بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر لە نێو ئافرەتان و نەوجەوانان زەنگی مەترسیی لێ داوە
پرسی بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە ئاستێكی مەترسیدار و ڕۆژ لە دوای ڕۆژیش بارزگانیكردن و بەكارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر لە هەڵكشانێكی مەترسیداردان، تەنانەت ڕێژەیەكی ئافرەتان و نەوجەوانان ئالوودە و گیرۆدەی ماددەی هۆشبەر بوون. بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر، كۆمەڵێك ڕێككەوتننامەی نێودەوڵەتی هەن، لەسەر ئاستی عێراق یاسای ژمارە 50ی ساڵی 2017 و لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستانیش یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2020مان هەیە. لە ڕاپۆرتێكی گۆڤاری گوڵاندا یاساناس و توێژەران خوێندنەوەی زیاتری پرسەكە دەكەن.
بەپێی قسەكانی پەیام فەتحوڵا ڕەسوول، بەڕێوەبەری پلاندانان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاكسازی و كۆمەڵایەتی سەر بە وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی، لە ئێستادا لە چاكسازییەكانی هەرێمی كوردستان 5053 سزادراو هەن، (1038) سزادراوی ماددەی هۆشبەرن بە هەردوو جۆری (بەكارهێنەر و بازرگانی) لەمانە 449 كەس بە تاوانی بارزگانیكردنی ماددەی هۆشبەر سزا دراون، 589 كەسیشیان بە تاوانی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر، لە ناو سزادراوەكانیشدا هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ و منداڵی خوار هەژدە ساڵیش هەیە.
بەپێی ئامارە نافەرمییەكان لە ساڵی 2019 ژمارەی ئەو كەسانەی لە عێراق لەسەر ماددەی هۆشبەر دەستگیر كراون 6074 كەس بووە.
• ئەم ڕێژەیە هەر لە عێراق لە ساڵی 2020 بەرز بووەتەوە بۆ 7514 كەس كە لەسەر ماددەی هۆشبەر زیندانی كراون.
• لە ساڵی2021 گەیشتووەتە 12000 زیندانی و لە ساڵی 2022 گەیشتووەتە 16085 كەس، كە لەسەر ماددەی هۆشبەر زیندانی كراون.
• تەنیا لە شەش مانگی یەكەمی ساڵی 2023ش 1000 كەس لەسەر ماددەی هۆشبەر لە عێراق گیراون.
• لەم ژمارانە 60% بازرگان بوون، تەمەنیان لە نێوان 18-30 ساڵ بووە، 500 كەسیشیان تەمەنیان لە خوار 18 ساڵی بووە و 20یشیان ئافرەت بوون.
یاساناس زانا نەبەز، جەخت لەوە دەكاتەوە كە "ماددەی هۆشبەر بە بێدەنگترین تیرۆری سەردەم پێناسەی بۆ كراوە كە بووەتە چەكیك لە ئیستادا بۆ مەرامی سیاسی لە نێوان وڵاتان بەكاردەهێندرێت، كە كار دەكاتە سەر ئاسایشی وڵات و هیوا و ئاواتی تاك لە كۆمەڵگە بەرەو داڕووخان و لەناوچوون دەبات". هاوكات دەڵێت: "ماددەی هۆشبەر، یان كارتێكارە ئەقڵییەكان كە لە زۆر ڕوانگەوە پێناسە و ناساندنیان بۆ كراوە، بە گشتی وای دادەڕێژین كە گشت ئەو ماددە خاوانەن، یان ئاماددەكراوە كمیاییانەن كە تایبەتمەندن بە بواری پزیشكی و باری ڕاهاتن بونیاد دەنێن لە سەر جەستە و دەروونی مرۆڤ كە پۆلێنی دەكەین بۆ سێ بەش: هیمن