پڕۆفیسۆر ئیان لەستیك بۆ گوڵان:   ئاشتەوایی ئێران و سعودیە لە پێداویستیی ڕاستەقینەی هەر دوولاوە سەرچاوەی گرتووە  

پڕۆفیسۆر ئیان لەستیك بۆ گوڵان:     ئاشتەوایی ئێران و سعودیە لە پێداویستیی ڕاستەقینەی هەر دوولاوە سەرچاوەی گرتووە   

 

ئیان لەستیك، خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرایە لە بواری زانستە سیاسییەكان كە لە زانكۆی كالیفۆڕنیا بەدەستی هێناوە، ئێستاش پڕۆفیسۆری زانستی سیاسییە لە زانكۆی پەنسلڤانیا و وانەبێژی سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەرفراوانبوون و داكشانی دەوڵەتان و چەند بوارێكی دیكە، لە توێژینەوەكانیدا بایەخ بە بواری سیاسەتی بەراوردكاری و سیاسەتی نێودەوڵەتی و سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات، لەگەڵ جەختكردنەوە لە كێشە و ناكۆكیی نێوان ئیسرائیل و عەرەب و ئیسرائیل و فەلەستین. بۆ زانینی بیروبۆچوونەكانی لەبارەی دۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی لە پەیوەندی بە پەرەسەندنەكانی پەیوەست بە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان كۆماری ئیسلامیی ئێران و عەرەبستانی سعودیە و ناكۆكیی درێژخایەنی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین، هەروەها ئاشتەوایی نێوان ئیسرائیل و چەند وڵاتێكی عەرەبی و چەند بابەتێكی دیكە، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجام دا.

 

 

* چۆن لە نزیكبوونەوە و ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵاتی كۆماری ئیسلامیی ئێران و عەرەبستانی سعودیە دەڕوانیت؟ ئایا لە تێڕوانینی ئێوەدا هۆكار و پاڵنەرەكانی ئەم ڕێككەوتن و ئاشتبوونەوەیەی نێوانیان چی بووە؟

- لە ڕاستیدا پێشتر و ئێستاش هۆكار و پاڵنەرەكانی ئاشتەوایی نێوان ئێران و سعودیە هەر پێداویستیی ڕاستەقینەی ئەم دوووڵاتە بووە. لەبەر ئەوەی ئێرانییەكان لەژێر گوشاری ناوخۆییدان و دەیانەوێت لەگەڵ وڵاتانی كەنداوی عەرەبی پەیوەندی دروست بكەن، بە ئومێدی ئەوەی ئەمە هاوكاریان بێت لە خۆلادان لە سزا سەپێندراوەكان لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و دووبارە دروستكردنەوەی دەرفەت بۆ درێژەدان بە دەستڕۆیشتوویی ئێران لە جیهانی ئیسلامیدا لە ڕێی ڕایەڵ و پەیوەندییە دیپلۆماتی و ئابوورییەكانەوە. هەروەها عەرەبستانی سعودیەش دەیەوێت شكستی یەمەن كۆتایی پێ بهێنێت و چەند دەستكەوتێك لە ئەمریكاوە بەدەست بهێنێت، بەوەی سعودیە دەیەوێت پیشانی بدات كە دەتوانێت كار لەگەڵ چین و ئێراندا بكات و پێویستی بەوە نییە بە تەنیا پشت بە ئەمریكا ببەستێت.

* ئایا بە تێڕوانینی ئێوە ئەم ڕێككەوتن و ئاشتەواییە سەركەوتوو و بەردەوام دەبێت و سەردەكێشێت بۆ بەرەوپێشچوونی ڕاستەقینە لە چارەسەركردنی كێشە سەرەكییەكانی ناوچەكەدا؟

