بەهای خۆراكیی كوولەكەی هاوینە
كوولەكەی هاوینە Summer squash دەوڵەمەندە بە ڕیشاڵ، كالسیۆم، مەگنسیۆم، پۆتاسیۆم، لەگەڵ ڤیتامینەكانی A، C، هەروەها ماددەی دژەئۆكسان لە جۆری پۆلیفینۆلەكان Polyphenols و كارۆتینۆیدەكان Carotenoids. سوودە تەندروستییەكانی كوولەكەی هاوینە: كەمكردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەكان، پاراستنی تەندروستیی پێست و كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی تیشكی سەرووی وەنەوشەیی لەسەر پێستدا، ڕێكخستنی پەستانی خوێن، سووككردنی نیشانەكانی خەمۆكی، بەهێزكردنی سیستمی بەرگریی لەش، هاندانی تەندروستیی كۆئەندامی هەرس، بەتایبەتی هاندانی گەشەی بەكتریای سوودبەخشی ڕیخۆڵە و هەڵمژینی ماددە خۆراكییەكان، ڕێكخستنی ئاستی شەكری خوێن، بۆیە خۆراكێكی گونجاوە بۆ خۆپاراستن و دابەزاندنی شەكری خوێن لە تووشبووانی نەخۆشیی شەكرەدا، كۆنترۆڵكردنی ئاستی كۆلیستیرۆڵی خراپ LDL لە خوێندا، كە هەنگاوێكی گرنگە بۆ ڕێگرتن لە ڕەقبوونی خوێنبەرەكان و نەخۆشیی خوێنبەرەكانی دڵ، پاراستنی چاوەكان لە وشكبوون و خۆپاراستن لە شەوكوێری Night blindness و گۆڕانەكانی چاو كە پەیوەستن بە بەساڵاچوون.