خانمە شێوەكار بەفرین چەلەبیانی: تابلۆكانم گوزارشت لە لە ژیانی ئافرەتی كورد دەكات

خانمە شێوەكار بەفرین چەلەبیانی: تابلۆكانم گوزارشت لە  لە ژیانی ئافرەتی كورد دەكات

بەفرین چەلەبیانی لە ڕۆژهەڵاتی كوردستانەوە ڕووی لە باشوور كرووە و ئێستا لە پارێزگای سلێمانی ژیان بەسەر دەبات، بەفرین لە بواری شێوەكاریدا برەو بە كارەكانی دەدات و تابلۆكانی گوزارشت لە یە‌كسانیی مرۆڤەكان و پاكیی سرووشت دەكات، لە دەرفەتێكدا بەم شێوەیە وەڵامی چەند پرسیارێكی گوڵانی دایەوە.

* ئەگەر بكرێت زیاتر خۆت بناسێنیت كە بەفرین كێیە و بە چییەوە سەرقاڵە؟
- ناوی من بەفرین چەلەبیانییە و خەڵكی مەهابادی ڕۆژهەڵاتی كوردستانم و ئێستا لە شاری سلێمانی دەژیم، كاری شێوەكاری و خۆشنووسی دەكەم.
* چ پەیامێكت هەیە كە دەتەوێ لە ڕێگەی تابلۆكانتەوە بیگەیەنیت؟
- لە ڕێگەی تابڵۆكانمەوە دەمەوێ ژیانی خۆم باشتر بكەم و خزمەتی هونەری گەلی كورد بكەم، بەتایبەتی پێم خۆشە بتوانم لە وڵاتانی دەرەوە پێشانگە بكەمەوە و هونەری كوردی بڵاو بكەمەوە.

خانمە شێوەكار بەفرین چەلەبیانی: تابلۆكانم گوزارشت لە  لە ژیانی ئافرەتی كورد دەكات

* لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان هونەری شێوەكاری وەك پێویست گرنگیی پێدراوە؟
- لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان بەهۆی نەبوونی ئازادی و تێكچوونی ئابوورییەوە هونەر بە گشتی و شێوەكاری بەتایبەتی گرنگیی پێ نەدراوە و، ئەوەش هۆكاری ئەوەیە كە دەوڵەت وەك حەرام چاوی لێكردووە و كوردیش دەسەڵاتی سیاسی نییە.
* نیشتەجێبوونت لە هەرێم تا چەند هاریكار بو بۆ برەودان بە هونەرەكەت؟
- لە هەرێمی كوردستان هەرچەندە بەراورد بە ڕۆژهەڵات دەرفەتی زیاتر هەیە، بەڵام زۆر ئاستەنگی تایبەتیش بۆ ئێمە هەیە، بەتایبەت لە بواری یاسایی، بەڵام دیسان ئێمە هەوڵ دەدەین لە هەرێمی كوردستان خۆمان بە غەریب نەزانین و خزمەتی هونەری كوردی بكەین.
* تا ئێستا بەشداریت لە چەند پیشانگەدا كردووە؟
- لە ئێران شەش پێشانگەی تابلۆ و دوو پێشانگەی كاریكاتێرم كردووەتەوە، یەكیك لە ئاواتەكانم ئەوەیە بتوانم لە گشت شارەكانی كوردستان پیشانگە بكەمەوە.

خانمە شێوەكار بەفرین چەلەبیانی: تابلۆكانم گوزارشت لە  لە ژیانی ئافرەتی كورد دەكات

* لە كام ