لە دوو داهێنانی نوێدا ڕۆبۆتی دیاریكردنی دزەكردنی غاز و ڕێژەی شێ لە هەوادا دروست كرا

لە دوو داهێنانی نوێدا ڕۆبۆتی دیاریكردنی دزەكردنی غاز و ڕێژەی شێ لە هەوادا دروست كرا

 

محەمەد عارف:

دیاریكردنی ڕێژەی دزەكردنی غاز لە دوورەوە لە ڕێگەی ڕۆبۆتی ئۆتۆمبێل كۆنتڕۆڵكراو داهێنانێكی نوێیە

 

فەهد ماجد:

لە ڕێگەی ئەم داهێنانەوە لە دوورەوە ڕێژەی شێ لەناو كۆگاكانی دەرمان و خۆراكدا دەستنیشان دەكرێت

 

كۆمەڵێك گەنجی زانكۆی تیشك لە داهێنانێكی نوێدا توانییان بە پێداویستییەكی كەمی سنووردار دوو داهێنانی نوێ بدۆزنەوە و لە ڕووی كردارەوە جێبەجێی بكەن، ئەویش پڕۆژەی ڕۆبۆتی دیاریكردنی دزەكردنی غازی مەترسیداری LPG و دیاركردنی ڕێژەی شێ و بەرزونزمیی پلەی گەرما لە دوورەوە، ئەم دوو داهێنانە گرنگییەكی زۆری بۆ پاراستنی ژینگە و سەلامەتیی مرۆڤ و تەندروستیی هاووڵاتیان هەیە. بیرۆكە و داهێنانی یەكەم كە بریتییە لە دیاریكردنی غازی دزەكراو، لە ڕێگەی ڕۆبۆتێكی ئۆتۆمبێلەوەیە كە دەتوانرێت لە سێرڤەری وێب ڕووكاری بوونی غاز و كۆنتڕۆڵی دزەكردنی غاز بكرێت كە بۆ ژینگە و سەلامەتی زۆر گرنگە. داهێنانی دووەمیش كە تایبەتە بە دیاریكردنی ڕێژەی شێ و پلەی گەرما لە هەوادا، ئەمیش بۆ پاراستنی ئاستی پلەی گەرما و شێ لە كۆگاكانی دەرمان و ئارد و خۆراكدا زۆر پێویستە. گۆڤاری گوڵان بۆ بەدواداچوونی ئەم دوو داهێنانە لەگەڵ حەوت دەرچووی زانكۆی تیشك كە پێكەوە ڕۆڵیان هەبووە لە بیرۆكە و داهێنانەكەدا ڕاپۆرتێكی ئامادە كردووە.

