مەحموود ڕەش ئەندامی پێشووی پەكەكە بۆ گوڵان:   كێشە و گرفتە نێوخۆییەكان بەرۆكی پەكەكەی گرتووە   پەكەكە چاویان بە قەوارەی هەرێم هەڵنایەت و ڕاستەوخۆ دوژمنایەتییان ڕاگەیاندووە

مەحموود ڕەش  ئەندامی پێشووی پەكەكە بۆ گوڵان:     كێشە و گرفتە نێوخۆییەكان بەرۆكی پەكەكەی گرتووە     پەكەكە چاویان بە قەوارەی هەرێم هەڵنایەت و ڕاستەوخۆ دوژمنایەتییان ڕاگەیاندووە

 

 

پەكەكە وێڕای ئەوەی گرفت و كێشەی گەورەیان بۆ خەڵكی كوردستان و گوندنشینەكان و شنگال ناوەتەوە، دژایەتیی قەوارەی هەرێمی كوردستانیشیان نەشاردووەتەوە، دوای زنجیرە شكستەكانیان لەم دواییەدا ڕوویان لە كاری تیرۆریستیش كردووە لە هەرێمی كوردستان و كار بۆ تێكدانی ئارامی و ئاسایشی هاووڵاتیانی كوردستان دەكەن، بۆ ئەم پرسە و چەند تەوەرێكی دیكەی پەیوەندیدار، گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ مەحموود ڕەش ئەندامی پێشووی پەكەكە سازدا .

 

* وێڕای ئەوەی ڕەوشی چەكدارانی پەكەكە ڕووی لە خراپی كردووە، كەچی دژایەتیی هەرێمی كوردستانیان نەشاردووەتەوە و بگرە زیاتریان كردووە و، ئاشوب و ئاژاوە لە شاروشارۆچكەكانی كوردستاندا دەنێنەوە، ئایا پەكەكە بۆچی دژی هێڵی نەتەوەیی و نیشتمانی ڕاوەستاوەتەوە؟

- ماوەی چەند مانگێكە، بەتایبەتی لە ئێستادا بارودۆخی چەكدارانی پەكەكە و سەركردایەتی و بەرپرسی گرووپە چەكدارەكان بەهۆی هێرش و بۆردومانی فڕۆكە جەنگی و درۆنەكانی توركیاوە زۆر خراپە، چەندین كەسیان كوژراون، ئەمەش كاریگەریی لەسەر بارودۆخی ناوخۆیان دروست كردووە و لێرە و لەوێش لە كاتی دەرفەت وەرگرتن چەندین چەكداریان هەڵاتوون و خۆیان گەیاندووەتە شوێنی ئارام. لەم بارودۆخە خراپەدا چەكدارانی پەكەكە بە پیلانی هەندێ لە سەركردەكانیان خۆیان گەیاندووەتە چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان، كە بێگومان دەستی لایەن و كەسانی باشووری كوردستانیش یارمەتیدەر و هەماهەنگیان بووە، بەڵام ئەو ناوچە و شوێنانەی چەكدارانی پەكەكە بۆی چوون، ڕووبەڕووی هێرشی درۆن بوونەتەوە، بۆ نموونە لە قەزای ماوەت و ناحیەی تەكیە و لە گەرمیان و چەندین شوێنی دیكە، هەر بەم هۆیەشەوە خەڵكی سڤیلی ناوچەكانیش تێیدا زیانمەند بوون، نیاز و پیلانیان هەیە، ئەو شوێن و بارەگایانەی حزبە كوردییەكانی ڕۆژهەڵات كە لە باشووری كوردستانن، بەتایبەتی لە سنووری ئێرانەوە چۆڵی بكەن و چەكدارانی پەكەكە داگیری بكەن و ئەو شوێنانەش بكەنە شوێنی ئاشووب و كردەوەی ناڕەوا و تیرۆریستیی خۆیان، هەموو ئەو كار و پیلان و كردەوانەی پەكەكە لە دژی قەوارە و ئەو سەقامگیرییەی هەرێمی كوردستانە بە مەرامی دوژمنانی گەلی كورد و كوردستانە.

