ستیفن بلانك توێژەری باڵا لە پڕۆگرامی ئۆراسیا لە ئەنستیتیوتی توێژینەوەكانی سیاسەتی دەرەوە بۆ گوڵان: پوتین وەك پاڵەوانی نێو شانۆكانی شكسپیری لێ هاتووە  

ستیفن بلانك  توێژەری باڵا لە پڕۆگرامی ئۆراسیا لە ئەنستیتیوتی توێژینەوەكانی سیاسەتی دەرەوە بۆ گوڵان:  پوتین وەك پاڵەوانی  نێو شانۆكانی شكسپیری  لێ هاتووە   

 

سیتفن بلانك، توێژەری باڵایە لە پڕۆگرامی ئۆراسیا لە ئەنستیتیوتی توێژینەوەكانی سیاسەتی دەرەوە و زیاتر لە 900 وتار و توێژینەوەی بڵاو كردووەتەوە، لەسەر سیاسەتی سەربازی و دەرەكیی یەكێتی سۆڤیەت و ڕووسیا، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، ئاسیا و ئەوروپا، چەندین جاریش لە كۆنگرێسی ئەمریكادا ئامادە بووە بۆ باسكردن لە بارەی كاروبارەكانی ڕووسیا، چین و ئاسیای ناوەڕاست و ڕاوێژی پێ كراوە لەلایەن دەزگای هەواڵگریی ئەمریكا و ناوەندەكانی توێژینەوە. گوڵان لە میانەی دیدارێكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێ كرد، كە پتر پەیوەست بوون بە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا و پێشهات و پەرەسەندنەكانی ئەم شەڕە و ئەگەرەكانی پەیوەست بە ئاقاری شەڕەكە و، ئەگەری هەڵكشانی شەڕەكە بەرەو بەكارهێنانی چەكی ناوكی و چەند بابەتی دیكەی پەیوەندیدار.

 

* شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا بەردەوامە و هیچ ئەگەری چارەسەر و ڕێككەوتنێك لە ئاسۆدا بەدی ناكرێت، لە هەمان كاتدا پێ ناچێت هیچ لایەك بتوانن لە ڕووی سەربازییەوە شەڕەكە لە بەرژەوەندیی خۆیان یەكلا بكەنەوە، لە ئێستاشدا جۆرێك لە چەقبەستن لە گۆڕەپان و بەرەكانی شەڕدا دروست بووە، تێڕوانینی ئێوە بۆ بارودۆخەكە چییە و ئایا پێشهات و پەرەسەندنەكان بە چ ئاقارێكدا دەڕۆن؟

- ئەوەی لە ئێستادا بەدی دەكرێت، ئەوەیە كە جەنگەكە گۆڕدراوە بۆ شەڕی ئیستینزاف، ئۆكرانییەكان بەردەوامن لە بەدەستهێنانی سەركەوتنی تاكتیكی، خاڵێكی دیكە ئەوەیە كە ڕووسیا زیاتر بەرەو ئەوە دەچێت كە پشێوی باڵی بەسەردا بكێشێت، لەم ڕووەوە مردنی «یەڤگینی پرۆگۆژین»یش بەشێكە لەو پێشهات و پرسە، لە هەمان كاتدا بارودۆخی ئابووری لە نێو ڕووسیادا بەرەو خراپی دەچێت، هەروەها تووشی گیروگرفت بووەتەوە لە دروستكردن و بەرهەمهێنانی ئەو چەكانەی پێویستی پێیانە بۆ بەردەوامیدان بە شەڕەكە، ئەوەتا ناچار بووە كە ڕوو بكاتە وڵاتێكی وەك كۆریای باكوور بۆ ئەوەی ئەو چەكانە بەدەست بهێنێت كە لە بەردەست و لە ئارادان، نەك ئەو چەكانەی كە بە ڕاستی پێویستییانە و دەیانەوێت، بە پێچەوانەوە ڕۆژئاوا بەردەوام دەبێت لەوەی بۆ ساڵی داهاتووش چەك و كەرەسەتە بۆ ئۆكرانیا دابین و دەستەبەر بكات و ڕەنگە زیادیشی بكات. هەرچۆنێك بێت پێم وایە ئەوەی جێی داخە ئەوەیە كە ئەم شەڕە كاولكاری و وێرانكارییەكی زۆری لێ دەكەوێتەوە، بەڵام لەو باوەڕەدام لە كۆتاییدا ئۆكرانیا لە شەڕەكەدا سەركەوتوو دەبێت.

