لە هەزارەی سێیەمدا هێشتا ئافرەتان ڕووبەرووی كێشەی جۆراوجۆر دەبنەوە  

لە هەزارەی سێیەمدا  هێشتا ئافرەتان ڕووبەرووی كێشەی جۆراوجۆر دەبنەوە   

 

لە كۆمەڵگە نەریتییەكان بە كوردستانیشەوە، تا ئەمڕۆ پەیوەندیی خۆشەویستی لە نێوان كچ و كوڕدا پەیوەندییەكی قبووڵ نەكراوە و بە پاساوی جیا جیا لە لایەن خێزان و كۆمەڵگەوە ڕەت دەكرێتەوە.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

ئاواز ئەمجەد وەك خۆی باسی دەكات بەهۆی ئەوەی پەیوەندییەكی كورتخایەنی لەگەڵ كوڕێكدا هەبووە، دوای ئاشكرابوونی پەیوەندییەكەیان باوكی حاشای لێ كردووە.

ئاواز ئەمجەد ئافرەتێكی گەنمڕەنگی باڵا بەرزە و تەمەنی 37 ساڵە، ئەو دانیشتووی شاری هەولێرە و لە دانیشتنێكدا بە ئازارەوە پەردە لەسەر خەمە كەڵەكەبووەكانی ناخی لا دەدات و بەم جۆرە باسی دەكات.

لە خێزانێكی عەشایەر و دایك و باوكێكی نەخوێندەوار پەروەردە بووم، ئێمە چوار خوشكین و برامان نییە، هەمیشە دایكم دەیگوت برا شوانی خوشكانە، بەردەوام ئامۆژگاریی دەكردین و دەیگوت لەبەر ئەوەی براتان نییە دەبێت زۆر ئاگاتان لە خۆتان بێت.

مامۆژنەكانم چونكە كوڕیان هەبوو، هەمیشە پۆزیان لەسەر دایكم لێ دەدا و بە چاوی كەم تەماشای من و خوشكەكانمیان دەكرد، دوو ساڵ پێش ئێستا كوڕێكم ناسی و خۆشم ویست، ئامانجی هەردووكیشمان هاوسەرگیری بوو، پاشان من منداڵ نەبووم، تەمەنم گەیشتبووە 35 ساڵ و زۆر بە باشی چاكە و خراپەی خۆمم دەزانی، ئەو داوای پەیوەندیی لێكردم، بەڵام من ڕەتم كردەوە و پێم گوت ناتوانم پەیوەندیم لەگەڵت هەبێت، چونكە خێزانەكەم زۆر داخراون و ڕێگە بەوە نادەن، دوای چەند مانگێك كوڕەكەم لە بازاڕ بینی و پێی ڕاگەیاندم كە هەفتەی داهاتوو دێتە داوام، لەو كاتەدا كچە مامەكەم بە پەیوەندیی نێوان ئێمەی زانی، كە چەند مانگێك بوو یەكترمان ناسی بوو، بەڵام بەداخەوە زانینی كچە مامەكەم بە پەیوەندییەكەمان ئاكامی باشی نەبوو، هەرچەندە ئەو كاتە زۆر لێی پاڕامەوە كە هیچ شتێك بە كەس نەڵێت، پێم گوت سوێند بەخودا ئەو كوڕە هەفتەیەكی دیكە دێتە داوام، بەڵام سوودی نەبوو، بۆ شەو لە دەرگا درا، لەگەڵ دەنگی دەرگا دڵم داخورپا و زانیم شتێك دەقەومێ، بۆچوونەكەم ڕاست دەرچوو، هەموو مام و ئامۆزاكانم بوون، بەبێ سەلامكردن بە ژووركەوتن، زانیم كچە مامم و مامۆژنەكەم دەستی خۆیان وەشاندووە و قسەكەیان گەیاندووەتە پیاوان، پێش ئەوەی دابنیشن بە باوكمیان گوت كچەكەت حەیا و نامووسی بردووین و ئەمڕۆ لەسەر جادە لەگەڵ پیاوێك پێكەوە بوون، باوكم كە گوێی لەو قسانە بوو، وەزعی تێكچوو و بوورایەوە، هەر ئەو شەوە بە گۆچانەكەی دەستی لە من و لە دایكمی دا، لەو ڕۆژەوە ژیانم وێران بوو، دوای پێنج ڕۆژ خۆشەویستەكەم هاتە خوازبێنیم، باوكم ڕازی بوو، بەڵام پێی گوتم نەگەڕێیتەوە ئەم ماڵە و بۆ هەتا هەتایە حاشام لێ كردوویت.

هەرچەندە دوو ساڵ بەسەر ئەو ڕووداوە تێپەڕیوە، بەڵام باوكم تائێستاش ئامادە نییە قسەم لەگەڵدا بكات، چەند جارێك بە دایكم و خوشكەكانمدا جوابم بۆی ناردووە تاوەكو لێم خۆشبێت، بەڵام ئەو هەمیشە دەڵێت مەمنونی خودا بە، كە لە ترسی خودا نەم كوشتووی، پێم دەڵێت بەهۆی بێ عەقڵیی تۆوە سەرم لای برا و برازاكانم شۆڕ بووە».

 

Top