كەرەوەكان، وریاكەرەوەكان، هەڵوەسەهێنەرەكان، كە بڵاوبوونەوەیان هەڕەشەیەكی جددی و ترسناكن بۆ سەر كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، بێگومان كۆمەڵگەی كوردیش بەدەر نییە لە شاڵاوی ئەو مەترسییەی كە بە هۆی بڵاوبوونەوەی هۆشبەرەكانەوە ڕووبەڕووی دەبێتەوە. بەم دواییانە زیاتر هەست بە بڵاوبوونەوەی ئەم ماددانە دەكرێت، كە هۆكارە سەرەكییەكە دەگەڕێنمەوە بۆ سەر دۆخی تاك كە پەنای بۆ دەبات، لە كاتی دۆخی خراپی خۆیدا و هەوڵ دەدات خۆی پی ئارام بكاتەوە، كە چی ڕووبەڕووی هەزاران دۆخی نەخوازراوی دەكاتەوە، وای لێ دەكات لە كۆمەڵگە داببڕێت و هەست و سۆزی بەرانبەر بە خانەوادەكەشی لەدەست دەدات"، گوتیشی: "هەوڵدانی هێزی ئەمنییەكان جێگەی دەستخۆشییە و ڕوونە بۆ گشتمان كە هەوڵەكانیان چڕ كردووەتەوە بۆ كۆتاییهێنان بە ماددە هۆشبەرەكان و ئەو لادانە لە ڕەوشت و بەهاكان، بەڵام هێزی یەكگری خەڵك وەك پێویست نابینم بۆ یارمەتیدانی هێزە ئەمنییەكان" هۆكاری دیكەش زۆرن، لەوانە: بڵاوبوونەوەی فیلمە بیانییەكان كە ئاماژە و بەكارهێنانی ئەم ماددەیانە لە دیمەنەكانی دەبیندرێن، هەروەها بێكاری و لە كاتی وەستانی خوێندن كە پێویست دەكات ئەم پشووە هەڵبقۆزرێتەوە بۆ ڕۆشنبیركردنی زیاتر، بەڵام بەداخەوە وا وێناكەی دەبینین كە هەرزەكارەكان زیاتر هەلیان بۆ ڕێك دەكەوێت و بە زیاتر تێكەڵبوون بە خەڵك و چوونە شوێنە گشتییەكان، تووشی ئەو ئالوودەبوونە دەبن، هەروەها كێشەی نێوان خێزانەكان بەتایبەتی دایك و باوك، هەل بۆ منداڵە هەرزەكارەكان دەڕەخسێنێت و وایان لێ دەكات، پەنا بۆ ماددەی هۆشبەر ببەن، گرنگتر لە هەموو شتێك هاتنی هاووڵاتی بیانی بۆ كوردستانە، بە تایبەت لە ئێرانەوە كە وەك پەنابەرن، یان بۆ كاركردن لە كوردستان ئیقامەیان پێ دەدرێت، ئەوان زۆربەیان ئاشنابوونێكی ڕاستەوخۆیان هەیە لەگەڵ ئەو ماددە هۆشبەرانە بە هۆی زۆریی بەكارهێنەر لە وڵاتەكەیان، توركیا و ئەفغانستان و عێراقیش بە هەمان شێوەن، بۆیە جگە لە هەوڵدانی ڕێكخراوەی دەزگا فەرمییەكانی كوردستان، بۆ نەهێشتنی ئەم دیاردەیە سەركەووتوو نەبوون".
ئەو یاساناسە ئەوەشی دووپات كردەوە كە "لە كابنیەی نۆیەمی حكومەتی كوردستاندا كاری باش كراوە بۆ ڕێگری و نەهێشتنی دیاردەی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر، كە گرنگترینی كردنەوەی سەنتەری چارەسەرە بۆ ئالوودەبووان، بەڵام ڕێگەی دیكەی چارەسەریش هەن، لەوانە بەدواداچوونی بەردەوام لەسەر كەسی تووشبووی چارەسەركراو بۆ ماوەی شەش مانگ تا دوو ساڵ لە سەرەتای دەستپێكردن بە چارەسەركردنی، تا كۆتا ڕۆژی چارەسەركردنەكەشی پێویستە چارەسەركردنی دەروونیی كەسەكە و لایەنی كۆمەڵایەتی بە هەند وەربگرن، ئەمەش بە زانینی كێشەی ناو خێزان و هۆكاری بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكە چارەسەر دەكرێت، سەرەڕای لایەنی یاسایی كە بۆ بنبڕكردنی ئەم ئالوودەبوونە سزای دیاری كردووە".
