پــەیــامــێــک بــۆ گـــەنــجـــان
سوپاس و ستایش بۆ پەروەردگاری جیهانیان و دروود و ڕەحمەت و بەرەكەت و میهرەبانیی خوا بڕژیت بەسەر گیانی پێغەمبەری پیشەوامان بۆ سەر یار و یاوەر و شوێنكەوتووانی هەتا ڕۆژی دوایی بە گشتی.
گەنجانی زێدە ئازیز و خوشەویست، تەمەنی گەنجێتی قۆناغێكە لە قۆناغەكانی تەمەنی مرۆڤ و دەكەوێتە نێوان منداڵی و پیرییەوە و بە كەسانی 20 بۆ 40 ساڵ دەوترێت گەنج، بە گشتی ئەو تەمەنە بە لووتكەی هێز و وزە و توانای بەرگەگرتن و پڕ چالاكی و بە گرنگترین قۆناغی تەمەنی مرۆڤ هەژمار دەكرێت، پێویستە لەو قۆناغەدا مرۆڤ هەنگاو بنێت بۆ گەیشتن بە خەونەكانی و ئەنجامدانی ئەو كارانەی كە لەگەڵ خواست و توانایدا دەگونجێت.
هەربۆیەش كاتێك دەچینە خزمەت ئایەتەكانی قورئانی پیرۆز و فەرموودە بەرز و بەنرخەكانی پێغەمبەرمان (صلی الله وعلیە وسلم) باسی ڕۆڵ وگرنگی وگەورەیی گەنجامان بۆ دەكەن، خوای گەورە لە قورئاندا باسی كۆمەڵێك گەنجی لێهاتوو و بە جەربەزە و ئازا و بوێرمان بو دەكات وردەفەرموێت
{إِذْ أَوَى الْفِتْيَةُ إِلَى الْكَهْفِ فَقَالُوا رَبَّنَا آتِنَا مِن لَّدُنكَ رَحْمَةً وَهَيِّئْ لَنَا مِنْ أَمْرِنَا رَشَدًا }(الكهف ١٠).. واتە، كاتێ ئەو حەوت كوڕە گەنجەكان پەنایان بۆ ئەشكەوتەكە برد لە دەست ئەو ستەمكارانەی سەردەمە، لە بەر ئەوەی فەرمانی خوا جێبەجێ بكەن، هەڵهاتن و كڕنۆشیان بۆ بتەكانیان نەبرد و سەریان بۆ پاشا دانەنواند، پاڕانەوە لەبەر خوا و فەرموویان پەروەردگاری ئێمە، لەلایەن خۆتەوە بەر ڕەحمەت و میهرەبانییەكی فراوان و گەورەمان بخە، هێز و توانامان پێ بدە لەسەر هەق ڕاوەستین، ڕێی سەرفرازیی و ڕزگاریمان بۆ ساز بدە لەم ئەشكەوتەدا، چاوی ئەو یاخیبووانە لە ئاستمان كوێر بكە، بەرەو كارێك بمانبە كە جێگەی ڕەزامەندیی خۆت ومایەی لێبوردنت بێت.
هەر لە سورەتی كەهف لە ئایەتیكی دیكەدا مەدحیان دەكات و دەفەرموێت: {نَحْنُ نَقُصُّ عَڵیْكَ نَبَأَهُمْ بِالْحَقِّ إِنَّهُمْ فِتْێەٌ ێمَنُوا بِرَبِّهِمْ ۆزِدْنَاهُمْ هُدًی} (الكهف ١٣) واتە، بە ڕاستی بەسەرهات و هەواڵی ئەوانەت - بێ زیاد و كەم- بۆ دەگێڕینەوە، بێگومان ئەوانە كۆمەڵە گەنج و لاوێك بوون كە بەڕاستی بڕوایان بە پەروەردگاری خۆیان هێنابوو، ئێمەیش زیاتر لە نووری ئیمان ڕێنماییمان كردن و، لەسەر ڕێگە ڕاستەكە سەقامگیرمان كردن، دەرەنجام ئارامیان گرت و كۆچیان كرد، بۆ پاراستنی دینەكەیان چوونە ناو ئەو شاخ و كێوە.