سەرەتا چەند پرسیارمان لە محەمەد عارف دەرچووی بەشی ئەندازیاریی كۆمپیۆتەر لە زانكۆی تیشك كرد، كە لەگەڵ سێ قوتابیی هاوڕێی توانیویانە ڕۆبۆتێك دروست بكەن، سەبارەت بە بیرۆكەی داهێنانەكە گوتی: «ساڵی ڕابردوو لە چەند تەقینەوەیەكی دزەكردنی غازی LPG كە لە سلێمانی و دهۆك ڕوویان دا، ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیان بوونە قوربانی و ڕووداوێكی جەرگبڕی لێ كەوتەوە و حكومەتی هەرێمی كوردستانیش ناچار بوو، بەكارهێنانی ئەم جۆرە شێوازەی خۆگەرمكردنەوە، یان بەكارهێنانی ڕابگرێت، بەڕاستی كارەساتێكی گەورە بوو كە غازی دزەكراو جگە لە بەهێزیی تەقینەوەكەی ژمارەیەكی زۆری قوربانیی لە منداڵ و ئافرەتانیش لێكەوتەوە، لە كاتێكدا لە ڕووی ئابوورییەوە بەكارهێنانی ئەم غازە زۆر سوودی هەیە و تێچوویەكی كەمتری لە شێوازەكانی دیكەی بەكارهێنانی سووتەمەنیدا هەیە و پاك و خاوێنتریشە، بۆیە بە سەرپەرشتیی دكتۆر گۆران عەبدولڕەحمان، من لەگەڵ دوو هاوڕێی دیكەم بە ناوەكانی (محەمەد ئازاد و برووسك باسیل) بیرمان لە دروستكردنی داهێنانێك كردەوە كە لە دوورەوە غازی هەستەوەر دیاری بكات، ئەم بیرۆكەیە پێشتر هیچی لەسەر نەكراوە، كە بە كۆنتڕۆڵ لە دوورەوە، یان لە رێگەی جووڵاندنی ڕۆبۆتەكەوە لە سەر مۆبایلەكە هاتوچۆ و گەڕانی ڕۆبۆتەكە كۆنتڕۆڵ بكرێت و ئۆتۆمبێلەكە وەكو بەكارهێنەرێكی دۆستانە سوودی لێ وەربگیرێت و بەوەش دزەكردنی غازەكە و ڕێژەكەی بدۆزینەوە و لە كاتی دزەكردنی غازەكەشدا تیمەكانی پشكنین سەلامەت بن، دیاریكردنی دزەكردنی غازی LPG كە زۆر مەترسیدارە بە برۆتۆز لەسەر مۆبایلی خۆمان دروستمان كردووە و ڕۆبۆتەكە كامێرای لە سەرە و كاتێك دەنێردرێتە ناو بیناكە لە ماوەی 50-60 مەتر دەتوانرێت كاری پێ بكرێت، جگە لەمەش دەتوانرێت هاووڵاتیان لە ناو ماڵەكانیاندا ئەم ڕۆبۆتە بەكار بهێنن و ڕێژەی دزەكردنی غازەكە دیاری بكرێت و لە مەترسییەكانی دوور بكەونەوە، دیاریكردنی سیستمی لە دوورەوە كۆنترۆڵكردن و چاودێریكردن و ئاگاداركردنەوەی غازی بەفیڕۆچوو، یان ئەوەی پێی دەگوترێت دزەكردنی غاز، دەكرێت لە دوورەوە فەرمان بە ڕۆبۆتەكە بدرێت و كامێرا و ئامێری پشكیننی هەیە و تەنانەت لە كاتی شەو و لە ناو تاریكیشدا لایتی لە سەرە و ڕێگەكانی ڕۆشن دەكاتەوە».

محەمەد عارف سەبارەت بە گرنگیدان بەم داهێنە و پاڵپشتیكردنیان گوتی: «گەنجەكانی ناو زانكۆكانی كوردستان خاوەنی داهێنان و بیرۆكەی زۆر جوانن، زۆر لەو بیرۆكە و داهێنانانە تەنانەت لە وڵاتانی دونیادا بەو ڕاددەیە نییە، ئێمە سوپاسی مامۆستا گۆران و تیمی پەیوەندیداری بەشەكەمان دەكەین، كە هاوكار و پاڵپشتمان بوون، داواكارم ڕێكخراوەكان و دامەزراوەكانی حكومەت پاڵپشتیمان بكەن و بیرۆكە و داهێنانەكەمان پێش بخرێت و پەرەپێدانی تێدا بكرێت، بەتایبەتی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ و تیمەكانی فریاكەوتنی شارستانی و بگرە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانەوە دەتوانێت جگە لە دانانی لە ناو ئەو ماڵانەی سیستمی غازی LPG  بەكاردەهێنن، یان لە فڕن و سەمونخانەكان و هۆتێلەكان و بینایە بەرزەكان سوود لە دانانی ئەم ڕۆبۆتە وەربگرن بۆ دیاریكردنی دزەكردنی غاز و هاوكات سەلامەتیی هاووڵاتیان و كرێكاران بپارێزن، جێگەی داخە لە هەرێمی كوردستان دامەزراوەیەكی تایبەت بە داهێنان و پەرەپێدانی ئەم داهێنانە نییە».

