نەجیبە محەمەد: بە پشتگیریی هاوسەرەكەم توانیم بە ئامانجەكەم بگەم
ئافرەتی كورد لە دێرزەمانەوە چەقی ڕاگرتنی هاوسەنگیی خێزانەكەی بووە، هەم دایك و هەم پەروەردەكار و هەمیش پاڵپشتی و یارمەتیدەری پیاو بووە، لە ئێستاشدا لە ڕووبەڕووبوونەوەی بەربەست و ڕێگرییەكاندا خاوەنی ئیرادە و بوێرین، ئەوان هەمیشە لە ئیشوكار و بەڕێوەبردنی خێزاندا دەستباریان لەگەڵ باوك و برا و هاوسەر گرتووە، ئەمڕۆش لە سەردەمی زانست و تەكنەلۆژیادا ڕەوتی كاركردنی خانمان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە زۆربووندایە و ژمارەیەكی زۆری خانمان خاوەنی كار و پیشەی خۆیەتی.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
نەجیبە محەمەد خانمە گەنجێكی دەستڕەنگین و بە توانایە و لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئارایشتگایەك بەڕێوە دەبات، خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە و لە شاری شنۆ لە دایك بووە و قۆناغی بنەڕەتی تەواو كردووە، لە ئێستادا لە باشووری كوردستان نیشتەجێی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە، وەك خۆی باسی دەكات ماوەی 10 ساڵە كاری ئارایشتگەری دەكات و شانبەشانی كارەكەی بەردەوام خولی فێركاری بێ بەرامبەر بۆ خانمانی فێرخواز دەكاتەوە، لە هەڤپەیڤینێكیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان ئەزموون و بەربەستەكانی كاركردنی بۆ خوێنەران باس دەكات ودەڵێت: «هەر لە تەمەنی منداڵیمەوە حەز و خولیای ئارایشتگەریم هەبوو، بەڵام بەهۆی كۆمەڵێك بەربەستەوە ئەوكات نەمتوانی لەو چوارچێوەیەدا كار بكەم، دواجار بە پشتگیریی هاوسەرەكەم توانیم بە ئامانجەكەم بگەم، هاندەری كارەكەم یەكەم كەس هاوسەرەكەم بوو، دوای ئەویش دایكی خۆشەویستم كە بە هاوكاریی هەردووكیان توانیم بگەمە ئاواتەكانم، پاڵپشتیی ئەوان بوو وای كرد تا ئەمڕۆ لە كارەكەم بەردەوام بم».
نەجیبە محەمەد لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێت: «هۆكاری پێداگیریم بۆ كاركردن ئەوە بوو كە بۆ پەیداكردنی بژێوی ژیانم و گەیشتنم بە ئاواتەكانم، تواناكانم بە كاربخەم، ئەمڕۆش بە خۆشحاڵییەوە ڕەوتی كاركردندنی ئافرەت لە كوردستان بەراورد بەو چەند ساڵەی ڕابردوو شكور بۆ خوای گەورە لەو پەڕی باشیدایە، دەتوانم بڵێم ئاستێكی زۆر بەرزی بە دەست هێناوە، بەتایبەتی كاری ئارایشتگەری و كاری دوورمانی و كاری دەستی پەرەی زۆریان سەندووە، من بەش بە حاڵی خۆم بە پێویستی دەزانم كە هەموو خانمێك خاوەن پیشەی خۆی بێت، جا لە هەر پلە و مەقامێكدا بێت.»
ئەو خاتوونە سەبارەت بە خولەكانی فێركاری بەم جۆرە ڕای خۆی خستە ڕوو: «خۆم هاندەری ئەو كچانەم كە حەز بە كاری ئارایشتگەری دەكەن و زۆریش یارمەتیم داون، هیوادارم ئەو خانەوادانەی كە كچەكانیان لە كاری ساڵۆن و ئارایشتگەدا حەزی فێریوونیان هەیە بەر بەستیان بۆ دروست نەكەن، من لە ڕوانگەی خۆمەوە كاری ئارایشتگەری بە كارێكی جوان و پیرۆز دەزانم، هەر چەند دەزانم خانمی زۆر بە توانا و لێهاتوو و خاوەن بەهرەمان هەیە، بەڵام بە هۆی تێڕوانینی كۆمەڵگە بۆ پیشەی ئارایشتگەری، ناتوانن لەو بوارەدا كار بكەن، بەداخەوە هێشتا زۆر كەسی دواكەوتوو هەن كە كاری ئارایشتگەری بە حەرام دەزانن، بە پێچەوانەوە من ئەو كارە لە زۆر كاری دیكە بە پیرۆزتر دەزانم، ئامانجیشم لە كردنەوەی خولی فێركاری بێ بەرامبەر، بۆ ئەوە بوو ئارەزوومەندان بێ جیاوازی فەقیر و دەوڵەمەند، بتوانن بەشداری لە فێر بوونی ئارایشتدا بكەن، هەمیشە ئاواتم ئەوەبووە كە هەر ئافرەتێك بتوانێت توانای خۆی بەكار بهێنێت و لەسەر پێی خۆی بوەستێت، من خۆم یەكێك بووم لەوانەی لە كاتی خۆی بەربەستم هەبوو لەوەی كە كاری ئارایشتگەری بكەم، بەتایبەتی باوكم هەر لە منداڵییەوە بەربەستی خستە بەر پێم بە بیانووی ئەوەی كە نابێت ئافرەت كار بكات، بە تایبەتی كاری ئارایشتگەری، بەڵام شكور بۆ خودای گەورە لە لایەن هاوسەرەكەمەوە توانیم بەهرەی خۆم بسەلمێنم و سوودیش بە دەوروبەرم بگەینم.»