پەروەردەكاران دەخوازن تەكنەلۆژیا بخرێتە خزمەت پەروەردە و فێركردن
بە گوێرەی ئەزموونی چەند ساڵی ڕابردووی دۆخی پەروەردە و فێركردن و بەپێی گوتاری پەروەردەكاران، دەردەكەوێت كە سیستمی پەروەردە و فێركردن لە هەرێمی كوردستان لە سەردەمی شۆڕشی تەكنەلۆژیادا پێویستی بە گۆڕانكاری و چاكسازی هەیە، لەم ڕوانگەیەوە و لە ڕاپۆرتێكی گۆڤاری گوڵاندا پسپۆڕانی بواری پەروەردە باس لە ڕەهەندەكانی چاكسازی و گۆڕانكارییەكان دەكەن.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
لاجان خۆشناو وەك مامۆستای پەروەردەی وەرزش، دەڵێت: «پەروەردە لەگەڵ پێشكەوتنی خێرای تەكنەلۆژیادا هەمیشە ئامرازێكی گرنگ بووە بۆ پێشكەوتنی قوتابی، كاتی ئەوە هاتووە بیر لەوە بكەینەوە كە بزانین داهاتووی پەروەردە بە چ ئاراستەیەك و بەرەو كوێ دەڕوات؟ ڕوونە كە پەروەردە لە شێوازی فێربوون، فێركردن و دەستگەیشتن بە زانیاری بەردەوام دەبێت، بەڵام ڕوون نییە ئاخۆ داهاتووی پەروەردە لە سەردەمی تەكنەلۆژیادا چۆن دەبێت»، لاجان خۆشناو لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێت: «هەموومان لەوە دڵنیاین كە تەكنەلۆژیا لە شێوازی فێربووندا توانای هەڵگیرسانی شۆڕشی هەیە، ئەویش لەگەڵ دەركەوتنی پلاتفۆرمەكانی فێربوونی ئۆنڵاین و ناو پۆل، بەهۆی تەكنەلۆژیاوە قوتابیان زانیاری و سەرچاوەی زۆریان لە بەردەستدایە، ئەوان دەتوانن لە هەموو شوێنێك و لە هەر كاتێكدا ئامادەی وانەكان ببن و بە خێرایی فێر ببن، سیستمی پەروەردەی تەقلیدی، كە زۆرجار بەهۆی نەگونجاوی و بەسەرچوونەوە ڕەخنەی لێ دەگیرێت، ئێستا دەتوانرێت تەكنەلۆژیا لە قوتابخانەكاندا لەگەڵ پێداویستیی تاكەكانی قوتابیان بگونجێندرێت، كاتێكیش ئەو بەرنامەیە جێبەجێ كرا، ڕاستەوخۆ قوتابی هان دەدات تاوەكو بۆ دەستخستنی زانست و لایەنی فێربوون بەكاری بهێنێت و لەوە تێدەگەن كە تەكنەلۆژیا ئامرازێكی گرنگی فێر بوونە».