هەر لە هەمان زانكۆی تیشك چەند دەرچووی بەشی ئەندازیاری بە ناوەكانی (فەهد ماجد، ئەمیر ئیحسان، محەمەد جەلیل و هەمیسە ناتیق) توانیویانە داهێنانێكی دیكە بكەن بۆ دیاریكردنی ڕێژەی شێ، كە بۆ پاراستنی كۆگەكانی دەرمان و پێداویستییە پزیشكییەكان و زۆر بەرهەم و كاڵای دیكەی ناو كۆگاكان پێویستە، لەم بارەیەوە فەهد ماجد گوتی: «دكتۆر سامان میرزا سەرپەرشتیی داهێنانەكەی كردووە و بیرۆكەی داهێنانەكەشمان لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە لە زۆربەی كۆگاكانی دەرماندا بە هۆی بەرزیی ڕێژەی شێ، بەتایبەتی لە وەرزی زستاندا زیانێكی گەورە بە دەرمان و پێداویستییە پزیشكییەكان دەگات، بۆیە ئێمە بیرمان لەوە كردەوە، لە ڕێگەی هەستەوەرێكەوە ئەم ئامێرە دروست بكەین كە كاریگەریی زۆری هەیە بۆ دەستنیشانكردن و ئاگاداركردنەوەی ئەو دەرمان و پێداویستییە پزیشكییانەی دەكەونە بەر كاریگەریی بەرزیی پلەی گەرمی، یان بەرزیی ڕێژەی شێ لە هەوادا، ئەم هەستەوەرەش لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە بەستراوەتەوە بە ئەنتەرنێتەوە و لەوێشەوە لە ڕێگەی وێبسایتێكەوە زانیارییەكانی پلەی گەرما و ڕێژەی شێ كە چەندە و ئەگەر زیاد بێت، یان كەم بێت، ئاگادارمان دەكاتەوە، هەر خۆی لە خۆیدا ئەم بابەتە بۆ لایەنی تەندروستی زۆر گرنگە كە دەتوانرێت لە هەموو كۆگاكانی دەرمان و خۆراك و ئارد و زۆر بابەتی دیكە سوودی لێ وەربگرن، كە بە پلەی گەرمای بەرز، یان بە بوونی ڕێژەی شێی زۆر لە هەوادا تێك دەچن، هەرێمی كوردستانیش كە بەوە ناسراوە زستانی سارد و شێدارە و هاوینی گەرم و وشكە و پلەكانی گەرمان لە درێژایی ساڵدا زۆر جیاوازیی تێدایە، لە ڕێگەی دانانی ئەم ئامێرەوە لە دوورەوە لە ڕێگەی ئەو وێبسایتە و بە سوودوەرگرتن لە هێڵی ئەنتەرنێت، پێمان دەڵێت پلەی گەرمای كۆگاكە بەرزە، یان ڕێژەی شێ لە هەوادا لەو كۆگایە تا چەند بەرزە، بۆیە ڕاستەوخۆ هەر لە دوورەوە لە ڕێگەی ئەنتەرنێتەوە پلەكانی ساردكەرەوەكە، یان سپلیتەكە بەرز و نزم دەكرێتەوە، ئەمەش بڕە پارەیەكی زۆر بۆ خاوەن كۆگاكان دەگەڕێتەوە، چونكە لەم حاڵەتەدا بۆ چاودێریكردنی پلەكانی گەرما و ڕێژەی شێ لە هەوادا، پێویستمان بە كارمەندێك نییە، سەرقاڵی ئەم كارە بێت و تەنانەت هەڵەی مرۆڤ بەراورد بە ئامێر زۆر زیاترە و تێچوونیشی بەرزترە، بۆ حاڵەتی بچڕانی تەزووی كارەبا ئەم ئامێرە لە ڕێگەی باترییەكی بارگاویكردنەوە بەردەوام دەبێت لە كاركردن بۆ ماوەیەكی باش و لەسەر ئەنتەرنێت 24 كاتژمێر زانیاری و داتامان دەداتێ».

