بەهۆی لافاو لە چین ٤٨ کەس بێسەروشوێن بوون
تەلەفزیۆنی چین ڕایگەیاند: لە ئەنجامی لافاوەکەی ئەم وڵاتە ٤٨ کەس بێسەروشوێن بوون و ٤ کەسیش گیانیان لەدەستدا.
تەلەفزیۆنی ناوەندی چین (CCTV) ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویکردەوە: بەهۆی لافاوێک لە شوێنێکی بیناسازی لە پارێزگای « سیچوان» کە دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای ئەم وڵاتە، چوار کەس گیانیان لەدەستداوە، هەروەها ٤٨ کەسی دیکەش بێسەروشوێنن.
ئەم کەناڵە تەلەفزیۆنییە ڕایگەیاند: لە کاتی ڕووداوەکەدا بە گشتی ٢٠١ کەس لە شوێنی ڕووداوەکە ئامادەبوون، لەو ژمارەیەش ١٤٩ کەس توانیویانە لەم شوێنە هەڵبێن.
هەروەها دەسەڵاتدارانی ناوچەکە ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی گەڕان و ڕزگارکردنی بێسەروشوێنەکان بەردەوامە.
ئەم کەناڵە تەلەفزیۆنییە بڵاویکردەوە: « شی جین پینگ »، سەرۆکی چین فەرمانی تایبەتی دەرکردووە بە مەبەستی جوڵاندنی هێزەكان بۆ خێراکردنی گەڕان بەدوای بێسەروشوێنەکاندا.
لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە: لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان پێنج کەس بە تۆمەتی پێدانی زانیاری ناڕاست یان نەدانی زانیاری پێویست سەبارەت بە لافاوەکە دەستگیر کراون.
لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا چین لافاو و بارانبارینی بەخوڕی بەخۆیەوە بینیوە کە بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی ژمارەیەک کەس.
گوڵان: سەردار خەلیل