بڵند محەمەد مەولوود مەم بەڕێوەبەری گشتیی تۆماركردنی كۆمپانیاكان بۆ گوڵان:   لە هەرێمی كوردستان 28028 كۆمپانیای نیشتمانی و 3345 كۆمپانیای بیانی تۆمار كراون

بڵند محەمەد مەولوود مەم  بەڕێوەبەری گشتیی تۆماركردنی كۆمپانیاكان بۆ گوڵان:     لە هەرێمی كوردستان  28028 كۆمپانیای نیشتمانی و 3345 كۆمپانیای بیانی تۆمار كراون

 

 

ژمارە و ڕێژەی كۆمپانیا خۆماڵی و بیانییەكان لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا ڕووی لە زیادبوون كردووە و، ئەو گۆڕانكاری و چاكسازییانەی كە هەر لە ناوی بازرگانی و شوێنكارە بازرگانییەكانەوە تاوەكو چاكسازییە یاساییەكان پەیڕەو دەكرێت، ڕۆڵی لە بەهێزبوونی جووڵەی كاری كۆمپانیاكان هەبووە، لە ئێستادا لە ماوەی كەمتر لە 24 كاتژمێردا كۆمپانیا تۆمار دەكرێت. بۆ قسەكردن لەسەر ئەم بابەتە و چەند تەوەرەیەكی دیكەی پەیوەندیدار گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ مافپەروەر بڵند محەمەد مەولوود مەم بەڕێوەبەری گشتیی تۆماركردنی كۆمپانیاكان سازدا.

 

 

* باس لەوە دەكرێت لە چوارساڵی ڕابردوودا ژمارە و ڕێژەی كۆمپانیا خۆماڵی و بیانییەكان ڕووی لە زیادبوون كردووە، سەرەتا دەكرێت بزانین ژمارەی كۆمپانیاكانی خۆماڵی و بیانی چەندن؟

- دوای كۆتاییهاتنی شوێنەوارەكانی كۆرۆنا و دووبارە دەستپێكردنەوەی جووڵەی بازرگانی و پیشەسازی و كشتوكاڵی ژمارە و ڕێژەی كۆمپانیا خۆماڵییەكان (نیشتمانییەكان) و بیانییەكان ڕووی لە زیادبوون كردووە، لە ئێستادا لە هەرێمی كوردستان 28028 كۆمپانیای نیشتمانی و 3345 كۆمپانیای بیانی تۆمار كراون، ئەمە وێڕای كردنەوەی دەیان لقی كۆمپانیا بیانییەكان، یان نوێنەرایەتیی كۆمپانیا بیانییەكان.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆماركردنی كۆمپانیاكان كە یەكێكە لە دامەزراوە گرنگ و هەستیارەكانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و لە پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك بەڕێوەبەرایەتیی تۆماركردنی كۆمپانیاكانی هەیە و، بەم نزیكانەش لە پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆش ئەو بەڕێوەبەرایەتییە دادەمەزرێت، تاوەكو كۆمپانیاكان، یان لقەكانی كۆمپانیا بیانییەكان و نوێنەرایەتیی كۆمپانیا بیانییەكان تۆمار بكەن، فەرمانگەكەمان بڕوانامەی تۆماری كۆمپانیاكان دەبەخشێت، بەڵام هەر كۆمپانیایەك سێكتەر و جۆری تایبەت بە خۆی هەیە لەلایەن وەزارەتی پەیوەندیدارەوە مۆڵەتی پێ دەدرێت، بۆ نموونە كۆمپانیا كشتوكاڵییەكان لە وەزارەتی كشتوكاڵ و بیناسازییەكان لە دەستەی وەبەرهێنان. ئەركێكی دیكەی بەڕێوەبەرایەتییەكانمان پێدانی بریكارنامەی بازرگانییە بەوەی هەر كەسێك سرووشتی بێت، یان مەعنەوی واتا كۆمپانیا بێت، دەتوانێت بریكارنامەی بازرگانی وەربگرێت، تاوەكو كاڵا لە دەرەوەی وڵات بهێنێت، هەروەها بابەتی تایبەتمەندێتی پێدانی ناوی بازرگانی و شوێنكارە بازرگانییەكان كە ماوەی كەمتر لە ساڵێك لەلای ژوورە بازرگانییەكان بوو، هێنراوەتەوە لای خۆمان و لە چوارچێوەی پرۆسەی چاكسازیدا بوو، پێشتر لە ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكان بۆ پێدانی ناوی بازرگانی پارەیەكی زۆر وەردەگیرا كە نزیكەی یەك ملیۆن و پێنچ سەد هەزار دینار بوو، بەڵام لە ئێستادا تەنیا 50 هەزار دینار بۆ وەرگرتنی ناوی بازرگانی وەردەگیردرێت، بەمەش حكومەتی هەرێمی كوردستان هاندان و پاڵپشتییەكی زۆر گەورەی پێشكەش بەو كەسانە كرد كە دەیانەوێت ناوی بازرگانی وەربگرن.

* واتا پرۆسەی چاكسازی كاریگەریی باشی هەبوو لەسەر كەمكردنەوەی ڕۆتین و مۆڵەتدان بە كۆمپانیاكان و كەمكردنەوەی ڕسوماتەكان، ئایا لە ڕووی یاساییەوە چی كراوە بەتایبەتی كە باس لەوە دەكرێت، زۆر لەو یاسایانەی هەیە، كۆنن و بۆ ئەم قۆناغ و سەردەمە ناگونجێن؟

- پرۆسەی چاكسازی لە ڕیزبەندی یەكەمی كارەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بووە، ئەمەش لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازییەوە دەستی پێ كردووە، لەم چوارچێوەیەدا تۆماری كۆمپانیا و كارەكانیشی گرتەوە و زنجیرەیەك چاكسازی ئەنجام دران، لەوانە چاكسازییە یاساییەكان بوو، ئەوەی پەیوەست بوو بە هەمواری یاسایی ڕەوانەی پەرلەمانی كوردستان كران و هەموار كرانەوە، وەكو یاسای (بازرگانی و ژوورە بازرگانییەكان و یاسای وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و.. تادوایی) ئەمەش وای كرد، لە ڕووی یاساییەوە هەنگاوی باش بنێین، ئەمەش هاوكات بوو لەگەڵ پرۆسەی بەئەلەكترۆنیكردنی تۆماری كۆمپانیاكان كە بەپێی سیستەمێكی نیشتمانییە و بە سەرپەرشتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەڕێوەدەچێت، ئەمەش وای كرد لە ماوەیەكی كەم و بە تێچوونێكی كەم پرۆسەی تۆماری كۆمپانیاكان بەڕێوە بچێت.

* كەواتە دەتوانین بڵێین كۆمپانیا نیشتمانی و بیانییەكان توانیویانە جموجووڵێكی باشی بازرگانی دەستەبەر بكەن و كاڵا و پێداویستییەكان بۆ هاووڵاتیان لەجاران باشتر دابین بكەن؟

- لە ساڵی 2014 بە هۆی قەیرانی دارایی و بڕینی بودجە و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و پەتای كۆرۆنا و شەڕی داعش ئەمانە هەمووی وای كردبوو، سستییەك بكەوێتە ناو جووڵەی بازرگانی و بازاڕەوە، بەڵام لە ئێستادا و بەتایبەتی لەم كابینەیەدا حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ كۆمەڵێك ڕێككەوتنی ئەنجام دا لەسەر بنەمای ئەوەی بودجەیەكی شایستە بۆ هەرێمی كوردستان زامن بكات و جێگەی هەموو سێكتەر و كەرتەكانی تێدا بێت، بەمەش كۆمپانیا نیشتمانییەكان بەتایبەت و لقی كۆمپانیا بیانییەكانیش بە شێوەیەكی ڕێكوپێك دەست بە كارەكانیان دەكەنەوە و بەرەو پێشەوە دەچن و دەبێتە هۆی خۆشگوزەرانی بۆ هاووڵاتیان و دەستەبەركردنی هەلی كار. ساڵانەش بەو پێیەی ژمارەیەكی زۆر پرۆسەی نوێكردنەوەی خۆیان ئەنجام دەدەن و میزانییەی كۆتاییان نیشانمان دەدەن، ئەوە نیشانەی ئەوەیە كۆمپانیاكان كار دەكەن و زیندوون.

* لە سەرەتای قسەكاندا باسی تۆماری كۆمپانیاكان و ناوی بازرگانیت كرد، پرسیار ئەوەیە تۆماری كۆمپانیا و ناوی بازرگانی چی پێویستە و ڕێكارە سەرەكییەكانی چین؟

- هەر كەسێك بیەوێت كۆمپانیایەك دامەزرێنێت، سەرەتا دەبێت تۆماری بایۆمەتری ئەنجام بدات و تەمەنی لە 18 ساڵ زیاتر بێت و مووچەخۆر (فەرمانبەر)ی حكوومی نەبێت، جگە لە خانەنشینی و ناسنامە و ڕەگەزنامە و كارتی نیشتمانی دەبێت هاووڵاتی هەرێمی كوردستان بێت، بۆ بیانییەكانیش دەبێت پاسپۆرت و مۆڵەتی نیشنگەی هەبێت و كۆمپانیا سنووردار بێت، نابێت سەرمایەكەی لە ملیۆنێك دینار كەمتر بێت، كۆمپانیای سادە و تاكەكەسیش سەرمایەكەی 500 هەزار دینار بێت، بەڵام كۆمپانیای بەڵێندەرایەتی گشتی سەرمایەكەی دەبێت 250-350 ملیۆن دینار بێت و كۆمپانیای بیناسازی 200 ملیۆن دینار كەمتر نەبێت، بە شێوەیەكی گشتی كۆمپانیاكان بەپێی ئەو سێكتەرەی كاری تێدا دەكات سەرمایەكەی بۆ دیاری دەكرێت.

* ئایا لە تۆماركردنی كۆمپانیاكان ڕەچاوی سوودی ئابووری بۆ ئەو كۆمپانییانە دەكەن؟

- حكومەتی هەرێمی كوردستان بەپێی یاسای كۆمپانیاكان و بەپێی دوایین نووسراوی ئەنجومەنی ئابووریی حكومەتی كوردستان، باوەڕی بە بازرگانیی ئازاد و ئابووریی بازاڕ هەیە، بەم پێیە ناكرێت حكومەت ئاراستەی بازرگانان و كۆمپانیاكان بكات، چونكە بوونی بازرگانییەكی سەركەوتوو لە هەرێمی كوردستان بەندە بە هەماهەنگیی نێوان كەرتی تایبەت و گشتی و فەرزكردن لە كاری بازرگانی و كۆمپانیاكان لەلایەن حكومەتی كوردستانەوە بە كارێكی ڕاست و دروست نازانرێت، مەبەستی سەرەكیش لەو بنەمایانە بەرەوپێشچوونی كاری كۆمپانیا و بازرگانییەكانە، كە كاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر گەشەكردنی هەرێمەكەمان دەبێت، وەك ئەوەی ئێستا لەبەر چاوە لە كابینەی نۆیەمدا.

* لەگەڵ نزیكبوونەوەی نێوان هەر دوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ باس لەوە دەكرێت جووڵەی بازرگانی زۆر باش بووە لە نێوان هەرێم و ناوەند، ئایا لە ئێستادا ئەو پەیوەندییانە چۆن ڕێك خراونەتەوە؟

- هەماهەنگی و پەیوەندییەكی باشمان لەگەڵ هاوشانی خۆمان لە حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ هەیە، لە ڕێگەی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە لە بەغدا سیستەمێكی ئەلەكترۆنیمان داناوە، بەو ڕێگایەوە ڕۆژانە واژوو لەسەر هەر نووسراوێك دەكەین بۆ بەغدا، واتا پێش ئەوەی هاووڵاتی بگاتە بەغدا لە ماوەی یەك تا پێنج خولەك نووسراوەكە دەگاتە فەرمانگەی مەبەست و بە پێچەوانەشەوە مامەڵەكانی ئەوانیش بە ئێمە دەگات، ئەمەش وای كردووە جووڵەیەكی باشی بازرگانی لە نێوان هەرێم و بەغدا دروست بێت. هەروەها لە ڕێگای پەیوەندیی كەسی و فەرمییەوە هەماهەنگی لە هەموو كارەكانی یەكتر دەكەین، بەتایبەتی لە ڕووبەڕووبوونەوەی پارە و تیرۆر و كارە نایاسایی و ڕێگاپێنەدراوەكان، هاوكات لە دادگا و پڕسە یاسایی و دادوەرییەكانیش هەماهەنگ و هاوكاری تەواوی یەكترین.

* هەر سەبارەت بە كاری نایاسایی ئایا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم حاڵەتانە، پەیوەندییەكانتان لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان لە چ ئاستێكدایە؟

- سەبارەت بەو كۆمپانییانەی كاری سپیكردنەوەی پارە یان هەر كارێكی نایاسایی لە دەرەوەی ئەو چوارچێوەی بۆیان دیاری كراوە دەكەن، بەو پێییەی بڕوانامەیان وەرگرتووە، ئەوە ئیجرائاتی یاسایی پێویست و توندیان بەرانبەر دەكرێت، بەڵام ئەو كۆمپانییانەی كاری سپیكردنەوەی پارە بكەن، لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان دەستەیەك دامەزراوە بە ئەندامیەتیی زۆری فەرمانەگە و لایەنە پەیوەندیدارەكان كە ئێمەش وەك بەڕێوەبەرایەتیی تۆماركردنی كۆمپانیاكان تێیدا بەشدارین، لەو دەستەیەدا ئەو جۆرە كۆمپانییانە ڕووبەڕووی لێپێچینەوە دەكرێنەوە. هەر كۆمپانیایەكیش كاری نایاسایی بكات، یان لە كار و چالاكییەكانی كەمتەرخەم بێت، ئەوە بەپێی یاسای كۆمپانیاكان ماددەی سزایی هەیە لە ماددەكانی (213 و 216و217و 218) بەپێی ئەو ماددانە سزای دارایی دەدرێت و هەشیانە دەدرێنە دادگاكان تا دەگاتە زیندانیكردن.

* پەیوەندیتان لەگەڵ كۆمەڵە و سەندیكا ناحكوومییەكان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی چۆنە؟

- ئێمە لەگەڵ سەندیكا و كۆمەڵە و دامەزراوە هاوشانەكانی خۆمان هەڵسوكەوت و مامەڵەیەكی فەرمیمان هەیە، بەڵام بەپێی دوایین گشتاندنی بەڕێز ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كە داوای كردوە لە دامەزراوەكان بە زووترین كات پڕۆژە پێشكەش بكەن و ناكرێت سەندیكا كاری دەوڵەتداری بكات، بەڵكو سەندیكاكان دەكرێت بۆ بەرەوپێشەوەچوونی كاروبار و پڕۆسەكانی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای چاكسازی و شەفافییەت و نەهێشتنی ڕۆتین هاوكار بن.

 

Top