گوتیشی: «ئێمە تێبینیمان كردووە لە زۆر لە كۆگا گەورەكانی بەشە خۆراكی هاووڵاتیان، یان كۆگاكانی هەڵگرتنی خۆراكی وەكو ئارد و زەیت و دۆشاوی تەماتە و سەرجەم خواردەمەنی و خۆراكەكانی دیكەی قوتوبەند، كە لە كاتی ئەمباركردنی پلەی بەرزی گەرمی و ساردیی شوێنەكە، زیانی گەورەیان بەردەكەوێت، لەسەر زۆر كاڵا و خۆراك بەتایبەتی لە قوتوبەندەكان نووسراوە كۆمپانیا بەرپرس نییە لەسەر خراپ ئەمباركردنی، واتا مەرج نییە ماددەیەكی خۆراكی كە ماوەی بەسەرچوونەكەی لەسەر نووسراوە و بە هەڵە ئەمبار كراوە، ئەو ماددەیە خراپ نەبێت، ئێمە ئامانجی داهێنانەكەمان بۆ كۆگاكانی دەرمان و خۆراك باس كردووە، بەڵام دەكرێت ئەم ئامێرە بۆ سۆپەرماركێت و دووكان و تەنانەت لە ماڵەكانیشدا دابنرێت و پلەكانی گەرما و ڕێژەی شێ لە هەوادا دیاری بكرێت و كۆنتڕۆڵیشی بكەین، بیرۆكەكە و داهێنانەكە لە قۆناغی سەرەتادایە و پێویستە زانكۆكەمان پێشكەشی لایەنی پەیوەندیداری بكات و پاڵپشتیمان بكرێت، بۆ نموونە ئێمە ئەو ئامێری هەستیارانەی بەكارمان هێناوە، ئامێری ئاسایین، لە كاتێكدا لە بازاڕەكاندا ئامێری هەستیاری زۆر باش و گران هەیە، كە ڕەنگە لە توانای ماددی ئێمەدا نەبووبێت تا ئەم ئامێرە پێشكەوتووانە بەكار بهێنین، لە كاتێكدا ئەگەر دەزگایەك، یان دامەزراوەیەكی حكوومی، یان كەرتی تایبەت هەبێت و پاڵپشتیی پڕۆژەكە و پەرەپێدانمان بكات، ئەوا داهێنانەكەمان زۆر باشتر دەكەین. ئێمە وەكو قوتابیی دەرچووی زانكۆی تیشك سوپاسی مامۆستا بەڕێزەكانمان دەكەین، كە پاڵپشتیی ئەم داهێنان و بیرۆكانەمان دەكەن، بەڵام ئەوانیش توانای داراییان كەمە، پێویستە ئێمەش وەكو وڵاتانی پێشكەوتوو دەزگا و تاقیگە و دامەزراوەی پێشكەوتوومان هەبێت، كە پاڵپشتی گەنجان بكەن لە داهێنانی نوێ و پەرەپێدانی داهێنانەكانیان، كە دەكرێت ئەم داهێنانانە لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان و لە ناو كۆمپانیا بەناوبانگە جیهانییەكاندا مافی موڵكداریی داهێنانەكەمان دەست بكەوێت و خزمەتی بەشەرییەت و زۆر سێكتەر و بواری جۆراوجۆری پێ بكرێت، لە زانكۆكەماندا قوتابی هەبووە داهێنانێكی گەورەی هەبوو وەك بەكارهێنانی دەستی دەستكرد، بەڵام بەداخەوە وەكو پێویست لەلایەن دامەزراوەكانی حكومەت و كەرتی تایبەتەوە گرنگیی پێ نەدرا، لەكاتێكدا ئێمە لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و زانكۆكانی كوردستان چەندین سەنتەرمان هەیە، بەڵام نەمبینیوە ئەم سەنتەرانە بتوانن گرنگی بە بیرۆكە و داهێنانەكان بدەن، لەمەشدا دامەزراوەكانی ڕاگەیاندنیش كەمتەرخەم بوون، ئێستاش من سوپاسی گۆڤاری گوڵان دەكەم كە گرنگی بەم دوو داهێنانە دەدات.    

 

لە دوو داهێنانی نوێدا ڕۆبۆتی دیاریكردنی دزەكردنی غاز و ڕێژەی شێ لە هەوادا دروست كرا
لە دوو داهێنانی نوێدا ڕۆبۆتی دیاریكردنی دزەكردنی غاز و ڕێژەی شێ لە هەوادا دروست كرا
لە دوو داهێنانی نوێدا ڕۆبۆتی دیاریكردنی دزەكردنی غاز و ڕێژەی شێ لە هەوادا دروست كرا
Top