تایبەت هۆی سەرەكی بوون، هەڵبەتە كەم تا زۆر لە ئەوروپا دەردەكەوتم، ئەمە هیچ سوودیكی بۆ من و كومەڵگەكەیشم نەبووە.
* پێوەرەكانی سەركەوتنی ئافرەتی هونەرمەندی كورد چین؟
- پێویستە بەهونەرەكەی خزمەت بە نەتەوەكەی بكات و بیر و هزرێكی ڕووناكی هەبیت، هەروەها ئامانجی بەرەوپیشبردنی كۆمەڵگەی هەبێت لە ڕیگەی كاری هونەریی جوانەوە، هونەر دەبێت جوان بێت نەك بەس بۆ خۆجوانكردن بێت یۆ ئەوەی جوان دەركەویت، جوانی لە بیر و فكر و كاری باشدایە نەك ڕوخسار.
* گەورەترین ئەو ئاستەنگانەی ڕووبەڕووت دەبنەوە چین؟
- گەورەترین گرفت لە دەرەوەی وڵات بریتییە لە پەیداكردنی مۆسیقا و شاعیری باش، چونكە هەریەكە و لە وڵاتیك دەژین.
* رۆژانە چەند كاتت تەرخان دەكەی بۆ سۆشیال میدیا؟
- من زۆر لەسەر سوشیال میدیا كاتم بە فیڕۆ نادەم، گوێ لە بەشێك لە هەواڵەكان دەگرم و بەس.
* تا چەند سوودت لە سوشیال میدیا وەرگرتووە وەك هونەرمەندێك؟
- زۆر كەڵكم لێی وەرنەگرتووە، شتیكی باشە بو بڵاوكردنەوەی كاری هونەری، بەڵام جاری وا هەیە بێزارت دەكات، بۆیە من بە وریاییەوە بەكاری دەهێنم