* ئەم دوژمنداری و زیانگەیاندنە بە هەرێمی كوردستان لەلایەن پەكەكەوە بۆچی دەگەڕێنیتەوە؟ ئەی بۆچی ناچن لە گۆڕەپانی ڕاستەقینەی خۆیان خەبات بكەن و ڕێگری نەكەن لە ئاوەدانكردنەوەی ئەو هەموو گوندە و هێرشی درۆن و مووشەك و بۆمبارانكردنی ناوچە سنوورییەكان و ئەنجامدانی كاری تیرۆریستی لە شارەكانی كوردستان؟

- باشووری كوردستان نزیكەی 100 ساڵە شۆڕش و خەبات دەكات و هەزاران شەهیدی لەم پێناوەدا بەخشیوە، دوای ئەوەی لە ساڵی 1992ـەوە لە پڕۆسەیەكی دیموكراتیدا بە فەرمانی سەرۆك بارزانی بۆ یەكەمجار هەڵبژاردن بەڕێوە چوو، حكومەت و پەرلەمانی كوردستانی لێ هاتە بەرهەم و خەونی هەموو كوردێك بۆ ئازادی و دیموكراسی و بەرگریكردن لە ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان هاتەدی، كەچی پەكەكە دژایەتیی خوێنی شەهیدان و گەلی كوردستان دەكات و زیان بەم هەموو دەستكەوت و ئومێدە لە باشووری كوردستان دەگەیەنێت، گرفتەكە لەوەدایە چەكدارانی پەكەكە هەر لە سەرەتاوە باوەڕیان بە ئازادی و سەربەخۆیی كوردستان نەبووە، بۆیە چاویان بەو كیانە هەڵنایەت و لە دەرفەت دەگەڕان كێشە و گرفت بۆ قەوارەی هەرێمی كوردستان دروست بكەن، زۆر هەوڵیان دا و پیلانیان داڕشت، پاش ئەوەی نەیانتوانی یەك بست لە خاكی باكووری كوردستان نەك ڕزگار بكەن، بەڵكو كۆمەڵێك كێشە و ناتەبایی و بارودۆخی خراپیان بۆ دروست كرد، بەتایبەت لە شەڕی خەندەقدا، گرنگ لەلای ئەوان ئەوە بوو دەرفەتیان وەرگرت و هاتن چیا و ناوچەی قەندیلیان لە باشووری كوردستان داگیر كرد، پەكەكە لە بری ئەوەی پارێزگاری لێ بكەن تا ئاوەدانیی زیاتر ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكات، دەستی سەربازانی توركیایان بۆ ناو هەرێمی كوردستان ڕاكێشا، كە بەم هۆیەوە تا ئێستا لە نێوان (500 تا 600) گوند بەتایبەتی لە سنوورەكانی نێوان هەرێم و توركیا ئاوەدان نەكراونەتەوە، چەكدارانی پەكەكە بوونەتە هۆكاری كێشە و نائارامی و ناسەقامگیری، بەتایبەت لەو شوێنانەی تێدا جووڵە دەكەن، ئەوەی چەكدارانی پەكەكە دەیكەن، هیچ پەیوەندیی بە كوردایەتی و نیشتمانپەروەری و خواستی نەتەوەییەوە نییە، بەڵكو كوردایەتی ئەوەیە كە هەموو حزب و لایەن و كوردپەروەرێك ئەم بەشە ئازادەی كوردستان وەك گلێنەی چاوی خۆیان بپارێزن، ئەگەر باجیشی لە پێناودا بدەن، هەرچەندە قەوارەی هەرێمی كوردستان حزبێكی پێشەوا و قارەمان و نەتەوەیی كە پارتی دیموكراتی كوردستانە ڕابەرایەتی و سەركردایەتیی دەكات، بەڵام خۆ ناكرێت لایەنێكی وەك چەكدارانی پەكەكە لە دامەزراندنیانەوە دوژمنایەتی كورد و پارتی دەكەن و ئەو قەوارە و هەرێمە ئازاد و دیموكراتییە لە دەست كورد دەربێنن و بۆ 100 ساڵ بیگێڕنە دواوە، بەڵكو پێویستە هەموو حزب و لایەنە كوردستانییەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان بە هەستكردن بە بەرپرسیارێتییەوە پارێزگاری لەو بەشە ئازادەی كوردستان بكەن، كە چەترێكە بۆ پارێزگاری و مانەوەی هەموومان.

