ئاشنا عومەر: كاتێك موزیكم هەڵبژارد تووشی كێشە و گرفتی زۆر بوومەوە

ئاشنا عومەر: كاتێك موزیكم هەڵبژارد تووشی كێشە و گرفتی زۆر بوومەوە

هونەرمەند ئاشنا عومەر ناوی تەواوی ( ئاشنا عومەر حەمە عزیز)-ە ساڵانێكە خۆی خستووەتە ناو دەریای هونەری گۆرانی و موزیك، هەر لەسەرەتای ژیانی هونەرییەوە، هەوڵی ئەوەی داوە بەشێوەیەكی ئەكادیمی خۆی فێری هونەری موزیك بكات، دوای تەواوكردنی پەیمانگەو كۆلێژی هونەر توانی بڕوانامەی ماستەریش هەر لەبواری موزیك بەدەست بهێنێت. بۆ زیاتری ئاشنابوون بەم خاتوونە هونەرمەندە بە چەند پرسیارێك بەسەرمان كردەوە.
هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس

*سەرەتا پێمان باشە باس لە ئاشنا بوونت بە هونەری موزیك بكەیت؟
- كاتێ قوتابی بووم لە قۆناغی بنەڕەتی و ناوەندی، و ئارەزووم بۆ هونەری موزیك هەبوو، بۆیە بە مەبەستی پەرەپێدانی ئەو حەز و ئاروەزووە، چوومە بەشی موزیكی پەیمانگەی هونەرەجوانەكانی هەولێر، لە ساڵی 2003 بەسەركەوتوویی پەیمانگەی هونەرەجوانەكانم تەواو كرد، بۆ ماوەی 10 ساڵ مامۆستای سروود و گۆرانی بووم، دواتر كۆلێژی هونەرەجوانەكانی هەولێر بەشی موزیكم تەواو كرد لە ساڵی 2014، ماوەی چەند ساڵێك وەك موعیدە لە بەشی موزیكی كولێژی هونەر كارم كرد، تا ساڵی2021 چوومە خوێندنی باڵا و ماستەرنامەم لە زانستەكانی موزیك بە دەست هێنا.
لەو نێوەندەدا ماوەی چەند ساڵێك، ئەندامی (ئۆكێسترای كوردستان) بووم، ئەندامی گروپی (مریەم خان) بووم كە گروپێكی خانمانە بوو سەر بە وەزارەتی ڕۆشنبیری، بەشداریی تەواوی چالاكییەكانی ئەم گرووپانەم كردووە وەك دەنگ وەك ژەنیار لە ماوەی ئەم ساڵانەدا.

