شەیما وەلی: كاركردن باشترین و جوانترین سیمایە بۆ ئافرەت دوای پەروەردەی منداڵ و دایكایەتی
شەیما وەلی خانمە گەنجێكی دەست و پەنجە ڕەنگینی شارە جوانەكەی سلێمانییە، دوای تەواوكردنی قۆناغی زانكۆ، بە هۆی نەڕەخسانی هەلی دامەزراندن لە كەرتی گشتی، لە ماڵەكەی خۆیدا دەست دەكات بە كاركردن، ئەویش لە ڕێگەی ڕازاندنەوەی كووپی چا و قاوە و كەلوپەلی نانخواردن بە سیرامیكی سارد، وەك خۆی باسی دەكات، لە ساڵی 2016 دەستی بەم كارە كردووە و فیدباكێكی زۆرباشیشی هەیە، پەیجێكی داناوە بە ناوی «پەنجەی گوڵ» و لە ڕێگەی پەیجەكەیەوە كەلوپەلە نەخشێندراوەكانی بە بازاڕ دەكات. لە دەرفەتێكدا بەمجۆرە باس لە هەنگاوەكانی كاركردنی بۆ خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان دەكات.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
شەیما وەلی، ساڵی ١٩٩٤ لە دەربەندیخان لەدایك بووە، دانیشتووی شاری سلێمانییە و لە دەرچووی بەشی ڕاگەیاندنە، لە ئێستادا بە هۆی سوودمەندنەبوونی لە دەرفەتی دامەزراندن، لە ماڵەكەی خۆیدا كاری دەستڕەنگینی دەكات. ژیانی هاوبەشی پێكهێناوە و دایكی دوو منداڵە و بەمجۆرە باسی ژیانی تایبەتیی خۆی دەكات: «پاش تەواوكردنی قۆناغەكانی خوێندنم بە سەركەوتوویی، بەڵام دانەمەزرام، لەبەر ئەوە هەوڵمدا، كارێك بدۆزمەوە، كە هەم كاتەكانم پڕ سوود بن، هەم لایەنی ماددیم باشتر بكات و سەرچاوەیەكی داهاتم هەبێت. سەرەتا لە ئینتەرنێت كۆمەڵێ زانیاریم لەسەر ئەم كارە كۆكردەوە، ئەویش بە حوكمی ئەوەی هەر لە منداڵییەوە بەهرەی وێنەكێشان و كاری هونەریم هەبووە، كە گەورەش بووم، خۆم لەم كارە بینییەوە، پاشان پەرەم بە بەهرەكەم دا، كەلوپەلە نەخشێندراوەكانم لە شێوازی بەكارهێنانیان زۆر تۆكمەیە و كوالێتییان بەرزە و تاكە بڕاندە لە تەواوی كوردستان و ماوەی چوار ساڵە لەم كارەم بەردەوامم و خواستی زۆری خەڵكی لەسەرە، چونكە لە نرخدا ڕەچاوی داهاتی خانمان دەكەین».
ئەو خاتوونە پەنجە ڕەنگینە هەر لە بارەی كارەكەیەوە زیاتر گوتی: «نەخشكردن بە سیرامیك چەندین شێوەی بەكارهێنانی هەیە، ئەوەی من سیرامیكی ساردە، هەوڵم داوە ئەو كارە بكەم كە لە كوردستان نەكراوە، سوپاس بۆ خوا تاكە بڕاندین لە هەموو كوردستان، سیرامیكەكە دەنەخشێنین لە شێوەی چەندین گوڵی هەمەچەشن بۆ سەر كووپ و سێتی میوە و چەرەس و زۆربەی كەلوپەلی مەتبەخ، هەروەها لەسەر كووپی تاك نەخش و گوڵ دروست دەكەین بۆ دیاری، بە جۆرك گوزاشت لە پیشە جیاوازەكان دەكات، بۆ نموونە كووپی دیاری خۆشەویستان بە جۆرێكی تایبەتە، هەروەها بۆ پزیشك، یان ئەندازیار جۆری نەخشاندنەكەی لە پیشەكەیانەوە نزیك دەبێت، كارەكانمان بۆ خەڵك جێگەی دیارییە گرانبەهاكانی پركردووەتەوە و كەسەكان زیاتر تایبەتمەندیی خۆیانیان تێدا دەبینن».
لە بارەی بەرنامەشی بۆ كارەكەی لە داهاتوودا گوتی: «هەوڵ دەدەین كارەكەمان ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو پێش بچێت، چونكە سوپاس بۆ خوا داواكاری و ڕەزامەندیی بەردەوامی لە لایەن بەكارهێنەرانییەوە لەسەرە، لایەنێكی دیكەی باشی كارەكەمان ئەوەیە دەتوانرێ كەلوپەلەكان وەك هەر كاڵایەكی دیكە بەكار بهێنرێت و بشۆردرێت».
لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە ئایا بە داهاتی كارەكەت توانیوتە هاوكاریی خێزانەكەت بكەیت؟ گوتی: «بەڕاستی داواكاری و پێویستیی سەردەم زۆر بووە، بەڵام لانیكەم داهاتەكەم بەشی ئەوە دەكات، هەندێك لە پێداویستییەكانی خۆمی پێ دابین بكەم و ئەو ئەركە لەسەر هاوژینەكەم سووك بكەم». گوتیشی: «زۆرم پێخۆشە كارەكەم لە چوارچێوەی ماڵدا نەهێڵم و شوێنێكی تایبەت بە كاركردنم هەبێت و پەرە بە كارەكانم بدەم، بەڵام چونكە دایكی دوو منداڵی بچووكم ئەو هەنگاوەم نەناوە، چونكە دایكایەتییەكەم لە هەموو كارەكان لەلام پیرۆزتر و گەورەترە، هەر بۆیە لە ماڵەوە كار دەكەم».
سەبارەت بە ڕەوتی كاركردنی خانمانی كوردیش لە ئێستادا گوتی: «باشترین و جوانترین سەرقاڵی بۆ ئافرەت دوای پەروەردەی منداڵ و دایكایەتی، كاركردنە، چونكە زۆر خاتوون لە ماڵەوەن و دانەمەزراون، كاتی بەتاڵیان زۆرە و لایەنی ماددیشیان لاوازە، لە كاتێكدا هەموو ئەو كاتە زێڕینەی لەبەر دەستیاندایە، بەداخەوە بە سۆشیال میدیاوە بەسەری دەبەن، لەبری ئەوە دەتوانن لە ماڵەكانی خۆیاندا كار بكەن، چەندین كاری دەستی جوان هەن كە تازەن لە كوردستان و دەتوانن لەو ڕێگەیەوە ببنە خاوەن داهاتی خۆیان، خۆشبەختانە لە كوردستان تەواوی پێداویستی و كەرەستە و كاڵاكانی كاری دەستی هەن، كە بۆ دەستپێك پارەیەكی كەمی پێویستە. ئێمە لە پەیجەكەی خۆمان بەناوی_panjay_gull چەندین كاری جیامان خستووەتە ڕوو كە لە كوردستان نین، خانمان دەتوانن سوودی لێ ببینن، لە ڕاستیدا كارەكەمان تا ئێستا نەك لە كوردستان، لە عێراقیش تاكە، لا بەلا تاك و تەرا تەقلید دەكرێم، بەس نەبوون بە داهات بۆ خاوەنەكانی، من كەرەستەی گران و كوالێتی بەرز دەكڕم، بۆ ڕازاندنەوەی كەلوپەلی چێشتخانە و زەمانی شۆرینی دەكەم».