د.سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان: دەبێت لە سەرچاوەی ئیمانەوە و لە ڕەهەندەكانی نیشتمان و مرۆڤ سەروەرییەوە ڕاشكاوانە گفتوگۆ لەگەڵ حزبەكانی ئیسلامی سیاسی بكەین
د.سالار عوسمان ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، یەكێكە لە ڕۆشنبیر و نووسەر و ڕۆژنامەنووسە دیارەكانی كوردستان و ساڵانێكی زۆر لە هەموو بوارەكانی میدیا كاری كردووە و توانیویەتی پانتاییەك دروست بكات بۆ ئەوەی گفتوگۆی جددی لەسەر كێشە جددییەكانی كۆمەڵگە و ناڕەزایەتییەكانی خەڵك بكات، كە جێگەی مشتومڕ و گەنەگەشەی ڕۆشنبیران و دەستەبژێری نیشتمانپەورەری ئەم وڵاتەن، لە گفتوگۆی ئەم جارەشدا «ئیسلامی سیاسی و بەدگومانی لەسەر كەلتوور و ناسنامە» دوای بەخێرهێنانی بەشداربووانی ئەم بازنەیە، زۆر بە ڕاشكاوی هەڵوەستەی لەسەر ئەوە كردەوە كە خەمەكانی خەڵك و خەمە گەورەكانی نیشتمان و نەتەوە و پاراستنی ڕەسەنایەتیی كەلتووری كوردەواری، پێویستی بەوەیە كە هەموومان پێكەوە لە پانتاییەكدا گەورەتر لە چوارچێوەی تێڕوانینی تەسكی حزبایەتی پێكەوە كۆبكاتەوە و بیر لە دۆزینەوەی ڕێگەچارەی گونجاو بۆ كێشەكانی خەڵك بكەینەوە و، هەوڵ بدەین خەمە گەورەكانی نیشتمان و نەتەوە خەمی هەموو لایەك بێت. لەبەشێكی قسەكانیدا هەڵوەستەی لەسەر دامەزراندنی «بازنەی گفتوگۆ» كردەوە و ئەو پرسیارەی ورووژاند، بۆچی بیر لەوە كراوەیە ئەم بازنەی گفتوگۆیە دابمەزرێنین و مانگە كۆمەڵێك ڕۆشنبیر و كەسایەتی و ئەكادیمیست و دەستەبژێری نیشتمانپەروەر بە جیاوازیی بیر و بۆچوونی سیاسی و بە جیاوازیی ئایین و نەتەوە كۆبكەینەوە، بۆ ئەوەی گفتوگۆی ڕاشكاوانە لەسەر یەكیك لە پرسە گرنگەكانی كۆمەڵگە و نەتەوەو نیشتمان بكەین. لە وەڵامی ئەم پرسیارانەدا ڕاشكاوانە جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، كە ئێمە هەموومان بە هەموو جیاوازییەكانمانەوە لەم نیشتمانە پێكەوە دەژین و ئەم وڵاتە وڵاتی هەموومانە و پێویستمان بەوەیە پێكەوە گفتوگۆ بكەین، بۆ ئەوەی باشتر لە یەكتری تێبگەین و، زەمینەیەك دروست بكەین بۆ ئەوەی جیاوازییەكانمان بكەین بە هێزێكی گەورە و ڕێگە چارەی گونجاو بۆ كێشەكانی كۆمەڵگە بدۆزینەوە و، هەرێمی كوردستان لەو هەڕەشە و مەترسییانە بپارێزین كە بەردەوام پیلانی بۆ دادەنرێت.
دوای ئەم پەیڤی بە خێرهێنانە بەمجۆرە دید و بۆچوونەكانی لەسەر ئیسلامی سیاسی بۆ گفتوگۆكە خستە ڕوو.
ئەمڕۆ گفتوگۆ لەسەر پرسێك دەكەین ئەویش «پرسی ئیسلامی سیاسی»یە و ئەم پرسەش پەیوەندیدارە بە خوا و مرۆڤەكان و بە نیشتمانەوە، ئەم سێ ڕەهەندە قسەی زۆر هەڵدەگرێت، هەروەها لەگەڵ ئەو بوارانەی كە بە دوای خۆیدا دەیانهێنێت، كە لێرەدا قسەمان لەسەر كاریگەرییە نەرێنییەكانی ئیسلامی سیاسی لە سەر دوو چەمكی گرنگە كە ئەویش چەمكەكانی «ناسنامە و كەلتوورە».
بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم چەمكە هەستیارە كە « ئیسلامی سیاسییە وەك حزب و گرووپ» بە باشی دەزانم جیا بكرێتەوە لە « ئیسلام وەك ئایین» كە ئەمیان پەیوەندییەكی تایبەتە لە نێوان خوا و تاكی موسڵماناندا، ئیسلام وەك ئایین بۆ موسڵمانان سەرچاوەی میهرەبانیی پەروەردگارە بۆ موسڵمانان، بەڵام «ئیسلامی سیاسی وەك گرووپ و حزب»، بەكارهێنانی ئایینی ئیسلامە بۆ پیرۆزكردنی سیاسەت، هەر بۆیە ئیسلامی سیاسی هێندەی ڕووی لە پارە و كورسییە، هێندە ڕووی لە خوداپەرستی نییە، هێندەی ڕووی لە دەسكەوتەكانی دونیایە، هێندە ڕووی لە پاداشت و سزای ڕۆژی دوایی نییە، ئیسلامی سیاسی كاتێك ئایین دەكاتە ئامرازێك بۆ سیاسەتكردن، ڕووە جوانە ڕۆحی و ئیلاهییەكەی لە ئیسلام دەكاتەوە و بەرگێكی بەرژەوەندیی حزبی و دونیایی بەبەردا دەكات، واتە لایەنە ڕەحمەت و میهرەبانییەكەی لێ دەكاتەوە و دەیكاتە فیتنە و دووبەرەكی لە كۆمەڵگەدا.