 * كاتیك حكومەتی هەرێمی كوردستان دەیەویت بە ڕێگەی ئاشتی كێشەی چەكدارانی پەكەكە چارەسەر بكات، كەچی چەكدارانی پەكەكە بۆسە و كەمین بۆ هێزی پیشمەرگە دادەنێن و پیشمەرگە شەهید دەكەن، ئایا دەبێت چۆن مامەڵە لەگەڵ پەكەكە بكرێت كە لە زمانی ئاشتی و دیالۆگ تێناگەن؟

-  دژایەتیكردنی قەوارەی هەرێمی كوردستان و ئەو شەڕانگێزییەی پەكەكە بەرانبەر حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، بەتایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان هەیەتی، بۆ كۆمەڵێك مەرامی تایبەت بە خۆیان دەگەڕێتەوە :

یەكەم: پەكەكە بەرنامە و پەیڕەویان بۆ سەربەخۆیی كوردستان نەبووە، بەڵكو حزب و گرووپێكی بەناو كۆمۆنیستی و سۆشیالیستین.

دووەم: هەر لەبەر ئەوەی نەتەوەیی نین، دژی هەموو لایەن و حزبێكی نەتەوەیین لە كوردستاندا، بەتایبەت لە دروستبوونیانەوە دژی پارتی دیموكراتی كوردستان بوون. پارتی و سەركردایەتییەكەی بە سرووشتی خۆیان نەتەوەیین و خۆیان بە خاوەنی نەتەوەی كورد و كوردستان دەزانن، پەكەكە بە چاوی خۆیان دیتوویانە، بەتایبەت سەركردەكانیان كە بارزانیی نەمر بوو توانی لە بارودۆخێكی زۆر سەختدا شۆڕشی ڕزگاریخوازی كوردستان دەست پێ بكات و وەك چەترێك هەموو گەلی كوردستان و هەر چوار پارچە كۆبكاتەوە، كە بەرهەمەكەی ئەوەیە ئێستا لە هەرێمی كوردستاندا جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی ڕابەرایەتی دەكات، كە قەوارەكە گەیشتووەتە ئاستێكی زۆر پێشكەوتوو و هەموو وڵاتانی داگیركار و دوژمن بە چەكدارانی پەكەكەشەوە، چاویان پێی هەڵنایەت و هەوڵی دروستكردنی كێشە دەدەن و گرفتی بۆ دروست دەكەن، سەرەڕای ئەوەی جەنابی سەرۆك بارزانی هەوڵی دا و چووە ناو هاوكێشەیەكیش بۆ ئەوەی كێشەی باكووری كوردستان لەگەڵ توركیا بە ئاشتی چارەسەر بكات، چونكە ئێستا سەردەم و قۆناغی دیالۆگ و دانیشتنە دوور لە چەكداری، بەڵام چەكدارانی پەكەكە بۆ ئەوەی خۆیان وەك گرووپێك بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بمێننەوە، ئەو پڕۆسەی ئاشتییەیان لە گۆڕ نا.

لەلایەكی دیكەوە جەنابی سەرۆك بارزانی بە فەرمان و بڕیار شەڕی كورد لەگەڵ كوردی حەرام كردووە، كەچی چەكدارانی پەكەكە ئەو بڕیار و هەڵویستە نیشتمانی و نەتەوەییەی سەرۆك بارزانییان بە دەرفەت وەرگرتووە و لێرە و لەوێ پەلاماری هێزی پێشمەرگەی كوردستان و خەڵكی سڤیلی هەرێمەكە دەدەن و بوونەتە میكانیزمێك بە دەستی دوژمنان و داگیركارانی كوردستانەوە، هەر ئەو كردەوە ناڕەوا و خراپەكارییانەیە وای كردووە چەكدارانی پەكەكە بخرێنە چوارچێوە و لیستی گرووپە تیرۆریستەكانی دونیا.

* ئەوەی جێگەی سەرنج و هەڵوەستەكردنە پەكەكە لە بری دۆستی ئەو لایەنانە بێت كە خەبات بۆ كوردستان دەكەن، كەچی وەك دەبینین دۆستی هەموو داگیركارانی كوردستانە، هەر بۆ نموونە لە شنگال دۆستی حەشدی شەعبییە و دوژمنی پێشمەرگە، ئایا ئەمە چۆن تەفسیر دەكرێت؟

- پێشتریش ئاماژەم پێ دا، چەكدارانی پەكەكە لە یەكەم ڕۆژی دروستبوونیانەوە بۆ سەربەخۆیی كوردستان هەوڵیان نەداوە و نایدەن و دژی ئەو لایەن و حزبانەن كە كوردستانی و نەتەوەیین، هەروەها چەندین ساڵیشە كە هەرێمی كوردستان بووەتە قەوارەیەكی فیدڕاڵی و سەربەخۆ و ئازاد لەلایەنی ئیداری و یاسایی و داراییەوە، كەچی چەكدارانی پەكەكە ڕق و كینەیان زۆر گەورەتر بووە و چاویان بەو كیانە هەڵنایەت كە لەسەر دەستی ئەوان نەك دانەمەزراوە، بەڵكو تێدا بەشدار نین بە یەك دڵۆپە خوێنیش، ئەمانەش وای كردووە ببنە گرووپ و چەكدار لەژێر دەستی دوژمنانی كورد و كوردستان، بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی كوردستانیان داگیر كردووە، بۆ نموونە پەیوەندیی چەكدارانی حەشد و پەكەكە زۆر بەهێزە، تا ئاستێك مووچەی بەشی زۆری چەكدارانی پەكەكە لەلایەن حەشدی شەعبییەوە دابین كراوە و نەك تەنیا لە شنگال، بەڵكو لە هەموو ناوچە و شوێنێك كە دەستی پەكەكەی پێڕا بگات، دژی خەڵك و بەرژەوەندییەكانی كوردستانن و پیلان و بەرنامەی دوژمنان جێبەجێ دەكەن، بەتایبەتی ئێستا وەك گرووپێكن لە بەردەستی ئێران و حەشدی شەعبی.

* تیرۆریستانی داعش، شنگال و تەواوی ناوچەكانی كوردانی ئێزدییان كاول كرد و ژن و كچانی ئێزدییان كردە كەنیزە، پەكەكەش لەو كاتەی لەو ناوچەیەن لە داعشیان كەمتر نەكردووە كە كچ و كوڕانی ئێزدی چەكدار دەكەن و دەیانڕفێنن، كە ئەمەش كارەساتێكی زۆر گەورەیە، چ خوێندنەوەیەكت بۆ كارەیان هەیە؟

- ئەو ڕەفتارانەی چەكدارانی پەكەكە لە شنگال دەیكەن، بەڵگەنەویستە كە پشتیوانی چەكدارانی حەشدی شەعبی و دوژمنی نەتەوەیین، ئەو بارودۆخەی بەسەر كوردانی ئێزدیشدا هات، زۆر ستەم و گەورە و ناخۆش بوو، كە زۆر درەنگ دەتوانن لە بیری بكەن، لەگەڵ ئەوەشدا چەكدارنی پەكەكە ئازارەكانیان گەورەتر و زیاتر كردن، كە ناهێڵن خەڵكەكە لە زێدی خۆیان ئازاد بن، هەر بۆیە پێویستە ئێزدییەكان لە ژێر چەتری هێزێكی وەك پارتی دیموكراتی كوردستاندا یەكگرتوو بن و نەهێڵن خەڵكەكەیان بەتایبەتی گەنجەكانیان هەڵخڵەتێنرێن، چونكە بۆ ئێزدییەكان ڕوون بووەتەوە كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بوو بە سەرپەرشتیی جەنابی سەرۆك بارزانی ڕاستەوخۆ شاری شنگال و ناوچەكەی لە دەستی تیرۆریستانی داعش ڕزگار كرد، بەڵام ئەگەر چەكدارانی پەكەكە ئیدیعایی ئەوە دەكەن، بە هانای شنگالەوە هاتن و دژی داعش شەڕیان كردووە، ئەوە دەڵێین دەستیان خۆش بێت، بەڵام پێویستە تا زووە ئەو ناوچەیە چۆل بكەن، تا بیانووی زیاتر نەدرێتە دەست دوژمنانی كوردستان، لەلایەكی دیكەوە ڕفاندن و چەكداركردنی مێرمنداڵ و گەنجانی ئێزدی لە شنگال لەلایەن پەكەكەوە كارێكی زۆر ناڕەوا و قێزەوەنە، ئەگەرچی لە دەستپێكی دامەزراندنیەوە ئەوە سیاسەتی پەكەكە بووە، بەڵام پێویستە واز بێنن لە شنگالییەكان، چونكە مەرگەسات و كارەساتی زۆر گەورەیان بەسەردا هاتووە، هەر بۆیە پێویستە چەكدارانی پەكەكە شنگال جێبهێڵین بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان، تا وەك ناوچەیەكی كوردستانی خزمەتگوزاری و ئاوەدانییەكانی تێدا دەست پێ بكاتەوە، ئەمەش تەنیا بەوە دەبێت لێرەدا دووبارەی دەكەمەوە كە چەكدارانی پەكەكە شنگال و دەڤەرەكە چۆڵ بكەن .

 

Top