گەنجانی بەڕێز خوای گەورە بەم شێوازە وەسف و سەنای گەنج دەكات و، كاتێك تەماشا دەكەین، هەموو پێغەمبەرانی خوا لە تەمەنی گەنجیدا خوای گەورە سرووشتی بو كردوون و ئەوانەش كە بوونە هۆی سەرخستنی پێغەمبەران هەر گەنجان بوون، چونكە گەنج لە ئیسلامدا بەرپرسە لە كردار و ڕەفتارەكانی و دەبێت بەرانبەر بە خێزان وكۆمەڵگە و وڵات هەست بە بەرپرسیارێتی بكات. بەهرە و توانا و هێز و وزەی گەنج لە باڵغبوونەوە دەردەكەوێت و ئیتر ئامادەیە بۆ وەرگرتنی بەرپرسیارێتی، دەبێت بە چاوی ڕێزەوە لە گەنج بڕوانرێت، ئەمەش چەند نموونەیەكی گەنجە لێهاتووەكانی ئیسلام لە ناو هاوەڵە بەڕێزەكانی پێغەمبەری پیشەوامان، سەحابی سەعدی كوڕی ئەبی وەقاس تەمەنی 17 ساڵ بوو یەكەم تیرهاوێژ بوو و پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) ڕاوێژی پێ دەكرد، ئوسامەی كوڕی زەید تەمەنی 18ساڵ بوو، سەركردەی سوپای ئیسلام بوو، محەمەد ئەلقاسم تەمەنی17ساڵ بوو لەگەڵ گەورە بەرپرسانی دیكە سەرزەمینی سەندی فەتح كرد، عوبدولڕەحمان تەمەنی 21 ساڵ بوو كە بە سەركەوتوویی فەرمانڕەوایی ئەندەلوسی كرد و سەردەمێكی زێڕین و زانستییانە و پێشكەوتنێكی بێ وێنەی لە وڵاتدا تۆماركرد، ئەمانە و دەیان گەنجی دیكە و نموونەیان زۆرە.
مێژووی ئیسلام پڕە لە سەروەری كە بە دەست و بازوو و عەقڵی گەنجان نەخشاوە، ئەوە فەرهەنگ و كەلتووری ڕۆژئاوایییە كە گەنج بە ناوی هەرزەكار و موراهیقەوە نوقمی هەوا و حەز و ئارەزووی خراپ دەكات و بە هۆی ماددەی بێهۆشكەر و سەرخۆشكەر و ئافرەتەوە عەقڵیان سڕ دەكات و مەشغووڵیان دەكات بە شتانی بێ بایەخ و بێ نرخ، بەداخەوە گەنجانی ئێمەش كۆچ دەكەن و خاك وڵات و نیشتمانی خۆیان چۆڵ دەكەن، بە حیسابی خۆیان لەوێ گوایە كەسابەت زۆرە و داهاتوویان باش و گەشەدار دەبێت، بەڵام بەداخەوە كە وانییە، چەندان هەبوون كە دین و بیروباوەڕ و كەلتوور و دابونەریت و ڕەسەنایەتیی خۆیان لە دەست دا، بۆیە گەنجانمان دەبێت هوشیار بن و دەست بە قورئان و سوننەتەوە بگرن و گوێڕایەڵیان بن، تا یەكێك بن لەو حەوت تاقمەی كە پێغەمبەری خوا دەفەرموێت، خوای گەورە لەژێر سایە و سێبەری عەرشی خۆی حەشریان دەكات.
گەنجان توێژێكی هەرە كاریگەر و ئەهەلی گوڕانكارین و بە سەرمایەیەكی گرنگ دادەنرێن و ڕۆڵی گرنگیان دەبێت لە گەشەسەندن و گۆڕانكاری ڕیشەیی لە نێو كۆمەڵگادا هەبێت.
گەنجان خۆشەویست ئێوە سەرمایەی نیشتمانیی ئەم هەرێم و وڵاتەن و داینەمۆی گۆڕانكارییەكانن، چ لە بواری پێشكەوتنی كۆمەڵگە، چ لە بەهێزكردنی وڵات، چ لە بوارەكانی سیاسی، ڕۆشنبیری، ئابووری، یاسایی، پزیشكی و هەندەسی و بیناسازی و مامۆستایی و بەگشتی لە بەرەوپێشبردنی وڵات و نیشتمانماندا و لە سەرجەم سێكتەرەكانی دیكەدا دەبێت ڕوڵی ئازایانە و بوێرانەتان هەبێت و لە ئەركدا پشكی شێرتان هەبێت و نابێت و ناشێت تۆی گەنج بێكار و تەمبەڵ وتەوەزل و سەرخۆش و بێهوش بیت.
گەنج دەبێت كاتە زێڕینەكانی بە شتانی بەسوود و بەنرخ بەسەر ببات، خۆ بە دوور بگرێت لە ئەزیەتدان و ناڕەحەتكردنی خێزانەكەی و خەڵك.
تۆی گەنج پێویستە خوت بپَارێزی و دووری بگری لە شوێنی نەشیاو و نالەبار و لە كافتریا و قومار و یارییە ئەلەكترۆنی و... هتد دوایە كە كاتت بەفیڕۆ دەدەن. زۆر پپَویستە ئاگاداری خۆت بیت و تووشی جگەرە و نێرگەلە و مەوادی موخەدیر و هۆشبەرە نەبیت. چونكە بەڕاستی ئەوە خۆكوشتنێكی بە ئاشكرایە و تۆی گەنج زۆر گەورەتر و گرنگتری لەو شتە بێ بایەخانە.
هەروەها زۆر بەداخەوە ڕێژەیەكی بەرچاوی گەنجان زۆرینەی كاتەكانیان باس لە بارودۆخی سیاسی دەكەن، بەتایبەتی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، لە كاتێكدا زۆرێك لەو گەنجانە چ بە شێوەی ڕاستەوخۆ و چ بە ناڕاستەوخۆ بێت، هیچ زانیاری و پەیوەندییان بە كاری سیاسییەوە نییە، بەڕاستی پێویست ناكات، كاتەكانیان بۆ شتی لاوەكی تەرخان بكەن.