عوبێد خدر مامۆستا و كۆمەڵناس، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «بێگومان پێشكەوتنی زانست و تەكنەلۆژیا كاریگەرییەكی زۆری لەسەر تەواوی كایەكانی ژیان كردووە، بەتایبەت لە ڕووە پەروەردەیی و كۆمەڵایەتی و دەروونییەكەیەوە، ڕاستە زانست و تەكنەلۆژیا خزمەتی گەورەی بە مرۆڤایەتی كردووە، زانیاری و داتا بە ئاسانی و بە زوویی دەگاتە دەست مرۆڤەكان و كارئاسانیی زۆری بۆ كاروباری ژیان دروست كردووە، بەڵام لە لایەكی دیكەوە بەهۆی دروست بەكارنەهێنانییەوە زیانی زۆری بە پرۆسەی پەروەردە و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان گەیاندووە، بەتایبەتی منداڵان، لەبەر ئەوەی قۆناغی منداڵی قۆناغێكی هەستیار و ناسكە و سەرەتای پرۆسەی پەروەردەیە»، مامۆستا عوبێد لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێت: «مامەڵەكردن و بەكارهێنانی تەكنەلۆژیا لە لایەن منداڵەوە، وەك: ئامێرەكانی ئایپاد و مۆبایل و هەندێك جار سەیركردنی بەردەوامیی تەلەفزیۆنیش، بووەتە مۆتەكەیەكی ترسناك و زیانی گەورەی بە تەمەنی ئاسایی منداڵ گەیاندووە، بەڵام دەكرێت لە بواری فێربوون و زانستدا سوودی لێ وەربگیرێت، لەبەر ئەوەی ئێستا تەكنەلۆژیا بووەتە بڕبڕەی پشتی پرۆسەی فێربوون، بەتایبەت لە وڵاتانی پێشكەوتوو، بە بەكارهێنانی داتاشۆ و شێوازی نوێی فێربوون، چەندین كەرەستە و ئامێری نوێ بەكار دێت، تەنانەت لە هەندێك لە وڵاتان كتێب وەك پرۆگرامی خوێندن بەكار نایەت، بەڵكو قوتابیان لە ڕێگەی ئایپادەوە فێر دەكرێن، جگە لە شێوازی ئۆنڵاین كە لە كاتی پەتای كۆرۆنادا لە هەرێمی كوردستانیش بەكار هێنرا، ئەمەش لە ڕێگەی ئەنتەرنێت و تەكنەلۆژیای نوێوە بەكار هێنرا و تا ئاستێكی باشیش یارمەتیدەر بوو بۆ فێربوون».
شلێر عەبدولسەلام مامۆستای گرێبەست، لەبارەی گرنگیی تەكنەلۆژیا لە بواری فێركردندا ڕای دیكەی هەیە و هێما بۆ ئەوە دەكات: «ئاشكرا و بەڵگەنەویستە كە زانست و تەكنەلۆژیا ڕێڕەوی ژیانی مرۆڤیان گۆڕی و خزمەتێكی بێ وێنەیان بە مرۆڤ گەیاندووە، لە زۆرینەی بوارەكاندا ئاسانكار و ئامرازێك بووە بۆ لەیەك نزیك كردنەوەی جیهان، بەڵام ئەوەی لێرەدا دەمەوێ ئاماژەی پێ بدەم، ئەوەیە كە ڕۆڵی زانست و تەكنەلۆژیا لە بواری پەروەردەكردنی منداڵدا بە چ ئاراستەیەكدا دەڕوات، ئاشكرایە مرۆڤەكان لە بیركردنەوە و شێوازی ژیانكردندا لە یەكتر جیاوازن، بۆیە لە مامەڵەكردنیش لەگەڵ هەموو لایەنەكانی ژیاندا لە یەكتر جیاوازن، نموونەی زانست و تەكنەلۆژیا كە بەشێك لە خێزانەكان هۆشیارن بە لایەنە باش و خراپەكانی تەكنەلۆژیا ڕێوشوێن بۆ منداڵەكانیان دادەنێن، ئەویش وەك دیاریكردنی كاتی بەكارهێنانی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان و سانسۆركردنی هەندێ لە بەرنامەكان، كە لەگەڵ تەمەنی منداڵ ناگونجێت، ئەمەش وێڕای هۆشیاركردنەوەی منداڵەكانیان لە چۆنیەتی سوودوەرگرتن لە تەكنەلۆژیا بە شێوەیەكی گشتی، لەبری بەكارهێنانی تەكنەلۆژیا لە یارییە كاتكوژەكان و ئەو بەرنامانەی كە لەگەڵ تەمەنیاندا ناگونجێن».
شلێر لە درێژەی ئاخافتنەكەیدا گوتیشی: «دەكرێ بەهۆی هۆشیاریی خێزانەكانەوە وا لە منداڵەكان بكرێت كە لە بری كاتبەسەربردن بەهۆی یارییەكان، هەوڵ بدەن بە ئامێرەكەی دەستیان بە شێوەی ئۆنڵاین بەشداری لە خولەكانی فێربوونی زماندا بكەن، یان ئەو بەرنامانەی كە دەبنە هۆكارێك بۆ بەرەوپێشبردنی بەهرەكانیان وەك نیگاركێشان، وانەكانی مۆسیقا و كارە دەستییەكان. كە ئەمڕۆ بە خۆشحاڵییەوە زۆرینەی خێزانەكان دەتوانن لەم خولانە سوودمەند ببن.»