چیرۆكی ئازاری لێكدابڕانی ئەمیرە عەلی و كچەكەی

چیرۆكی ئازاری لێكدابڕانی ئەمیرە عەلی و كچەكەی

 

لە كۆمەڵگە نەریتییەكان بەگشتی و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی، دۆخی ئافرەت بە شێوەیەكی گشتی ناسەقامگیر و ناهەموارە، تەنانەت لە كوردستانی خۆشماندا بەشێكی ئافرەتان تاوەكو ئەمڕۆ لە بارودۆخێكی نەشیاو و توندوتیژدا دەژین. ئەمیرە عەلی یەكێكە لەو هەزاران ئافرەتە و باسی نەهامەتییەكانی ژیانی بۆ گۆڤاری گوڵان دەكات.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

ئەمیرە عەلی، ئافرەتێكی ڕوخسار سوور و سپی و باڵا مامناوەندە و لە چلەكانی تەمەنیدایە، ئەگەرچی هەمیشە گاڵتە و گەپ دەكات و دەم بە پێكەنینە، بەڵام كە زیاتر ئاشنای دەبیت و گفتوگۆی لەگەڵدا دەكەیت، لە پشت پێكەنینەكانی خەمێكی قووڵ بەدی دەكەیت، بەتایبەتی كاتێك باسی بەسەرهاتی ژیانی خۆی دەكات، فرمێسك بە خوڕ لە چاوەكانی دێنە خوارێ و خەندەكانی ون دەبن. ئەو خاتوونە بەمجۆرە بەسەرهاتی خۆی دەگێڕێتەوە: «ئێمە دوو خوشك و سێ برا بووین. من هەر لە منداڵییەوە لای داپیرەم بووم، لەبەر ئەوەی بە تەنیا بوو، واتە هەر لە سەرەتاوە تاوەكو ئەمڕۆ لە سۆزی باوكم بێبەش بووم. كاتێك ئێمە بچووك بووین، باوكم دایكم جێ دەهێڵێت و ژنێكی دیكە دەخوازێت. دایكم مەمرە و مەژی گەورەی كردین، بۆیە بەهۆی نەبوونییەوە لە دوو خوشك و سێ برا، هیچمان خوێندنمان تەواو نەكرد. ڕۆژانە لەگەڵ دایكم دەچووین بۆ شوێنی فڕێدانی زبڵ و خاشاك، مقەبا و نایلۆن و باغە و ئاسنمان كۆدەكردەوە و بە بڕە پارەیەكی كەم دەمانفرۆشتەوە».

ئەمیرە هەناسەیەكی قووڵ هەڵدەكێشێت و چاوە تەرەكانی بە سەرپۆشەكەی دەسڕێتەوە و بەمجۆرە درێژە بە گێڕانەوەی بەسەرهاتەكەی دەدات: «كە تەمەنم بوو بە 17 ساڵ بە ڕێكەوت مێردم بە ناسیاوێكی دایكم كرد. دوای ساڵێك كچێكی جوانم بوو، بەڵام هەر لە سەرەتاوە مێردەكەم لەگەڵم زۆر خراپ بوو، هەمیشە سووكایەتی پێ دەكردم و دەیگوت: ئەگەر باش بوونایە، باوكت بەجێی نەدەهێشتن. یان بە ناكەس و بێكەس بانگی دەكردم، بەڵام من هەر بە ناچاری هەموو شتێكم قبووڵ دەكرد، چونكە هیچ چارەیەكم نەبوو. كچەكەم تەمەنی بووە شەش ساڵ، ڕۆژێك زۆری لێدام و سەری شكاندم، بەڵام هەر بێدەنگ بووم، تەنانەت خەسووم گوتی: بڕۆ شكایەتی لێ بكە. بەڵام نەمكرد، چونكە چاوم لە ماڵ و حاڵ و كچەكەم بوو، دواجار باوكی كچەكەم بێ ئاگاداری خۆم، سێ بە سێ تەڵاقی دام و لە ماڵیش دەری كردم. كچەكەشمی نەویست و من لەگەڵ خۆم بردم. سەرەتا خانووێكی یەك ژووریم بە كرێ گرت، بەڵام شەوانە باوكی كچەكەم بە سەرخۆشی دەهاتە بەر دەرگا و بە شاپ لە دەرگای دەدا، لەبەر ئەوە دەچوومە هەر گەڕەكێك دوای چەند ڕۆژێك دراوسێكان و موختاری گەڕەك دەریان دەكردم. دوای ماوەیەك بۆ جاری دووەم هاوسەرگیریم كردەوە، چونكە كەس نەبوو لەخۆم بگرێت. كاتێك كە هاوسەرگیریم كردەوە، ناونیشانم بە كەس نەدا، ژمارەی تەلەفۆنیشم گۆڕی، بەڵام دوای ئەوەی كچەكەم تەمەنی بوو بە دوازدە ساڵ، باوكی ڕۆژێك لە ڕێگەی قوتابخانە دەیبینێت و پێی دەڵێت وەرەوە لای خۆم و باوەژن و خوشك و براكانت، هەموویان حەز دەكەن لەگەڵ ئێمە بژی. ئەوكات زۆر لە كچەكەم پاڕامەوە كە نەڕوات. بەو خوایە پێیەكانیم ماچ كرد، گوتم: كچم مەڕۆ و كەس وەك خۆم ئاگای لێت نابێت. پێم گوت: كەس وەك من ناتپارێزێ. بەڵام ڕۆیشت، ئێستاش كە تەمەنی بووە بە 16 ساڵ وازی لە خوێندنیش هێناوە. هەموو ڕۆژێك پەیوەندیم پێوە دەكات و دەگری و دەپاڕێتەوە و داوا دەكات بیگێڕمەوە لای خۆم، پێم دەڵێت: چیتر ناتوانم بەرگەی باوەژن و منداڵەكانی بگرم. بەڵام مێردەكەم دەڵێت: نابێت بەهیچ شێوەیەك بێتەوە. زۆر پاڕامەوە كە ئەمجارە كچەكەم بێتەوە لام، بەڵام پێی گوتم: یان من، یان كچەكەت هەڵبژێرە. لەبەر هەموو ئەوانە زۆر بێزارم، چۆن ناتوانم دەستبەرداری كچەكەم بم، بە هەمان شێوەش ناتوانم دەستبەرداری هاوسەرەكەم بم، چونكە زۆر زۆر لە هاوسەری پێشووم باشترە، بەڵام هەمیشە دڵم لای كچەكەمە و وادەزانم لە بن دارێكم هیچ پەلكی پێوە نییە».

 

Top