گوتیشی: "پێویستە جگە لە حكومەت، مامۆستایانی ئایینی و ڕێكخراوەكانی ناحكوومی وێنای ئەم دۆخە مەترسیدارە بكەن بە خەڵكی نیشان بدەن، هەروەها پێویستە وەزارەتی پەروەردە لە ڕێگەی ناوەندەكانی خوێندن لە ئاستی سەرەتاییەوە تا دواقۆناغی خوێندن كار لەسەر هۆشیاركردنەوەی قوتابییان بەرانبەر بە ماددەی هۆشبەر بكات، كە ئەوانە لە داهاتوو جڵەوی كۆمەڵگە دەگرنە ئەستۆ، بە هیوای تەندروستبوونی كۆمەڵگەی كوردی".
n دیمەن محەمەد توێژەری كۆمەڵایەتییە و یەكێكە لەو هەزاران كەسەی كە بە بڵاوبوونەوەی ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەر نیگەرانە و هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: "كێشەی ئاڵوودەبوون و هەڵكشانی بەكارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر، بووەتە مەترسی و هەڕەشەیەكی گەورە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی و لەسەر ژیانی زۆربەی ئەندامانی كۆمەڵگە وەك چەكێكی شاراوەیە كە بە هێواشی ئەندامانی كۆمەڵگە لەناو دەبات. لە لایەنی كۆمەڵایەتی و ئابووری و دەروونیشەوە بووەتە دیاردەیەكی كۆمەڵایەتی و تەندروستی، بە جۆرێك كۆنتڕۆڵكردنی ئەستەم بووە و بەرەو هەڵكشان دەچێت و خەریكە داڕمانی كۆمەڵگەی لێ دێتە كایەوە".
وەك ئەو توێژەری كۆمەڵایەتییە باسی كرد، بەپێی چەندین توێژینەوە كە كۆمەڵناسان ئەنجامیان داوە، هۆكارگەلێك هەن كە بوونەتە هۆی هەڵكشان و زۆربوونی ئەو دیاردەیە، وەك كرانەوەیەكی بێ بەرنامە و بێ سنووری كۆمەڵگە و تێكەڵبوون بە كۆمەڵگەكانی دی لە ڕێگای سۆشیال میدیا و گواستنەوەی دابونەریتە ناباوەكان بۆ ناو كۆمەڵگە، لە لایەكی دیكەوە بارودۆخی خێزانی و كۆمەڵایەتیی نەگونجاو و شڵەژاو وەك لەدەستدانی كۆنتڕۆڵی باوان لەسەر منداڵ و هەستنەكردن بە بەرپرسیاریەتیی باوان بەرانبەر منداڵەكانیان و فەرامۆشكردنیان و نەمانی پەیوەندی جوانی نێوان ئەندامانی خێزان و كۆنەبوونەوەی ئەندامانی خێزان لەسەر یەك مێز و سفرەی خێزان و ئاگاداربوون لە ڕەوش و داواكاری و كێشەكانی یەكتر، هەروەها لێكترازانی باوان و پەرتەوازەبوونی خێزان و هاوڕێیكردنی كەسانی خراپ و دوور لە بەها جوانەكان، هۆكاری سەرەكین بۆ دیاردەی ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەر، گوتیشی: "زۆربوونی كافتریا و یانە شەوانەكان وای كردووە، نەتوانین كۆنتڕۆڵی بەكارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەكان بكەین. بۆ كۆنتڕۆلكردن و چارەسەركردنی ئەو كێشە و دیاردە مەترسیدارە پێویستە لایەنەكانی پەیوەندیدار كۆك بن لەسەر هەماهەنگیكردن و كاركردنی جددی و گرنگیدان بە توێژینەوەی كۆمەڵناسان، بۆ ئەوەی تا پەنجە لەسەر برینەكان دابنرێت و تا ڕاددەیەك بتوانین لەو تیرۆرە سپییە ڕزگار بین. ناكرێت ڕۆڵی دەزگاكانی ڕاگەیاندن و مامۆستایانی ئایینی و مینبەرانی ئایینیش لەو بوارەدا لە یاد بكەین".
