نیشانەكانی كەمیی ئاسن لە لەشدا

نیشانەكانی كەمیی ئاسن لە لەشدا

  كانزای ئاسن Iron گرنگە لە دروستبوونی خڕۆكە سوورەكانی خوین، بۆیە كەمیی ئاسن دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی ژمارەی خڕۆكە سوورەكان و كەمتر گەیشتنی ئۆكسجین بە هەموو خانەكانی لەش. كەمیی ئاسن لە لەشدا هۆكارە بۆ سەرهەڵدانی چەندین نیشانە، بەڵام كە ڕێژەی ئاسن بە شێوەیەكی بەرچاو لە لەشدا كەم دەبێتەوە ئەوا دەبێتە ئەگەری كەمخوێنی، كە باوترین جۆری كەمخوێنییە لە منداڵ و ئافرەتدا، بەتایبەتی ئافرەتی دووگیان. نیشانەكانی كەمیی ئاسن: هەستكردن بە بێهێزیی گشتی لەش، هەستكردن بە ماندووبوون و هیلاكیی جەستەیی، ڕەنگ زەردبوون، هەناسەتەنگی، بەتایبەتی لەكاتی چالاكیی وەرزشی و جووڵەی زیاد، دڵەكوتێ، ناڕەحەتیی قاچەكان لەكاتی نووستندا RLS، سەرئێشە، ناڕەحەتیی دەروونی و زوو هەڵچوون، قژهەڵوەرین، ساردبوونی دەست وپێیەكان، هەروەها گرفت لە تەركیزكردندا كە كاریگەریی نەرێنی دەكاتە سەر كار و ژیانی ڕۆژانە. هۆكارەكانی كەمیی ئاسن لە لەشدا: سووڕی مانگانەی قورس لە ئافرەتدا Heavy periods كە هۆكاری سەرەكیی كەمیی ئاسنە لە ئافرەتدا، دووگیانی، كەمیی ئاسن لە خۆراكدا، زیاد خوێنبەخشین، هەروەها خوێنبەربوون.

Top