نەسرین عەبدین بۆ گوڵان: ئێمە لە سینەماكارە ڕۆژئاواییەكان زیاتر دەتوانین گوزارشت لە واقعی خۆمان بكەین

نەسرین عەبدین بۆ گوڵان: ئێمە لە سینەماكارە ڕۆژئاواییەكان زیاتر دەتوانین گوزارشت لە واقعی خۆمان بكەین

نەسرین عەبدین كچێكی كوردی خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستانە، لەگەڵ ئەندامانی خێزانەكەی لە ساڵی 2012 وەك پەنابەر ڕووی لە هەرێمی كوردستان كردووە، سەرەتا سینەما وەك خولیایەك بوولای نەسرین، دواتر وەك پیشەگەر دەستی بە كاری سینەما كرد، دوای ئەوەی ماوەیەك لە كەمپی دۆمیز ئاوارە بوو، ڕووی لە هەندەران كرد و لەوێ درێژەی بە كارەكانی خۆی داوە، لە دەرفەتێكدا چەند پرسیارێكمان ئاراستەی كرد، ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی داینەوە.

* سینەما لە ڕۆژئاوای كوردستان چۆنە؟
- لە ڕۆژئاوای كوردستان ڕاستەوخۆ دوای شۆڕش سینەما دەستی پێكرد، كە سیمای تایبەتی خۆی هەیە، پێشتر بەشێكی زۆری ئەستێرەكانی سووریا كورد بوون وەك (مونا وەسف خالد تاجا عەبدولرەحمان) و چەندانی دیكە كە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا زۆر شتیان پێشكەش بە هونەر و سینەما و درامای سووریا كردووە، بەڵام بەداخەوە ئەم هونەرمەندانە هیچیان لەبارەی پرسی كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان و ئەو ئازارانەی كە گەلی كورد پێوەی دەناڵاند، باس نەكردووە.
داعش بەدبەختی و كارەساتی بەسەر خەڵكی كوردستان هێناوە، بەڵام لە ڕوانگەی هونەرەوە، بەتایبەت لە سینەمادا بووە هۆی ئەوەی زۆرێك لە دەرهێنەرانی بیانی و كورد سەردانی ڕۆژئاوا بكەن و، لە بەرهەمە سینەماییەكان باس لە بارودۆخی ژیانی خەڵكی كوردستان بكەن و تیشكیان خستووەتە سەر ژیانی ئافرەتانی كورد، كە خەبات دەكەن بۆ ڕزگاربوون لە دەستی داعش، لە هەمان كاتدا ئازار دەچێژن و شەڕ بۆ مافەكانی دەكەن، بۆیە ڕۆڵێكی گەورەیان هەبوو لە پیشاندانی پرسی كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان.

نەسرین عەبدین بۆ گوڵان: ئێمە لە سینەماكارە ڕۆژئاواییەكان زیاتر دەتوانین گوزارشت لە واقعی خۆمان بكەین

* ئەو ئاستەنگانە چین كە ڕووبەڕووت دەبنەوە؟
- لە ڕاستیدا ئاستەنگەكان زۆرن، یەكەمیان ئەوەیە كە من ئافرەتم دەتوانم بڵێم من یەكەم یان دووەم ئافرەتم لە ڕۆژئاوای كوردستان كاری سینەمام كردووە، بەڵام بەداخەوە نەمتوانی هیچ كارێك لە ڕۆژئاوای كوردستان ئەنجام بدەم، بۆیە هاتمە باشووری كوردستان، لێرەش چەندین فیلمم پێشكەش كرد، یەكەم بەرهەمم فیلمی (دۆزەخی سارد) بوو كە خەڵاتی باشترین فیلمی لە فێستیڤاڵی واست لە عێراق بەدەست هێنا، دواتر فیلمێكم بەناوی (پێشوازیكردن لە مردن) دەربارەی قارەمانێتیی هێزەكانی پێشمەرگە پێشكەش كرد، ئەم فیلمە زیاتر لە چوار ساڵی خایاند و هێزی زێرەڤانی یارمەتییان دام، هەروەها وێنەگری بە توانا نزار میكائیل ڕۆڵێكی گرنگی هەبوو لە وێنەگرتنی دیمەنەكانی شەڕ، ئێستا فیلمەكە لە فێستیڤاڵە سینەماییەكاندا نمایش دەكرێت و لە مانگی ئەیلول نمایشێكی تایبەتیی دەبێت لە ئەڵمانیا.
نەبوونی سپۆنسەر ئاستەنگێكی دیكە بووە بۆم، چونكە من پەنابەر بووم، نەمدەتوانی گەشت بكەم و بەشداریی ئەم فێستیڤاڵانە بكەم بۆ وەرگرتنی خەڵاتەكان، بۆیە بڕیارم دا بچمە دەرەوە بۆ ئەوروپا و پەشیمان نیم لە جێهێشتنی وڵات، چونكە دەرفەتی زۆرم نەبوو و نەمدەتوانی ئەو بیرۆكانەی كە لە خەیاڵمدا بوون، لە ئەرزی واقعدا ئەنجامیان بدەم و لە فیلمەكاندا پیشانیان بدەم، ئێستا دۆخەكە زۆر گۆڕاوە بۆ من.