عوبێد گۆمەشینی توێژەر و ڕۆژنامەنووسە و ئەویش ڕای وایە "هەڵكشانی ڕاددەی بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان یەكێكە لەو مەترسییە گەورانەی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا ڕووبەڕووی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بەگشتی بووەتەوه، بەتایبەت لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەناو ئەو وڵاتانەش عێراق و هەرێمی كوردستان، ئەم مەترسییە هەڕەشەیەكی ستراتیژی و فرەڕەهەندەی جۆراوجۆرە، نەك تەنیا ئاسایشی تاك، بەڵكو ئاسایشی نیشتمانی و نەتەوەیی و مانەوەی شیرازەی خێزان و كۆمەڵگەش دەخاتە مەترسی و بەراورد بە وڵاتانی دراوسێ، هەرێمی كوردستان كێشەی ماددەی هۆشبەری تا ئاستێكی بەرچاو كەمترە و هەڕەشەكانیشی كەمترە، بەڵام ناتوانین بڵێین ئەم بابەتە جێی باخ و گرنگیپێدانی پسپۆران و توێژەرەانی كۆمەڵایەتی نەبێت. هەرێمی كوردستان بەر لە ساڵانی 1990 و دواتریش یەكێك بوو لەو ناوچانەی پاكترین و جوانترین ناوبانگی لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكە هەبوو، بەڵام دوای ڕاپەڕین و ڕووخانی ڕژێمی بەعس، بەهۆی هاتنە ناوەوەی چەندین ڕێكخراوی نێودەوڵەتی و هەرێمی و تێكەڵبوونی ناوچەكە بە پەیوەندییە بازرگانییەكان، خەڵكانێكی بازرگان و سەرمایەدار هەوڵیان دا ئەو پەیوەندییە بازرگانییە بقۆزنەوە، لە ژێر بیانووی پەیوەندیی بازرگانی و هێنانە ناوەوەی كەلوپەل و دەرمان و كەرستەوە، ڕێگە خۆش بكەن بە دزییەوە بابەتی ماددەی هۆشبەر بخەنە نێو بابەتە بازرگانییەكانیان، ئەمەش وای كرد، بە چەندین ڕێگە و شێواز بیخەنە ناو كۆمەڵگە، بەتایبەتی لەنێو توێژی هەرزەكار و گەنجان تەشەنە بكات، ڕۆژانە گوێمان لێ دەبێت لە دەزگاكانی پۆلیس و ئاسایشەوە دەست بەسەر بڕێك لە ماددەی هۆشبەردا گیرا، یان چەندین كەس بە تۆمەتی بازرگانیكردن و بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستبەسەر كران". سەبارەت بە هۆكاری تەشەنەكردنی ئالوودەببون و بەركارهێنانی ماددەی هۆشبەری بەو خێراییە گەڕاندەوە بۆ "ئاسانیی هێنانە ناوەوەی بۆ ناو كۆمەڵگە، دەستكەوتنی قازانجی زۆر و بە ئاسانی و لە ماوەیەكی كورتدا دەوڵەمەند بوون، بێ هێزیی بنەما ڕەوشتی و ویژدانی و ئایینییەكان، لای كەسانی نەفس نزم كە بە لایانەوە ئاساییە هەموو كۆمەڵگە لەناو ببەن، لە پێناو دەستكەوتنی بڕێك پارە و قازانجێكی ماددی، ئەوەش لە ڕێگەی تەڵەنانەوە بۆ گەنجانی ناشارەزا و كەم ئەزموون بە هۆی بێكاری، یان نەزانی، یان هاوڕێی خراپ و كەسانی دەوروبەریەوە كە لە خشتە دەبرێن، بەتایبەت لە ناوەندەكانی خوێندن و زانكۆ و كافتریا و بازاڕەكان، كە بە دزییەوە كاری بازرگانی پێوە دەكرێت، بەتایبەتی بێ ئاگابوون و كەمتەرخەمی خێزان لە پەروەردەكردن و چاودێریكردنی منداڵەكانیان وا دەكات، هەرزەكار و گەنجان ڕووبەڕووی ئەو مەترسییە ببنەوە، بۆیە پێویستە ڕۆڵی ڕێنماییكارانی پەروەردەیی لە ناوەندەكانی خوێندن لە قوتابخانە بنەڕەتی و ئاماددەییەكان چالاك بكرێت، بۆ ئەوەی ڕێنمایی پێویست پێشكەش بە قوتابی و خوێندكار بدەن، كە خۆیان بە دوور بگرن لە وەرگرتنی حەب، یان جۆرە خواردنێك لە كەسانی نەناسراو و هاوڕێی خراپ، پێویستە چاودێریی توند لەسەر كەسانی ئالوودەبوو دابنرێت".