ئەو گفتوگۆیانەی هەتا ئێستا لە كوردستان لەسەر ئەم پرسە هەستیارەی «ئیسلامی سیاسی» كراون، دوو جۆر بوون، بۆیە گفتوگۆكانمان بەرهەمدار نەبوون و كاریگەرییان نەبوو، بەقەد ئەو وێنانەی دەیبینین، ئەو تیرۆرە فیكرییەش كە دەیبینین، ئەمەش لەبەر دوو هۆكار ڕێگەی نەداوە گفتوگۆكان بەرهەمدار بن.
یەكەمیان: ئەو گفتوگۆیانەی پێشتر لەسەر ئیسلامی سیاسی كراون، لە ڕەهەند و سەرچاوەی بێ باوەڕی بە ئایین «ئیلحاد» كراون، بۆیە ئێمە ئەم دەستپێكی بێباوەڕی بە ئایین دەبێت بگۆرین و گفتوگۆكانمان لە سەرچاوەی باوەڕ و ئیمانەوە دەست پێ بكەین، دەبێت ڕاشكاوانە گفتوگۆ لەسەر ئیسلامی بكەین لە ڕەهەندی «نیشتمان، مرۆڤ سەروەری و...هتد»، ئەوجا ئەگەر ڕەهەندی گفتوگۆی ئێمە باوەڕ و ئیمان بێت، ئەوا ئیسلامی سیاسی لە ڕەهەندی باوەڕ و ئیمانەوە ئەوەندە بەهێز نییە و ئەو ستوونانەی لەسەری ڕادەوەستن، فشۆڵن، چونكە حزب و گرووپی ئیسلامی سیاسی، خەرێكی كۆكردنەوەی دەنگ و كورسی و پێداویستییەكانی دونیایین، بۆیە كاتێك لە ڕەهەندی ئیمانەوە گفتوگۆیان لەگەڵ دەكەین و بە دەقی قورئان و فەرموودەكانی پێغەمبەر (د.خ) بەڵگەكانیان بۆ دەخەینە، ئەوان ناچار دەبن پاشەكشە بكەن و لە گفتوگۆكە سەركەوتوو نابن، بێگومان ئەو بەڕێزانەی لەم گفتوگۆیە بەشدارن لەمە تایبەتمەندتر و قووڵترن لەم بوارەدا و دڵیان باشتر ڕووچوونە ناو ئەم پرسە هەستیارە.
دووەمیان: خاڵێكی دیكە كە لە گفتوگۆكانماندا باش تەركیزمان لەسەر نەكردووە، ئەوە بووە ئێمە زۆر سیاسییانە گفتوگۆمان لەگەڵ كردوون، دەبێت لەم ڕووەوەشەوە ئاراستەی گفتوگۆكانمان بگۆڕین بۆ گفتوگۆی زانستی، لەم گفتوگۆ زانستییە مەبەستم ئەوەیە ئەو تەفسیرەی ئیسلامی سیاسی بۆ ئایینی ئیسلامی دەكات، لە زۆر شوێندا دژی زانستی ئایینە، هەر بۆیە ئیمامی غەزالی حاڵەتی لەو جۆرەی بینیوە بۆ «زیندووكردنەوەی زانستی ئایین – احیاء علوم الدین»، هەروەها زانست و یاسا سرووشتیەكانیش سەرچاوەیەكن بۆ بەهێز كردنی باوەڕ، وەك چۆن گوتراوە « العلم محراب الإیمان»، وەرچەرخانی بۆ ئەم گفتوگۆ زانستییە گرنگە لەبەر یەك دوو هۆكار، یەكەمیان تام و تەرز و بەرژەوەندیی سیاسی لە گفتوگۆكان دەكاتەوە، دووەمیان بە ڕێگەی زانستی ئایین و زانستە مرۆییەكان، زانایانی ئیسلامی ئیجتهادی زۆر ڕاست و دروست بكەن و دەستكارییەكانی ئیسلامی سیاسی بۆ ئایینی پیرۆزی ئیسلام ڕاست بكەنەوە، بەتایبەتی لە بواری «فەتوا»دا، كە زانایانی ئیسلامی زۆر جەخت لەوە دەكەنەوە كە فەتوادان كاری هەموو كەسێك نییە.
لە دوماهیدا دەمەوێت دوو پرسیار بورووژێنم:
1. بۆچی ترسناكترین حزبی ئایدلۆژیەت لە ئێستادا ئیسلامی سیاسییە لەكوردستاندا و ڕۆشنبیرانی ئێمە بۆچی ئەوەندەی لە ئیسلامی سیاسی دەترسن، لە حزبەكانی دیكە ناترسن؟
2. دەبێت ئەو پرسیارە لە ئیسلامی سیاسی بكەین، ئایا لە هەشتاكانی سەدەی ڕابردووەوە كە دەركەوتوون، پاشتریش كە لە دوای دامەزراندنی پەرلەمانی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بەشداریی پرۆسەی سیاسییان كردووە، چییان پێشكەشی ئەم میللەتە كردووە؟
گرنگە زۆر بە هێمنی و بە شێوەیەكی زانستییانە ئەو پرسیارانە بكەین و چاوەڕێی وەڵامی لۆژیكییان لێ بكەین.