* ئەی ئەگەر بارودۆخەكە بەم چەشنە خراپ بێت، ئایا بۆچی ڕووسیا هێندە پێداگرە لەسەر درێژەدان بە شەڕەكە و بۆچی هەوڵ نادات بیر لە ڕێگەچارەیەك بكاتەوە، بۆ ئەوەی شەڕەكە بە جۆرێك لە جۆرەكان یەكلا بكرێتەوە، نەك ئەوەی هێندەی دیكە كاریگەریی نەرێنیی لەسەر باری ئابووریی وڵاتەكەی دابنێت، بە بێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەك لە ئارادا بێت كە ڕووسیا بتوانێت سەركەوتن بەدەست بهێنێت؟

- پێم وایە هۆكاری پێداگریی ڕووسیا لەسەر درێژەدان بە شەڕەكە ئەوەیە كە سەرۆك ڤلادمیر پوتین پێی وایە ئەگەر پەنا بۆ گفتوگۆ ببات، ئەمە بە مانای شكست دێت و خۆ ئەگەر لە شەڕەكەشدا تووشی دۆڕانێكی تەواو ببێتەوە، ئەوا لە بارودۆخێكی خراپتردا خۆی دەبینێتەوە، واتە ئەو ڕێگەچارەیەكی لە بەردەمدا نییە لەم ڕووەوە، بگرە لەم بارەیەوە لە پاڵەوانەكانی شانۆكانی نێو شكسپیر دەچێت كە تێیدا شەڕانگێزەكان هیچ چارەیەكیان نییە، جگە لەوەی بەردەوام بن لەسەر كوشتن، لەبەر ئەوەی ڕێگەچارەی گەڕانەوەیان نییە. كەواتە ئێستا پوتین لە دۆخێكی لەم شێوەیەدایە و تاكە ڕێگەی بەردەمی بەدەستهێنانی سەركەوتنە، چونكە ئێستا ناكرێت پوتین بێت و ڕایبگەیەنێت كە دەیەوێت گفتوگۆ لەگەڵ نازییەتدا بكات- كە پێشتر خۆی دەسەڵاتدارانی ئۆكرانیای بەم شێوەیە ناوزەد دەكرد)، خۆ ئەگەر سوپاكەشی بدۆڕێت لە شەڕەكەدا (كە پێم وایە لە كۆتاییدا ئەمە چارەنووسی ئەم سوپایە دەبێت) ئەوا ڕووبەڕووی گوشارێكی زۆر دەبێتەوە و ناچار دەبێت بڕوات و دەسەڵات بەجێبهێڵێت و خۆیشی ئەم ڕاستییە دەزانێت.

* بەڵام بۆ ئەوەی شەرعییەت بە شەڕەكە بدات، ڕووسیا بانگەشەی ئەوەی دەكرد كە ناتۆ سەرقاڵی فراوانخوازییە و ناكرێت ڕووسیا ئەوە قبووڵ بكات كە ئۆكرانیا ببێتە بەشێك لە هەڕەشە و مەترسییەكی جددی لەسەر وڵاتەكەی و، دەبێت لەم ڕووەوە هەنگاو هەڵبگرێت بۆ پارێزگاریكردن لە بەرژەوەندییە ئەمنییەكانی، ئێوە لەم بارەیەوە چی دەڵێن؟

- سەرەتا دەبێت ئێمە ئەو ڕاستییە لەبەرچاو بگرین كە سیستمی سیاسیی ڕووسیا لەسەر پارانۆیا بنیاد نراوە و پێك هێنراوە، چونكە بە هیچ شێوەیەك ئەگەری ئەوە لە ئارادا نەبوو كە ناتۆ بەرفراوان بێت و ئۆكرانیاش لەخۆ بگرێت، دەقاودەق لەبەر ئەوەی نەیاندەویست دوژمنایەتی ڕووسیا بورووژێنن، تەنانەت لە ئێستاشدا زەحمەتە ئەندامێتیی ئۆكرانیا قبووڵ بكرێت، كە ئۆكرانیا خواستی خۆی خستووەتەڕوو و لە شەڕدایە، واتە هەموو ئەوانەی ڕووسیا بانگەشەی بۆ دەكرد نیگەرانییەك بوون كە لەسەر بنەمای ناڕاستی و وەهمێك بنیاد نرابوون، بەڵام بە هێرشكردنی ڕووسیا بۆ سەر ئۆكرانیا ئەوە سەلمێندرا كە پێویستە ئۆكرانیا ببێتە ئەندامی ناتۆ، چونكە ئەمە تاكە بەدیلی ئاسایشی نەك تەنیا ئۆكرانیا، بەڵكو تێكڕای وڵاتانی دەوروبەری ئۆكرانیایە لە بەرانبەر ئیمپریالیزمی ڕووسیا، كە قابیلی قبووڵكردن نییە. دواتر دەبێت ئاماژە بەوەش بكەین كە ئەمە هەوڵی ڤلادمیر پوتین بوو بۆ بەهێزكردنی پێگە و ناوبانگی خۆی بەوەی كەسێكە خاكی ڕووسیای یەك خستووەتەوە، كە لە ڕاستیدا هەموو ئەوانە وەهم و خەیاڵ پڵاوی بوون.