نەسرین عەبدین بۆ گوڵان: ئێمە لە سینەماكارە ڕۆژئاواییەكان زیاتر دەتوانین گوزارشت لە واقعی خۆمان بكەین

* باشووری كوردستان چ ڕۆڵێكی هەبووە لە سەركەوتنت؟
- لەڕاستیدا باشووری كوردستان بە خاڵی سەرەكی و ئەو شوێنە دادەنرێت كە دەتوانرێ كاری سینەمایی كوردی لێ دەست پێبكرێت، لەبەر ئەوەی پاڵپشتی هەیە و جۆشوخرۆشی دەرهێنەرەكان لە ئەنجامدانی كارەكانیان بەدی دەكرێت، من سوودێكی زۆرم لە باشووری كوردستان و ئەو ئەزموونەی ئەوێ وەرگرتووە، ئەم پاڵپشتییە دەبێت بەردەوام بێت، بە تایبەتی بۆ ئەو گەنجانەی كە دەیانەوێت كارە هونەری و سینەماییەكان بكەن. فێستڤاڵەكانی دهۆك و سلێمانی نیشانەی پێشكەوتنی سینەمان، سینەماكارانی ڕۆژئاوایی كە بەشدارییان لە فێستیڤاڵەكانی باشووری كوردستان كردووە، هەست بەو پێشكەوتنە دەكەن كە لەم بەشەی كوردستان ڕووی داوە، گەنجانێك هەن شەو و ڕۆژ كار دەكەن و وزەی هونەریی زۆریان هەیە و دەیانەوێت پێشكەشی بكەن، هیوادارم ئەم ئەزموونە پێشەنگ و ناوازەیە بمێنێتەوە بۆ پشتگیریكردن لە سینەماكارانی باشوور و هەموو پارچەكان كوردستان بە مەبەستی پیشاندانی سینەمای كوردی بە جیهان.
* پەیامت چییە كە دەتەوێ لە ڕێگای سینەماوە بیگەیەنیت؟
- ژیانی ئاوارەییم هەڵبژارد، چونكە دەتوانم لە ڕێگەی سینەماوە پەیامێك بگەیەنم ولە ڕێگای سینەماوە بە جیهانی بگەیەنم كە كورد چی دەوێت و چی وای كردووە پەرش و بڵاو بن بەم شێوەیە، پەیامی من گەیاندنی دەنگی گەلی كوردە بە جیهان، بۆ ئەوەی زیاتر ئاشنای ئەو ئازارانە بن كە بە درێژایی مێژوو ڕووبەڕوویان بۆتەوە.
* ئایا سینەمای كوردی پێشكەوتووە؟
- بێگومان كاری زۆر كراوە، بەڵام هۆكارەكانی پێش نەكەوتنی سینەمای كوردی زۆرن، لەوانە هۆكاری سەرەكی نەبوونی پاڵپشتی و سپۆنسەری بەرهەمە سینەماییەكانی كوردە، ئەم پاڵپشتییە دەبێت هەبێت بۆ ئەوەی بتوانرێت بەرهەمی باش بۆ سینەماكارانی كورد مسۆگەر بكات، ئێمە خاوەن سینەماكاری گەورەین بۆ نموونە مانۆ خەلیل بكات، فیلمی (دراوسێكان)ی بە پاڵپشتی دەرەكی بەرهەم هێناوە، واتە پاڵپشتییەكە لە ڕۆژئاوا، ڕۆژهەڵات، باشوور و باكووری كوردستان نەبوو، ئەم فیلمە سەركەوتنی گەورەی بەدەست هێنا و بەشداریی زیاتر لە 60 فێستیڤاڵی سینەمایی كرد، بە هەمان شێوە فیلمەكانی یەڵماز گونای. بۆیە ئەگەر پاڵپشتیمان هەبێت دەتوانین كاری سینەمایی گەورە بەرهەم بهێنین ئێمە دەتوانین لە هەموو دەرهێنەرێكی دیكە واقیعبینانەتر ئەم واقیعە دەرببڕین، چونكە دەبێت لەگەڵ سەختییەكاندا بژین، ئەمەش هۆكارێكی گەورەی دەبێت بۆ ئەوەی ئێمە بەرهەمی نێودەوڵەتی پێشكەش بكەین، كە لەوە زیاترە كە سینەماكارانی نێودەوڵەتی دەیكەن، یان داوا لە سینەماكارە نێودەوڵەتییەكان بكەین شتێكمان پێشكەش بكەن سەبارەت بە مێژووی كورد، كە ئەو ناتوانێ بەو شێوەیەی كە لە تواناماندایە بیگەیەنێ، چونكە ئێمە لەگەڵ واقیعدا دەژین و لەگەڵیدا ژیاوین، و دەتوانین ئەزموونێكی ناوازە و ناوازەی پێشكەشی بكەین.

Top