n سپۆت:
n ماددەی هۆشبەر بە بێدەنگترین تیرۆری سەردەم پێناسەی بۆ كراوە كە بووەتە چەكیك لە ئیستادا بۆ مەرامی سیاسی لە نێوان وڵاتان بەكاردەهێندرێت
n هەوڵدانی هێزی ئەمنییەكان جێگەی دەستخۆشییە و ڕوونە بۆ گشتمان كە هەوڵەكانیان چڕ كردووەتەوە بۆ كۆتاییهێنان بە ماددە هۆشبەرەكان و ئەو لادانە لە ڕەوشت و بەهاكان
n لە كابنیەی نۆیەمی حكومەتی كوردستاندا كاری باش كراوە بۆ ڕێگری و نەهێشتنی دیاردەی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر، كە گرنگترینی كردنەوەی سەنتەری چارەسەرە بۆ ئالوودەبووان
n پێویستە جگە لە حكومەت، مامۆستایانی ئایینی و ڕێكخراوەكانی ناحكوومی وێنای ئەم دۆخە مەترسیدارە بكەن و بە خەڵكی نیشان بدەن
n كێشەی ئاڵوودەبوون و هەڵكشانی بەكارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر، بووەتە مەترسی و هەڕەشەیەكی گەورە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی
n لێكترازانی باوان و پەرتەوازەبوونی خێزان و هاوڕێیكردنی كەسانی خراپ و دوور لە بەها جوانەكان، هۆكاری سەرەكین بۆ دیاردەی ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەر
n پێویستە لایەنەكانی پەیوەندیدار كۆك بن لەسەر هەماهەنگیكردن و كاركردنی جددی و گرنگیدان بە توێژینەوەی كۆمەڵناسان، بۆ ئەوەی پەنجە لەسەر برینەكان دابنرێت و تا ڕاددەیەك بتوانین لەو تیرۆرە سپییە ڕزگار بین
n بەراورد بە وڵاتانی دراوسێ، هەرێمی كوردستان كێشەی ماددەی هۆشبەری تا ئاستێكی بەرچاو كەمترە و هەڕەشەكانیشی كەمترە
n هەرێمی كوردستان بەر لە ساڵانی 1990 و دواتریش یەكێك بوو لەو ناوچانەی پاكترین و جوانترین ناوبانگی لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكە هەبوو
n كەمتەرخەمی خێزان لە پەروەردەكردن و چاودێریكردنی منداڵەكانیان وا دەكات، هەرزەكار و گەنجان ڕووبەڕووی ئەو مەترسییە ببنەوە
n پێویستە ڕۆڵی ڕێنماییكارانی پەروەردەیی لە ناوەندەكانی خوێندن لە قوتابخانە بنەڕەتی و ئاماددەییەكان چالاك بكرێت
n
كێشەی ئاڵوودەبوون و هەڵكشانی بەكارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر، بووەتە مەترسی و هەڕەشەیەكی گەورە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی