دالیا ئەلكوری بۆ گوڵان: كامیرا ئامرازێكە بۆ تێگەیشتن لە واقع بە شێوازێكی قوڵتر
دالیا ئەلكوری دەرهێنەرێكی سەربەخۆی فیلمی دیكۆمێنتارییە و كار لەسەر پڕۆژەی نێوان ژانرەكان دەكات، فیلمەكانی بەدواداچوون بۆ تابووە كلتوورییە جیاوازەكانی جیهانی عەرەبی دەكەن و بۆ كەناڵە تەلەفزیۆنییە نێودەوڵەتییەكانی وەك ZDF Arte و Al-Jazeera و Al Arabiya بەرهەم هێنراون و نمایشكراون، یەكەم فیلمی Possessed by Djinn بوو، خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە فیلمی دیكۆمێنتاریی شاشە لە زانكۆی گۆڵدسمیتس، ساڵی 2014 فیلمێكی بە ناوی (پێشمەرگە جارێكی تر) بەرهەمهێنا و لە كەناڵی ئەلعەرەبییە نمایش كرا، لە دەرفەتێكدا بەم شێوەیە وەڵامی چەند پرسیارێكی گوڵانی دایەوە.
* سینەمای دیكیۆمنتاری بە چی جیا دەكریتەوە؟
- سینەمای دیكیۆمنتاری، بەتایبەتی لە وڵاتانی عەرەبی بە سینەمای بەرگری دادەنرێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە كە هەموو شتەكان بە سیاسی كراون، هەر شوێنێكت بوێت كە تیشكی بخەیە سەر و كامیراكەت دابنێیت، دەتوانیت چیرۆكێكی مرۆیی ببینیت كە وا لە مرۆڤ دەكات بەرگریكردنی ئەو واقعە ناخۆشەی كە ئێستا وڵاتانی عەرەبی پێیدا تێپەڕ دەبن، بڵێین زەروورەتێكە و پێویستە پەلەی لێ بكرێت، بەڵام سینەما خۆی وجودی هەیە و ئەركی سینەما نییە مقاوەمە و چارەسەركردنی كێشەكان نییە، چونكە مقاومە ئەركی سینەما قورستر دەكات و ئەگەر بە شێوەیەكی درووست بەرهەم نەهێنرێت، ئەوا سینەما دەبێتە ئامرازێك بۆ پڕوپاگەندە وەك ئەوەی لە یەكێتی سۆڤیەتی پێشوو ڕووی دا. من لە هەموو كارەكانمدا كامیرا ئامرازێك بووە بۆ تێگەیشتن لە واقعی دەوروبەرم بە شێوازێكی قوڵتر و ڕاستگۆیانەتر و لە ڕێگەی وێنەگرتنی ئەو كێشانەی كە كاریگەرییان لەسەر من هەیە و شارەزاییم لێان هەیە بە هۆی چەند كەسایەتییەكی بەهێز و ئیلهام بەخش.
* سینەما چۆن پەیامی ڕاستی بە جیهان دەگەیەنێت؟
- ئەو دەرهێنەرانەی گرنگی بە جەماوەر دەدەن، دەبێ ئەوە بزانن كە جیهان و بینەر پێویستیان بە كێشەیەكە كە وەك خۆی بێت، بۆ ئەوەی كاریگەرییەكی تەواوی لەسەر هەبێت، واتە هەڵبژاردنی پاڵنەرە كەسییەكانی ئەكتەر و كەسایەتییەكان لەلایەن نووسەر یان دەرهێنەرەوە، پێویستە ڕوون و ئاشكرا بێت، بۆ ئەوەی بینەر بە ئاسانی لێیان تێبگات. بۆ نموونە كەسێكی نەرویجی ناتوانێت گرفتەكانی عێراق وەربگرێت و تێی بگات، بەڵام ئەگەر كەسایەتیی سەرەكی كارەكە (دایك) بێت و پاڵنەرەكەشی بریتی بێت لە پاراستنی منداڵەكەی لە جەنگ و، فۆكس زیاتر بخرێتە سەر ئەو كێشە مرۆییە نەك بەرمیل باروت و تەقەمەنی، ئەوا بە ئاسانی دەتوانین بگەینە ئاستی سینەمای جیهانی.
* شوناس تا چەند لە كارەكانت ڕەنگی داوەتەوە؟
هەر لە سەرەتاكانی كاری هونەریمدا هەوڵمداوە لە مرۆڤ بگەم بە هۆی كێشەی شوناسەوە، ئەگەر ئەم كێشەیە پەیوەندیی بە زمان، ئایین یان بە جۆراوجۆریی ئارەزووەكانمەوە هەبێت، زۆر چیرۆك و گرفتمان هەیە كە شایەنی ئەوەن بخرێنە ڕوو، بەڵام لە ناخی ئێمەدا پەنگیان خواردووەتەوە بە بیانووی حەڵاڵ و حەرام، من لە چەندین وڵاتی جیاجیادا ژیاوم بۆیە هەست دەكەم كە جیهانی نوێ شوناسی ئاوێتە درووست دەكات و چەند پرسیارێك دەوروژێنێت دەربارەی (ئێمە كێین)، بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە پێویستە بچینە نێو مێژووە و تابۆكانی دابونەریت بشكێنین، هەر فیلمێكم بەرهەم هێنا بێت یارمەتیی داوم بۆ ئەوەی زیاتر لە خودی خۆم بگەم و ئاسوودە بم لەگەڵ شوناس و كیانی بەرفراوان و نوێبۆوەی خۆم، بێ ئەوەی ئەسڵ و شوناسی خۆم لە بیر بكەم.
* تۆ بە ڕەچەلەك فەلەستینییت، كەموكوڕییەكانی سینەمای فەلەستینی چین؟
- سینەمای فەلەستینی زۆر پێشكەوتووە، بە جۆرێك كەس ناتوانێت ڕەخنەی لێ بگرێت یان لە ئاستی هونەریی كەم بكاتەوە، چونكە شوێن پەنجەی پرۆفیشناڵی لە سینەمای هیچ وڵاتێك ناچێت، لە وۆركشۆپێكدا بەشداریم كرد كە نزیكەی (20) سینەماكاری جیهانی تێیدا بەشدار بوون، لەوانە (15)یان باسی فەلەستینیان كردبوو، یان فیلمەكانیان لە فەلەستین بەرهەم هێنابوو، ئایا ئەمە بە ڕێكەوت بووە؟ من هیچ لەو دەرهێنەرانە ناناسم، بەڵام زۆریی ئەو دەرهێنەرانەی دەیانەوێ تیشك بخەنە سەر فەلەستین مایەی سەرسوڕمانە، ئەنجامەكانیش هەمیشە دڵخۆشكەرن، وابزانم سینەمای كوردییش پێشتر ئەم گرنگییە زۆرەی پێدراوە، لەلایەن بەرهەمهێنەرانی سینەمای دەرەوە، بۆ نموونە ساڵی 2014 لە هەرێمی كوردستان بووم فیلمێكی دیكیۆمنتاریم بەرهەم هێنا بە ناوی (پێمشەرگە جارێكی دی – البیشمركە مرە اخری) كە تیشك دەخاتە سەر (سێ) پێشمەرگە، من لە كوردستان دەژیام بۆیە ئەو بابەتە سەرنجی ڕاكێشام، بۆیە دەڵێم چەند دەرگاكانی كوردستان بكرێنەوە بۆ هونەر و سینەماكاران زیاتر سینەمای كوردی سەرنجی جیهان ڕادەكێشێت.
* نهێنی سەركەوتنەكانت چینیە؟
- گەورەترین گرفت بۆ دەرهێنەر لەوانەیە گرنگترین دەرفەت بێت، (ئارامگرتن) و چاوەڕوانی بۆ كۆكردنەوەی پارەی پێویستە بۆ كۆتاییهێنان بە فیلم، لەوانەیە فیلمێكی دیكیۆمنتاری چەند ساڵێكی پێویست بێت، بەڵام ئەم پرۆسە درێژخایەنە دەرهێنەر تاقی دەكاتەوە و جەخت دەكاتەوە لەسەر گرنگی كۆتاییهێنان بە پرۆژەكە، فیلم پێویستی بە ئاگرێكی هێمنە بۆ ئەوەی بیرۆكەكان بە شێوەیەكی قوڵ بخەیتە ڕوو، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی كارێكی زەحمەتە.