گەنج واتە ئامانج، هیوا، سەركەوتن، تۆی گەنج بیر لە خەونەكانت بكەرەوە و هەنگاو بنێ بۆ هێنانەدییان. ژیان كورتە بەو شێوەیە بژی كە پێویستە لە ژیانتدا و ڕێگە مەدە ڕووداوەكان ڕەفتارت بگۆڕن و كاریگەریی نەرێنی لە ژیانتدا دروست بكەن. لە ئێستادا زۆرترین وزەت هەیە، بۆیە لێی سوودمەند بە و فێر ببە و بەردەوام زانیاری كۆبكەرەوە، زیاتر بخوێنەرەوە تاكو ببیتە كەسێكی لێزان و شاەزا و زیرەكیت نیشان بدە بە ئەنجامدانی چالاكیی بەسوود.
بڕوات بە خۆت هەبێت، هەمیشە لەو كەسانە نزیك بەرەوە كە هۆكار و پاڵنەرن بۆ هێنانەدی خەونەكانت، لە كەسانی فاشیل و دوڕاو و خراپەكار و زیانبەخش دوور بكەوە، هاوكاری كەسانی كەمئەندام و نەخۆش بكە، دەستی هاوكاریی ماددی و مەعنەوی بۆ نیازمەندان درێژ بكە و بە پێی توانات یارمەتی خەڵك بدە. خۆت قیامەتت ئاوەدان بكەوە وخۆشەویستی ببەخشە بێ بەرانبەر، ئەوە بزانە كە پێویستە هەوڵ بدەیت بۆ دروستكردنی بەختەوەریت و ئەو كارانە ئەنجام بدە كە ژیانت مسۆگەر دەكەن.
هەوروەها پێوستە زۆر گرنگی بە پەروەدەكردنێكی تەندروستی گەنجان بدرێت، ئەم پەروەردەیەش یەكەم هەنگاو لە خێزانەوە دەست پێ دەكات. دەبێت دایك و باوك دەوری خۆیان بگێڕن و دووەم جار كۆمەڵگە و و سێیەم جار حكومەتی هەرێمی خۆمان و وەزارەتەكانی پەروەردە وخوێندنی باڵا دەیگرێتە بەر لە ڕێگەی زانكۆ و ناوەندە ڕۆشنبیرییەكان و وەزارەتی كار و كاروباری كومەڵایەتی وەزارەتی ڕۆشنبیری و وەرزش و لاوان و وەزارەتی ئەوقاف و مامۆستایانی ئایینی لە ڕێگای مینبەر و میحرابی مزگەوتەكانەوە، دەبێت هەوڵی پەروەردەكردنیكی تەندروست و سەلامەت بدەن، تا گەنج دوور بێت لە هەموو تاوان و توندتیژییەك و بەلاڕێدابردنیان بە ئاراستەیەكی خراپ. دەبێت كاربكەن بۆ فێركردنیان بە زانست و زانیاری و هوشیاری نیتشمانپەروەری و خزمەتكردنی وڵات وخوشەویستی بۆ كوردستانی خۆشەویستمان و ...هتد.
لە هەر كونج و كەلەبەرێكی ئەم جیهانە كۆمەڵگەیەكی پێشكەوتوو دەبینیت، ئەوە بێگومان ئەو كۆمەڵگەیە كۆمەڵگەیەكی پەروەردەكراوە بە كۆمەڵێك بەها و ئەخلاق و ڕەوشتی جوان و مرۆیی.
بربڕەی پشتی هەر كۆمەڵگەیەكی پێشكەوتوو گەنجە، بۆیە دەبێت سەرەتا هەوڵەكانمان چڕبكەینەوە بۆ ئەوەی گەنجانمان لە ڕووی زیهنییەوە خۆیان پێش بخەن و لە ڕووی جەستەییشەوە تواناكانیان بەگەڕ بخەن، لە داهێنان و پێشكەوتندا تا گەل و نیشتمان و كوردستانی خۆشەویستمان بگەیێننە كەناری ئارامی و خوشبەختی و گەلی كوردستانی بە ئاوات وئامانجی لەمێژینەی خۆی بگات كە سەربەخۆیی و بوون بە خاوەن كیان و حكومەت دەسەڵاتی خۆماڵیی كوردە و ئاڵای پیرۆزی كوردستانیش وەكو باقی وەڵاتانی دی لە نەتەوە یەكگرتووەكان بشەكێتەوە.
خوای گەورە هەموو لایەك بەختەوەر وسەركەوتوو بكات و كوردستان و حكومەت و پەڕلەمانیشمان لە هەموو پیلانێك بپارێزێت.
اللهم امین والحمدلله ڕب العالمین.
مامۆستا هێمن شارستێنی
وتارخوێن و پێشنوێژی مزگەوتی جافان لە ڕانیە