ئاشنا عومەر: كاتێك موزیكم هەڵبژارد تووشی كێشە و گرفتی زۆر بوومەوە

* كاتێ فێربوونی موزیكت هەڵبژارد تووشی هیچ كێشەوگرفت نەبوویتەوە ؟
- بەڵی كاتێك موزیكم هەڵبژارد توشی كێشە و گرفتی زۆر بوومەوە، چونكە ئەو كاتە كۆمەڵگە قبوڵی نەبوو ئافرەتێك لەسەر شەقام بە ئامێرەوە ڕێ بكات، یان بە پاس بتوانێت بگاتە شوێنی خوێندن، نەبوونی و خراپیی لایەنی ئابووری بۆ ئێمە سەردەمی گرفت و كێشە بوو.
* تاچەند خێزانەكەت هاوكارت بوون بۆ ئەوەی لە كاروانی موزیك بەردەوام بیت؟
- خێزانەكەم هەموو هاوكار بوون، چونكە باوەڕیان بە هونەر هەبوو، پێیان وایە كە ئافرەت دەتوانێت گۆڕانكاری بكات و كۆمەڵگە بەرەوپێش ببات.
*موزیكی كوردی لە ئێستادا لە ئاستێكدا دەبینیت؟
- موزیكی و گۆرانیی كوردی لە ئێستادا تێكەڵییەكی پێوە دیارە، گەنجی باش و خوڵقێنەر هەیە كە ڕێز لە هونەرەكەی دەگرێت، بە داخەوە هەندێك كەسیش بە ناو هونەرمەندیش چەپ و ڕاست بە بێ گوێدانە هیچ، كەوتوونەتە ناو هونەرو بێ هەستی و بێ ئێحساس فەراغەكانیان بە هونەر پردەكەنەوە و ناویان لە خۆیان ناوە گۆرانیبێژ، ئەوەش جێگەی داخە كە هیچ فلتەریك نیە و بە ئاسانی دەتوانیت ببیت بە گۆرانیبێژ.
*ڕەخنەگری موزیك لە نێون موزیكی كوردی لە چ ئاستێكدایە؟
- بە شێوەیەكی گشتی لە ناو كۆمەڵگەی كوردیدا ڕەخنەی بنیاتنەر نییە، تەنیا ڕەخنەی ڕووخێنەر هەیە و بە بێ هیچ پێوەرێكی زانستی قسە لەسەر هەموو بابەتێك دەكرێت.
* ئەو سیفەتانە چین كە پێویستە لە هەموو موزسیانێكدا هەبێت؟
- ڕۆشنبیریی گشتی و خوێندنەوەی تایبەت و بە ئەكادیمیبوون دەبێت لە موزیسیاندا هەبێت، ڕوو گەش و ئەدای قسەكردن و گفتوكۆكردن دەبێت لە ئاستی ئەو ژەنیارەدابێت، بۆ ئەوەی جگە لە ژەنین ڕاوێژی تیۆریشی پێ بكرێت.
*ئاستی پەیمانگە و كۆلیژی هونەرە جوانكانی كوردستان چۆن دەبینیت؟
- بە شێوەیەكی گشتی باشە، بەڵام كەموكووڕییش هەیە لە هەموو ڕوویەكەوە، ئێستا هونەر بە گشتی گۆرانی و موزیك بە تایبەتی لە ڕووی پراكتیكیەوە بێ بایەخ بووە، چونكە دەرچووان هیچ ڕێگەیەكیان نییە بۆ بژێوی ژیان.
* ئاستی گۆرانیبێژان و موزسیانانی كچانی كورد لە چ ئاستێكدایە؟
- دەستگیرۆیی ئافرەتانی بەهرەمەند لەم بوارەدا لاوازە، تاكوتەرا لەسەر ئاستی ژەنین و دەنگ، ئافرەت دروست دەبێت، كە دروستش دەبێت بە دەگمەن دەمێننەوە لە ناو پرۆسەكەدا، ئەگەر سەرنج بدەن لێرە و لەوێ بە پەنجەی دەست هەم موزیسیان هەم گۆرانیبێژ دەبینرێت، هۆكاریش بۆ ئەمە زۆرە، یەكێك لەوانە بە ڕێژەیەكی كەم خێزانەكان ڕێگە بە كچەكانیان دەدەن كە بچنە ناوەندەكانی خوێندنی هونەر، پێیان وایە لە كۆتایدا ڕەنج بە خەسار دەبن، ئافرتانمان پێویستیان بە دەستگیرۆیی و پاڵپشتی هەیە بۆ مانەوەیان لە هونەر.
*لەم ماوەیەدا بڕوانامەی ماستەرت لە بواری موزیك بەدەست هێنا، دەكرێت باس لە ناوەڕۆكی توێژینەوەكەت بكەیت؟
- بەڵێ، بڕوانامەی ماستەرم بە دەست هێنا لە زانستەكانی موزیك، ناونیشانی ماستەرنامەكەم (ڕەهەندەكانی گۆڕانی چێژی ئیستاتیكی لە گۆرانی هاوچەرخی كوردیدا)بوو، ناونیشانێكی نوێ و كارێكی دەگمەن بوو، ئەزموونێكی نوێ بوو زۆر شت فێر بووم، گەیشتمە ئەنجامێكی باش لە توێژینەوەكەم، ناوەڕۆكی باسەكەم زانستی ئەنترۆپۆلۆجیا، جوانیناسی، گۆرانیی هاوچەرخ و هاوچەرخی كوردییە، شیكاریمان بۆ نموونەی ئەو گۆرانیانە كردووە كە بۆ باسەكەم هەڵمبژاردووە، بە داتا لە ڕێگەی ڕاپرسییەوە گەشتینە ئەو ئەنجامەی كە دەمانویست.
* سوپاس كە دەرفەتتان بە ئێمە بەخشی.
-منیش زۆر سوپاسی ئێوە دەكەم بۆ ئەو بەسەركردنەوەیە.

Top