رێزان محەمەد: زیاتر لە بەیانیان زوودا شیعرەكانم دەنووسم
خاتوو ڕێزان محەمەد خاوەن بەهریەكی جوانی ئەدەبی و شیعرنووسینە، جگە لەوەش لە بواری هونەری شێوەكاریدا توانیویەتی ئەسپی خۆی تاو بدات و لە ڕێگەی تابلۆكانیەوە چەندین پیشانگەی هاوبەش و تایبەتی كردووەتەوە، ئێمە لەم دیمەنەیەدا لە ڕێگەی چەند پرسیارێكەوە، جەخت لە هەوڵەكانی شیعرنووسینی ئەو خاتوونە دەكەینەوە.
هەڤپەیڤین/كامەران حاجی ئەلیاس
* پێمان باشە سەرەتا بۆ خوێنەرامان باس لە چۆنیەتی ئاشنابوون بە شیعر بكەیت؟
- سەرەتای ئاشنابوونم بە شیعر بۆ تەمەنی نۆ ساڵییم دەگەڕێتەوە، كاتێ بە شیعری مامۆستا(گۆران) ئاشنا بووم، ڕۆژانە بە دەنگ و بە دەمودوو شیعرە كانیم دەخوێندەوە، تاكو لەگەڵ شیعردا گەور بووم، لە ساڵی 1993 دەستم بە نوسین كرد و بەردەوام بووم لە نوسین و خوێندنەوە، بێ ئەوەی بەرهەمەكانم بڵاو بكەمەوە، تاكو ساڵانی 2013 كە لە ڕێگەی كۆڕ و سیمینار و تیڤییەكانەوە لە نێو جەماوەردا لە ڕێگەی شیعرەكانمەوە ناسرام، تا كوساڵی 2015 كە یەكەم بەرهەمم بڵاو كردەوە كە بریتی بوو لە ئەلبوومێكی شیعری كە لە 10تراك پێك هاتبوو،دواتر لە ساڵی 2022 دیوانە شیعرێكم بە ناوی (هەناسە) بڵاو كردەوە.
* ئەو بابەتانە چین كە دەبنە هەوێنی شیعرەكانت؟
- زۆر بابەت لە شیعرەكانمدا ڕەنگی داوەتەوە، بەڵام زیاتر بابەتی خۆشەویستیی خاك و نیشتمان و دایك لەگەڵ بابەتی سۆزداری و ئەڤین لە شیعرەكانمدا ڕەنگیان داوەتەوە.
* ئایا شیعر نووسین كات و ساتی دیاركراوی هەیە؟
- ئەوەی ڕاستی بێت زۆرێك لە شاعێرەكان بۆچوونیان وایە كە نووسینی شیعر كات و ساتی دیاریكراوای نییە، بەڵام من وەكو خۆم زیاتر لە بەیانیان زوودا شیعرەكانم دەنووسم.
* ئەو شاعیرانە كامەن كە كاریگەرییان لەسەر ئێوە هەبووە؟
- بێگۆمان شاعیر زۆرن كە كاریگەرییان لەسەر من هەبووە، لەسە دەیەكانی ڕابردوو مامۆستا گۆران و مەحوی و بێكەس، لە شاعیرە نوێیەكانیش كۆمەڵێ شاعیر كاریگەرییان هەبووە، وەك مامۆستا جەمال غەمبار و لەتیف هەڵمەت.
* ئاستی خانمە شاعیرەكانی كودرستان چۆن دەبینی؟
- ئاستی خانمە شاعیرەكانمان تا ڕادەیەك باشە، هەرچەندە شاعیری ژنی زۆریشمان هەیە، بەڵام كات و ساتیان بۆ نەڕەخساوە بۆ ئەوەی بەهرەی خۆیان دەربخەن، هۆكاریكش زۆرن لە وانەیە هەندێك لە هۆكارەكان كۆمەڵگە بێت، هەندێكی تریش خودی ئافرەتان خۆیان بن.
* ئایا لە كوردستان ڕەخنەگری ئەدەب و شیعرمان هەیە، ئەگەر هەیە لە چ ئاستێك دایە؟
- بێگومان ڕەخنەگری زۆر باشمان هەیە، كە شوێن پەنجەیان لە گۆڕەپانی جیهانی شیعر دیارە، بەڵام بەداخەوە بەشێك لە ڕەخنەگران بە ویژدانەوە هەڵسەنگاندن بۆ شیعرەكان ناكەن، دەكەونە باری هاوڕێیەتی و بەپێی بەرژەوەندی كارەكە ئەنجام دەدەن.
* ئەگەر باس لە پرۆژەی داهاتووی خۆتمان بۆ بكەیت؟
- لە بواری هونەریدا بەنیازم سەرەتای مانگی نۆی ئەم ساڵ پیشانگەیەكی تایبەت بە خۆم بكەمەوە، لە ڕووی نووسینیشەوە لە ئێستادا دیوانێكی دیكەی شیعریم ئامادەیە و نیازم وایە لە ساڵی نوێ چاپ و بڵاوی بكەمەوە.
* زۆر سوپاس، هیوای بەردەوامی و سەركەوتنتان بۆ دەخوازین.
- منیش زۆر سوپاسی ئێوە دەكەم و ئەوشیعرەی خۆم پێشكەش بە خوێنەرانی بەڕێز دەكەم.
بۆ لەبیركردنت...
تا بتوانم جارێكیتر هەناسە بێ تۆ هەڵمژم
تاكو حەز و خۆشەویستیت لە ناو ڕۆحمدا بكوژم
تا فرمێسكی بێنازی من واز لە چاوانم بهێنێ
هیچكە شەوان خەونەكانم خەوەكانم نەتارێنێ
ئیتر ڕەشماری ناپاكیت قەفی لە ڕۆحم بترازێ
نێرینەییت باییت نەكا و بە ئەشكی مێدا بنازێ
لە حەسرەتی بێنازیمدا دەستی نزام لە ئاسمان بێ
بەختەوەریت لە ناو كڵپەی گڕ و دووكەڵی سووتان بێ
ئیتر دەستی ژنێكیتر بە ناو زووخاودا وەرنەدەی
سەگی ڕۆحی نهێنگرت بۆ باڵای هیچكەس بەرنەدەی
ببیتە پەندی زەمان و لەبیر زەمەن بچیتەوە
تۆش وەكو من ئاهوناڵەی سەرگەردانی بچڕیتەوە