- بە دڵنیاییەوە تووشی هەوراز و نشێو دەبێتەوە، چونكە هیچ شتێك لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەمیشەیی و بەردەوام نییە، لەبەر ئەوەی زۆرێك لە ڕژێمەكانی ئەو ناوچەیە كێشەی شەرعییەتیان هەیە لە تێڕوانینی زۆرێك لە دانیشتووانی وڵاتەكانیاندا. كەواتە دەكرێت بوترێت لە زۆر ڕووەوە ڕێككەوتنەكان تەنیا چەند ڕێوشوێنێكن لە نێوان حوكمڕانە خۆسەپێنەكاندا كە تەنیا پەرۆشی ئەوەن هاوپەیمان بۆ خۆیان دەستەبەر بكەن بۆ پاراستنی خۆیان لە بەرانبەر گەلەكانیاندا. بەڵام لەم نێوەندەدا بەرژەوەندیی ڕاستەقینە هەن و بارودۆخەكە بەرەو ئەوە دەچێت كە كۆتایی بە ژمارەیەك كێشە و ناكۆكی بهێنرێت، نەك تەنیا لە پەیوەندی بە حوسییەكان لە یەمەنەوە، بەڵكو لە پەیوەندی بە چارەسەركردنی كێشەی مامەڵەكردن لەگەڵ شیعەكانی نێو عەرەبستانی سعودیە. ئێمە دەتوانین ئومێدی ئەوە بكەین كە بوونی پەیوەندیی باشتر لە نێوان ڕیاز و تاران، ئاشتی و دەرفەتی بووژاندنەوە بۆ عێراق و سووریا و یەمەن بهێنێتەوە ئاراوە.

* بە تێڕوانینی ئێوە تا چەند ئەم ئاشتەواییە ئاماژەیە بە هەڵكشانی دەستڕۆیشتوویی چین لەم ناوچەیەدا- بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی چین ناوبژیوانی نێوان ئەم دوو وڵاتە بووە بۆ بەدیهێنانی ئەم ڕێككەوتنە- و تا چەند ئەمە ئەمریكای ناڕەحەت كردووە؟

- فاكتەری سەرەكیی توانای چین بۆ بەدیكردن و بەكارهێنانی دەرفەتی سەركەوتنی دیپلۆماتی لە ڕێی ناوبژیوانی لە نێوان ئێران و سعودیە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا تووشی ئەستەمی و ئاستەنگ بووەتەوە لە پەیوەندی بە سیاسەتەكانی لە ئاست ئێران و ئیسرائیلدا بە هۆی گوشارە سیاسییە ناوخۆییەكانەوە كە ناچاری دەكات، هاوشان بێت بە سیاسەتەكانی ئیسرائیل، تەنانەت كاتێك واشنتۆن هاوڕاش نەبێت لەگەڵ سیاسەتەكانی ئیسرائیلدا (بۆ نموونە لە پەیوەندی بە فەلەستین و لە ئاست ئێراندا)، ئەمەش بواری جووڵەی ئەمریكا كەم دەكاتەوە. ئەگەرنا ئەمریكا دەیتوانی بەلای كەمەوە پەیوەندییەكی بنیادنەرانەی لەگەڵ حوكمڕانانی ئیسلامیی تاران دروست بكات، هەروەك ئەو پەیوەندییانەی لەگەڵ حوكمڕانی ئیسلامیی ڕیاز هەیەتی. هەر چۆنێك بێت، ئەگەرچی ڕوون نییە ئەم ناوبژیوانییەی چین بۆ ئەم ئاشتەواییە تا چەند دەبێتەهۆی پتەوكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئێران و سعودیە، بەڵام ئەمە هۆشدارییەكە كە بۆی هەیە پەیوەندیی نزیكی ئەمریكا لەگەڵ حكومەتە توندڕەوەكانی ئیسرائیل باجی گەورەی بەدوادا بێت.

* ئایا دەكرێت بڵێین ئەم ڕێككەوتنەی نێوان سعودیە و ئێران بە ناوبژیوانیی چین گومانی لەسەر پەیوەندییە ستراتیژییەكانی سعودیە و ئەمریكا دروست كردووە؟ ئایا پەیوەندیی نێوان سعودیە و ئەمریكا لە ئایندەدا بە چ ئاقار و ئاڕاستەیەكدا دەڕوات؟

- لە ڕاستیدا ساڵانێكە ئەم پەیوەندییانە لە نێوان سعودیە و ئەمریكا تووشی بارگرژی بوونەتەوە. سعودیە دەیەوێت برەو بە دەستڕۆیشتوویی خۆی بدات لە بەرانبەر ئەمریكا لە ڕێی ورووژاندنی ئەگەری جۆرێك لە ئاشتەوایی لەگەڵ ئیسرائیلدا، كە ئەمە لە ڕووی سیاسییەوە زۆر خزمەت بە ئیدارەكەی بایدن دەكات. ئەگەرچی سعودیە سەربەخۆیی خۆی پیشان دەدات و ئەوە دەخاتەڕوو كە بژارەی دیكەی لەبەردەستدایە لە ڕێی پتەوكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئێران و چین. لە كۆتاییدا پێم وانییە پەیوەندییەكانی ئەمریكا و سعودیە بە شێوەیەكی ڕیشەیی گۆڕانكارییان بەسەردا بێت، بەڵام تاوەكو حكومەتی ئێستای ئیسرائیل لە دەسەڵاتدا بێت، ئەوا پەیوەندییەكان بە تەواوی ئاسایی نابنەوە.

