كوردستان ڕەسوڵ: ئێمە وەكو كورد پێویستمان بەوەیە گەنج ئاراستە و پەروەردە بكەین لەسەر خۆشویستنی خاك و نیشتمان

كوردستان ڕەسوڵ:  ئێمە وەكو كورد پێویستمان بەوەیە گەنج ئاراستە و پەروەردە بكەین لەسەر خۆشویستنی خاك و نیشتمان

 

كوردستان ڕەسوڵ مامۆستا و پەروەردەكاری خود، لە دیدارێكی لەگەڵ گۆڤاری گوڵان قسە لەسەر كێشە و ئاریشە هەنووكەییەكانی گەنج دەكات و تیشك دەخاتە سەر چەند پرسێكی پەروەردەیی و جەختیش لەوە دەكاتەوە كە گەنج بەهۆی ناوەرۆكی بەتاڵ، ڕۆژ بەڕۆژ كۆپی دەبێت و زیاتر دەبێتە دیلی تەقلید و چاولێكەری.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

* هۆكاری زیادبوونی كێشەكانی گەنج بۆچی دەگەڕێتەوە؟

- كێشەی زۆری گەنج بۆ نەبوونی پەروەردەیەكی باش، نەبوونی خوێندنێكی ئەكادیمی قووڵ، نەبوونی ژینگەیەكی پەروەردەیی دروست، دەگەڕێتەوە.

* ئایا كێشە هەنوكەییەكانی گەنج چین؟

- كێشەی گەنج بێ ئامانجییە، هاوكات نەبوونی ئاراستەیەكی دروستە لە ژیان، گەنج تائێستا خۆی ناناسێت، نازانێت دەبێت چی بكات و بەرەو كوێ هەنگاو بنێت، لە سەرەتایی ترین ڕێگەكانی سەركەوتندا گیری خواردووە، گەنج بەهۆی ناوەرۆكی بەتاڵەوە ڕۆژ بەڕۆژ كۆپی دەبێت و زیاتر دەبێتە دیلی تەقلید و چاولێكەری، بۆیە هەمیشە پێناسەی خۆی لە دەوروبەرەوە وەردەگرێت.

* چۆن و بە چ ئاراستەیەك كێشەی گەنج چارەسەر دەبێت؟

- گەنج پێویستە ڕۆشنبیریی خۆی بكاتە بناغە و دەستپێكی بەرەوپێشبردنی خودی خۆی، پێویستە گۆڕانكاریی قووڵ لە بەرنامەی خۆیدا دروست بكات، چونكە زۆربەی گەنجان تاوەكو ئێستا هیوا و ئومێد و خەون و پلانیان بە شیوەیەكی تەندروست دانەناوە، لە كاتێكدا پێویست دەكات هەموو ئەوانە بونیاد بنێت، گەنج پێویستە شارەزای مێژوو و گۆڕانكارییە خێراكان بێت لە دەرەنجامی ئەو گۆڕانكارییانەش دیدگا و خەونی خۆی بونیاد بنێت.

* هەنگاوەكانی گۆڕینی خود لە كوێوە دەست پێ دەكات، میكانیزمەكانی چین؟

- ئەوەی تێبینی دەكەم پێگەیاندنی گەنج لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی دی دەگۆڕێت، ئەویش بەپێی ژینگەی كۆمەڵایەتی و كلتوور و شێوەی ئاراستەكردن و پەروەردەكردنی، ئێمە لە كوردستان دوو جۆر شێوە ئاراستەكردنمان هەیە، یەكێكیان ئەوەیە كە لە باوانمانەوە بۆمان ماوەتەوە، كە لەو عورف و شێوە نەریتییەی كە داڕێژراوە سەرچاوەی گرتووە، دووەمیان ئەوەی كە تەكنەلۆژیا بۆمان دروست دەكات، هەردوو شێوەكەیان هەڵەیە بەڵكو دەبێت ئاراستەكردن و پەروەردەكردنی گەنج سیستم و مەنهەجێك نەبێت كە سیستمی عەشایری یان نەریتی یان سیستمی سەرمایەداری دروستی كردبێت.

ئێمە وەكو كورد پێویستمان بەوەیە گەنج ئاراستە و پەروەردە بكەین لەسەر خۆشویستنی خاك و نیشتمان، خۆشویستنی گەلەكەی، خۆشویستنی خودی خۆی و داهاتووی خۆی .

بۆ داهاتوویەكی گەشتر و باشتر بەم چەند خاڵە ڕێنمایی گەنج دەكەین:

1-گەنج لەسەر مەنهەجێكی دروست خۆی پێبگەیەنیت.

2- بەردەوام بخوێنێتەوە و بخوێنێت.

3- لەسەرجەم لایەنەكانی كەسایەتی، كۆمەڵایەتی، خێزانی و ماددی ئیشی خۆی بباتە پێشەوە.

