گەشبین شێرزاد: ئامانجمە ئەو ئەزموونە تاڵ و شیرینانەی ژیانم بە خانمانی ڕابگەیەنم

گەشبین شێرزاد:  ئامانجمە ئەو ئەزموونە  تاڵ و شیرینانەی ژیانم  بە خانمانی ڕابگەیەنم

 

 

گەشبین شێرزاد، خانمە گەنجێكی ورەبەرز و پڕ وزەیە، ماوەی چوار ساڵە دەستی بە كاركردن كردووە و وەك خۆی باسی دەكات، چەندین كاری ئەزموون كردووە و لە ئێستادا وەكو بلوگەرێك لە سۆشیال میدیا برەو بە كار و ئامانجەكانی دەدات. لە هەڤپەیڤینێكی لەگەڵ گۆڤاری گوڵان ئەزموونی كارەكانی بۆ خوێنەران باس دەكات.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

گەشبین شێرزاد، ساڵی 1997 لە پارێزگای هەڵەبجە لەدایك بووە و لە ئێستادا لە شاری سلێمانی نیشتەجێیە و دەرچووی كۆلێژی شەریعەی زانكۆی سلێمانییە، بەڵام دەرفەتی دامەزراندنی لە كەرتی گشتی بۆ نەڕەخساوە، بۆیە هەوڵی داوە، ببێتە خاوەن كار و وەك مامۆستاش لە پەیمانگایەكی ئەهلی وانەی وتووەتەوە. بەمجۆرەش باسی ژیانی تایبەتی خۆی و كارەكانی دەكات: «من لە ساڵی 2015 یەكەم قۆناغی چوونم بۆ زانكۆ دەستی پێكرد. كچێكی لاوی تەمەن 19 ساڵ بووم، كە پڕ بووم لە ئاوات و خۆزگە و ئامانج، تا بتوانم ئەو خولیا و ئاواتەی لە مێشك و دەروونمدایە وەك كچێك بەدی بێنم و پێی بگەم. قۆناغی یەكەمی زانكۆم لە ماڵی نەنكم تەواو كرد و نەچوومە بەشە ناوخۆیی، دەترسام لەو ژیانەی لەوێ هەیە، ئەویش بەو پێیەی بێ ئەزموون بووم تێیدا، بەڵام لە قۆناغی دووەممدا چوومە بەشە ناوخۆییەكانی ئیسكانی كچان لە شاری سلێمانی، ئەوەی جێی خۆشحاڵی و سەرنجی داهاتووی من بوو، بەشە ناوخۆیی بوو، كە پڕ بوو لە ئەزموونی خۆش و ناخۆش بۆ من، بەو پێیەی خەڵكی ناوچە جیاوازەكان بە سروشتی جیاوازەوە لەگەڵت دەبن و بەركەوتنت دەبێت لە گەڵیان. من ئەو ساڵانەی خوێندنی خۆم و مانەوەم لە بەشە ناخۆیی زانكۆ ناوم ناوە (ئەزموونی زێڕین)، چونكە ئەزموونی خوێندنم لە دەرەوەی ماڵ و شارەكەی خۆم پڕ لە تازەگەری بوون، بۆ ژیانی داهاتووم و ئێستاشم. ئەو بیر و قسانەی كە دەڵێن (كچ و ئیشی ماڵەوە، نەوەك خوێندن) لە جێی خۆی نییە، خانم بوون واتە تازەگەری و داهێنەری بەتوانای ناو كۆمەڵگە بۆ ئەوەی جێپەنجەی دیار بێت.

دوای تەواوبوونی زانكۆ و بە دەستهێنانی بڕوانامەی بەكالۆریۆس، چەندین ئیشی ئۆنڵاینم كردووە، بە یارمەتیی خوا گیان و خۆم و هاوسەر و ماڵی باوكم لە كارەكانم سەركەوتوو بووم. كاری پرۆدێكتی پێست، خواردن دروستكردن، مۆم و كۆنكرێت دروستكردنم كردووە، وەك مامۆستاش لە پەیمانگایەكی ئەهلی وانەم وتووەتەوە، ئێستاش كە دایكی دوو كوڕی جوانم، سەرقاڵم بە ئیشی بلۆگەرییەكەمەوە كە لە ڕێیەوە ئامانجمە ئەو ئەزموونە تاڵ و شیرینانەی من لە ژیاندا كردوومە لە هەر بابەتێكی جیاواز، بە كچان و دایكان و خانمانی لێهاتووی ڕابگەیەنم و ئەو ئەزموونەیان لەگەڵدا دابەش بكەم».

لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە لە سەرەتای بیرۆكەی كاركردنت ئایا چ كەسێك هانی دایت و پاڵپشتت بوو؟ گوتی: «سەرەتا هەر بیرۆكە و كارێك كە دەهاتە پێشەوە بۆم و بیرم لێ دەكردەوە بۆ ئەوەی ئەنجامی بدەم، هاوسەرم و ماڵی باوكم زۆر پاڵپشتم بوون بە بێ وتنی وشەی مەیكە، زەرەر دەكەیت. ئەگەرچی زەرەریشم كردبێت، بەڵام زانیویانە خولیامە و پاڵپشتییان كردووم».

سەبارەت بە ئامانج و پڕۆژەكانیشی بۆ داهاتوو گوتی: «جیاواز لەو كارانەی لە ڕابردوودا كردوومە، بێگومان ئامانجی دیكەم هەیە بۆ داهاتووم، خوای گەورە هاوكارم بێت، دوو كار لە ئامانجە سەرەكییەكانی منە، ئەویش كردنەوەی شەتڵگەیەك، چونكە گوڵ و نەمام لە حەز و خولیا بەهێزەكانی منە و ئەوی دیكەشم شۆپێكی جلوبەرگە، یان قوماشی كوردییە بە وپێیەی هاوسەرم لە ناو قوماشا كار دەكات و كارێكی بازرگانیی باشە بۆ قازانجكردن و دەكرێت دەرفەتی كار بۆ خانمانی دیكەش بڕەخسێنم».

 

گەشبین شێرزاد:  ئامانجمە ئەو ئەزموونە  تاڵ و شیرینانەی ژیانم  بە خانمانی ڕابگەیەنم
گەشبین شێرزاد:  ئامانجمە ئەو ئەزموونە  تاڵ و شیرینانەی ژیانم  بە خانمانی ڕابگەیەنم
Top