* لە پەیوەندی بە ناكۆكیی ئیسرائیل و فەلەستینەوە، بۆچی ئەم ناكۆكییە هێندە درێژخایەنە و بۆچی پرۆسەی ئاشتی ئەوەندە ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە كە ڕێگری لە گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی یەكجارەكی دەكات؟

- ئەم ناكۆكییە درێژخایەنە، لەبەر ئەوەی بە پێچەوانەی ناوەندە ئیستیعمارییە نیشتەجێبووەكانی دیكەیە وەك (ئەمریكا، كەنەدا، ئوسترالیا، ئەرجەنتین و.. هتد) كە تێیدا دانیشتووانە بنەڕەتییەكە لە نێو بردران، یان لە ڕووی سیاسی و دیموگرافییەوە پەراوێز خران، ئەوا زایۆنیزم و جوولەكە نیشتەجێبووەكانی نێو فەلەستین ئەم كارەیان ئەنجام نەدا. ئەوەتا چەندین عەرەب هەن لە ڕۆژهەڵاتی ئەردەن كە لەژێر كۆنتڕۆڵ و ڕكێفی ئیسرائیلدان، بە چەشنی ئەوەی جوولەكەش هەن تێیدا. ئەم ناكۆكییە بۆ چەندین نەوە درێژە دەكێشێت. ئەگەر پێنج ساڵ پێش ئێستا ئەوە چارەسەر و جێبەجێ بكرایە كە بوونی دوو دەوڵەتی لەخۆ دەگرت، ئەوا بارودۆخەكە جیاواز دەبوو. بەڵام ئەو دەرفەتە لەدەست درا. ئێستاش پرسیارەكە ئەوەیە چەندی دەوێت تا ئیسرائیل ببێتە دیموكراسیەتی فرەكەلتووری.

* چۆن لە ئاساییبوونەوەی پەیوەندیی نێوان ئیسرائیل و چەند وڵاتێكی عەرەبی دەڕوانیت و ئایا پێت وایە لە ئایندەیەكی نزیكدا سعودیەش دەست دەكات بە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیلدا؟

- من پێم وایە ئاساییكردنەوە ئەو كاتە ڕوودەدات كە گۆڕانكاری لە حكومەتی ئیسرائیلدا ڕوو بدات، تەنانەت ئەو كاتەش تەنیا ئەگەری قووڵكردنەوەی ئەو پەیوەندییە ئەمنی و هەواڵگرییانە دەبێت، كە حاڵی حازر لە نێوان ئیسرائیل و سعودیەدا هەیە. لەم ڕووەوە دەكرێت ئەوە بڵێین كە سەرجەم ئەو ڕژێمانەی كە تەنیا و تەنیا پشت دەبەستن بە تەكنیكی خۆسەپێنی و هەواڵگری بۆ ئەوەی درێژە بە حوكمڕانیی خۆیان بدەن بەسەر دانیشتووانێكی گەورەی عەرەب و موسڵمانەكانەوە، لە نێویاندا ئیسرائیل، بەرژەوەندییان لەوەدایە كە تەكنیك و زانیارییەكان لەگەڵ یەكدیدا ئاڵوگۆڕ پێ بكەن. لە مەودای دووردا واقیعی یەك دەوڵەتی (بە واتای ئەوەی كە كەناری ڕۆژئاوا و كەرتی غەززە بە واقیعی دەكەونە ژێر دەسەڵات و ڕكێفی دەوڵەتی ئیسرائیلەوە) دێتە ئاراوە، ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانیشی لەگەڵ سعودیە دەرفەت بۆ عەرەبەكانی نێو ئیسرائیل دەڕەخسێنێت بۆ ئەوەی دەستیان بە سەرچاوەكان ڕابگات و ڕەنگە جۆرێك لە پاراستنی دیپلۆماتییش لەو وڵاتە موسڵمان و عەرەبانەوە بەدەست بهێنن كە ئیسرائیل پەیوەندی هەیە لەگەڵیاندا و نایەوێت ئەو پەیوەندییانە بخاتە مەترسییەوە.

 

Top