* بەڵام ئەوەی بەدی دەكرێت پێچەوانەی ئەم خواست و ویستەی سەرۆك ڤلادمیر پوتینە، چونكە ئاشكرایە كە ئەم شەڕە بووەتە هۆی لاوازكردنی پێگەی ڕووسیا لە ڕووی ئابووری و لە ڕووی نێودەوڵەتییشەوە، ئێوە لەم بارەیەوە چی دەڵێن؟

- ئەمە زۆر ڕاستە و ئەم شەڕە مایەی كارەسات بووە بۆ ڕووسیا.

* بەڵام ئەگەر ئەمە هەڵەیەكی ستراتیژیی گەورە بووبێت بۆ ڕووسیا و مایەی كارەسات بووبێت بۆ ئەم وڵاتە، ئایا پێت وایە پەرچەكردار و كاردانەوەی گەلی ڕووسیا چی دەبێت؟ ئایا بە چەشنێك دەبێت كە هەوڵ بدەن ڤلادمیر پوتین ڕووبەڕووی بەرپرسیارێتی بكەنەوە؟

- من پێشبینی ئەم چەشنە كاردانەوەیە ناكەم، تەنیا ئەو كاتە نەبێت كە سوپای ڕووسیا بە تەواوی تووشی شكست ببێت و بدۆڕێت لە شەڕەكەدا، خۆ ئەگەر ئەمە ڕوو بدات، ئەوا پەرچەكردارێكی زۆر و پشێوییەكی زۆر دێنە ئاراوە لە نێو ڕووسیادا.

* بەڵام لە ئێستادا ئاماژەكانی دۆڕانی سوپای ڕووسیا لە ئارادا نین، وەك لە پرسیارەكانی پێشوودا باسمان كرد، جۆرێك لە چەقبەستوویی لە گۆڕەپانی شەڕدا دروست بووە؟

- من پێم وانییە ئەو چەقبەستووییە درێژە بكێشێت، چونكە ئەوەی ئێستا لە ئاراداییە ئەوەیە كە ئۆكرانیا یەكگرتووە و بگرە ڕۆژئاواش یەكگرتوون، لە كاتێكدا ڕووسیا بەرەو ئەوە دەچێت پشێوی باڵی بەسەردا بكێشێت، ئێوە لە پرسی پریگۆژین بڕوانن (ئەگەرچی ئێستا مردووە)، ئەوەتا بەهای ڕۆبڵی ڕووسیا لە سەروبەندی ئەوەدایە كە بە ڕاددەیەكی زۆر دابەزێت و بارودۆخی ئابووری بۆ ساڵانی داهاتوو ڕووبەڕووی سستی و خاووبوونەوە دەچێت و لە ڕووی تەكنەلۆژییەوە ڕووسیا ناتوانێت پێ بە پێی وڵاتانی دیكە پێش بكەوێت و پەرە بستێنێت، ئێوە بڕوانن ڕووسیا ویستی كەشتییەك هەڵبدات بۆ سەر مانگ، بەڵام نەیتوانی و شكستی هێنا، لە كاتێكدا هیندستان لەم هەوڵەدا سەركەوتوو بوو.

* هەمیشە باس لەوە دەكرێت ئەگەر ڕووسیا هەست بكات نزیكە لەوەی شەڕەكە بدۆڕێنێت، ئەوا پەنا بۆ هەڵكشانی بارودۆخەكە دەبات و ڕەنگە بیر لە بەكارهێنانی چەكی ناوكییش بكاتەوە، لەم ڕووەوە تێڕوانینی ئێوە چییە؟

- ڕووسیا ڕانەوەستا لە هەڵكشاندنی بارودۆخەكە، بەڵام ئەوەی بەدی كراوە پێی دەگوترێت هەڵكشانی ئاسۆیی، كە هەڕەشەی لە پۆڵەندا كردووە و لە ڕێككەوتنی تایبەت بە دانەوێڵە كشایەوە، ئەوەی پەیوەست بێت بە پەنابردنەبەر بەكارهێنانی چەكی ناوكییەوە، ئەوا پێم وانییە ڕووسیا بیر لەم ڕێگە چارەیە بكاتەوە، چونكە بەكارهێنانی ئەم چەكە بەو مانایە دێت كە ناتۆ دێتە نێو شەڕەكەوە و ئەو كاتە ڕووسیاش ڕووبەڕووی هێرشی ناوكی دەبێتەوە و ناتوانێت شەڕەكە بباتەوە. 

 

Top