4- ئومێد و هیوای گەورە بونیاد بنێت و بەرەو ڕوویان بڕوات.

5- هەوڵی ئەوە بدات خاوەن دەزگا و دامەزراوەی خۆی بێت.

* مەبەست لە بەڕێوەچوونی خولی براندی گەنج چی بوو و ئامانجی چییە؟

- مەبەست لە خولی براندی گەنج ئەوەیە گەنج دەست بە دانانی دیدگە و ڕوئیای ژیانی بكات و بزانێت چ توانا و لێهاتووییەكی هەیە، هەروەها هەوڵ بدات وەبەرهێنان لە خۆیدا بكات و بزانێت چ بەهرە و تایبەتمەندییەك لە خۆیدا دروست بكات و، چۆن ئەو لێهاتووییەی هەیەتی بیخاتە حاڵەتی وەبەرهێنان و بزنسی خۆی لەو بوارەدا ئەنجام بدات، ئەم خولەش دەرفەتێكی گەورەیە بۆ گەنج.

* دەگوترێت دۆخی پەروەردە لە هەرێمی كوردستان خراپ و بێ كاریگەرە، خوێندنەوەت لەسەر ئەمە چییە و چۆن دەكرێت پەروەردە بە مانای وشە كاریگەر بێت؟

- پەروەردە چەندین جۆرە

1- پەروەردەی خیزانی

2- پەروەردەی قوتابخانە

3- ژینگە

4- تەكنەلۆژیا و پەروەردە

ئەمڕۆ ئێمە لەبەردەم مەترسییەكی زۆر گەورەی پەروەردە داین، پەروەردەی قوتابخانە ئەو مەنهەجەی كە هەیەتی قوتابی پەروەردە ناكات و نایكات بە ڕۆڵەی ژیان، نایكات بە مرۆڤێكی ئەخلاقی و كەسایەتیی بۆ دروست ناكات، ئەوەی لە هەمووی كارەساتبارترە تەكنەلۆژیایە، كە ئەگەر بەها و مەبدەئێك لەسێ ژینگەی دیكە دروست ببێت تەكنەلۆژیا بەتەواوی دەیسڕێتەوە، بۆیە پێویستە پسپۆڕانی بواری پەروەردە كار لەسەر ئەم ڕیاڵانە بكەن كە كۆمەڵگەیەكی تەندروست دروست دەكەن .

* لە كۆمەڵگە پێشكەوتووەكاندا چارەسەری كێشەی ژنانیان گرێ داوەتەوە بە «وەبەرهێنان لە كچاندا» ئەمەش بەو مانایەی پێویستە لە قۆناخی باخچەی ساوایانەوە كچ پەروەردە بكرێت، بۆ ئەوەی ژنێكی باش پێشكەشی كۆمەڵگە بكرێت، لە كوردستان ئەم ئاراستەیە نییە، ئایا تاچەند گرنگە كە وەبەرهێنان لە كچاندا بكرێت؟

- ئەوەی كارمان بۆ ئاسان دەكات و ڕێگەكانمان بۆ كورت دەكاتەوە، بریتییە لە پێگەیاندنی ئافرەت و دایكێكی زۆر گرنگ و نمونەیی، چونكە كە پەروەردەی ئافرەت تەندروست نەبوو، منداڵ بە پەروەردەیەكی دروستدا تێپەڕ نابێت، ئەوەی وا دەكات پەروەردەی خێزان پەروەردەیەكی نا تەندروست بێت، ئەوەیە كە دایكێكی ڕۆشنبیرمان نەبێت، تاوەكو بتوانێت وەك دایك یان وەك هاوسەر ڕۆڵێكی سەركەوتووی هەبێت، بەداخەوە بەشێكی ئافرەتانی ئێمە لەبەر ناهۆشیاری كە دەبن بە دایك، تەنیا خەریكی بەخێوكردنی منداڵن نەك پەروەردەكردنی منداڵ، لە كاتێكدا بەخێوكردن بەبێ پەروەردەكردن وەكو مەلێكی بێ باڵە. ئافرەتان پێویستە كە دەبن بەدایك خوێندنەوەی قووڵیان لەسەر خۆدناسی هەبێت و لەم بوارەدا زۆر بخوێننەوە، چونكە لە كاتی پەروەردەكردندا گرفتە خودی و كێشە دەروونییەكانی دایكن كە منداڵێكی پەروەردەنەبوومان بۆ دروست دەكەن، چونكە دایك كاتێك خۆی پەروەردە دەكات، دەشزانێت چۆن منداڵەكەی پەروەردە بكات.

بۆیە ئێمە لە پێناو داهاتوویەكی گەش بۆ منداڵ و نەوەكانمان پێویستیمان بەدایكی ڕۆشنبیر و پەروەردەكار هەیە.

Top