هۆشەنگ عەبدوڵڵا توێژەری دەروونی و بەرپرسی سەنتەری چارەسەری ئالوودەبووان: داواكارین ڕاگەیاندنەكان هاوكارمان بن لە هۆشیاركردنەوەی خەڵك لە زیانە زۆرەكانی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر
هۆشەنگ عەبدوڵڵا توێژەری دەروونی و بەرپرسی سەنتەری چارەسەری ئالوودەبووان لە ناو بەڕێوەبەرایەتیی چاكسازیی ژنان و منداڵان، لە دیدارێكدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان باس لە كار و چالاكییەكان و ئاستی خزمەتگوزارییەكانی ئەو سەنتەرە دەكات و ئەوەش دەخاتە ڕوو كە هەفتانە لە سەنتەری چارەسەری ئالوودەبووانی ماددەی هۆشبەر سیمینار بەڕێوە دەچێت.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
هۆشەنگ عەبدوڵڵا لە دەستپێكی قسەكانیدا ئاماژە بەوە دەكات كە سەنتەری چارەسەری ئالوودەبووان نزیكەی چوار مانگە بە فەرمی دەستی بە كارەكانی كردووە و ستافێكی كارا و چالاكیان هەیە، خزمەتگوزارییەكانی سەنتەری چارەسەری ئالوودەبووان تایبەتە بە پێشكەشكردنی خزمەت بە تێكڕای زیندانیانی ئەو چاكسازییە، هاوكات لە هەردوو ڕەگەز بەكارهێنەری ماددەی هۆشبەر هەیە، كە بە داخەوە لەناو ئافرەتانیشدا ڕێژەكەی بەرزە و هەموو تەمەنێكی تێدایە، كوڕەكانیش تەمەنیان لە نێوان 11 _ 18 ساڵیدایە واتا لە تەمەنی نەوجەوانیدان.
هۆشەنگ عەبدوڵڵا سەبارەت بە گرنگیی كارەكەیان دەڵێت: «لە ساڵانی ڕابردووش ئێمە لە بەڕێوەبەرایەتی چاكسازیی ژنان و منداڵان كە ئەو سەنتەرەشمان نەبوو، بەڵام بە هاوكاریی چەند ڕێكخراوێك كە لێرە ئیشیان كردووە خزمەتی باری دەروونی ئالوودەبووان كراوە، ئێمە لە ڕێگەی ڕێنمایی و خولەكانی ئەوانەوە كار لەسەر كەیسە دەروونییەكان و كەیسی بەكارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر دەكەین».
بەرپرسی سەنتەری چارەسەری ئالوودەبووان، هێمای بۆ ئەوەش كرد كە كەموكوڕیان لە كەمیی ستافی چارەسەری هەیە و لەم بارەیەوە دەڵێت: «ئێمە بە فەرمی داوامان لە وەزارەتی تەندروستی كردووە كە دوو پزیشكی دەروونیمان بۆ دابین بكەن، بەڵام بە حوكمی ئەوەی ڕێژەی پزیشكی دەروونی لە هەولێر كەمە، نەتوانراوە تاوەكو ئێستا پزیشكمان بۆ دابین بكرێت، هەرچەندە لە ناو چاكسازیدا پزیشكێكی دەروونیمان هەیە، بەڵام ئێمە پێویستمان بەوەیە كە دوو پزیشكی دەروونیی تایبەت بەخۆمانمان هەبێت، چونكە لە ئێستادا كەیسی زۆرمان هەم لە ئالوودەبووان و هەمیش لە تووشبووانی نەخۆشیی دەروونیدا هەیە، لە هەمان كاتدا لە ناو چاكسازیی ژنان و منداڵانیشدا تەنیا سێ توێژەری دەروونی هەیە، كە هەم كار لەسەر كەیسە دەروونییەكان و هەمیش كەیسی بەكارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر دەكەن».
هەروەها گوتیشی: «لە هەموو دونیا چارەسەربووانی ماددەی هۆشبەر دوای وەرگرتنی چارەسەری بەشێكی زۆریان دەتوانم بڵێم سەدا پەنجایان دووبارە دەگەڕێنەوە سەر بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر، لێرەش لەم سەنتەردا هەفتانە سیمینار بەڕێوە دەچێت، بەڵام بەداخەوە بەشێكی بەكارهێنەران دوای چارەسەر و دەرچوونیان لێرە، دووبارەیان كردووەتەوە، هاوكات بەشێكیشیان بە خۆشحاڵییەوە نەگەڕاونەتەوە، پار یەك گرووپی چارەسەریمان هەبوو دوای چارەسەربوون بە خۆشحاڵییەوە نەگەڕانەوە».
بەرپرسی سەنتەری چارەسەری ئالوودەبووان، دەربارەی پلانەكانی دەڵێت: «كۆمەڵێك پلانمان هەیە و لە ئێستاوە بەرنامەڕێژی بۆ دەكەین كە لە سەرەتای ساڵی تازەوە دەچنە بواری جێبەجێكردن، ئەویش بە هەماهەنگی لەگەڵ چەند ڕێكخراوێكی بیانی كە بەڵێنیان پێداوین كە خول بۆ ستاف و كارمەندانی چاكسازی بكەنەوە، بۆ ئەوەی كارەكانمان بە شێوەیەكی ئەكادیمی ڕاپەڕێنین، ئەوەش لەوانەیە پێش سەری ساڵ خولەكان ببینین بۆ ئەوەی بۆ ساڵی نوێ ئامادەی كاركردن بین لەگەڵ ئەو ڕێكخراوانە، هەروەها لە ڕێگەی گرووپی چارەسەرییەوە خزمەتی نەخۆش و ئالوودەبووان بكەین، چارەسەری و ڕێنماییەكانیش بە شێوەی گرووپ و بە شێوەی تاكە كەسی ئەنجام دەدرێت، جگە لەوانەش لەگەڵ چارەسەرییەكاندا پێویستیمان بە پزیشكی دەروونی و پزیشكی هەناو و پزیشكی چارەسەری سرووشتیش دەبێت».
هۆشەنگ عەبدوڵڵا لە كۆتایی قسەكانیدا جەختی لەوە كردەوە كە بۆ ڕێگریكردن لە تەشەنەسەندن و بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر، پێویستیمان بە هاوكاریی ڕاگەیاندنەكان هەیە، لەمبارەشەوە گوتی: «لە پێناو پاراستنی گەنجانی وڵاتەكەمان و سەلامەتیی منداڵەكانماندا پێویستیمان بە هەڵمەتێكی گشتگیری ڕووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر هەیە بە هەموو جۆرەكانییەوە، داواكارین میدیا بە هەموو جۆرەكانییەوە هاوكارمان بن، ئەویش لە ڕێگەی هۆشیاركردنەوەی خەڵك لە زیانە زۆرەكانی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر و پێشكەشكردنی ڕێنمایی پێویست بۆ تاكەكانی كۆمەڵگە».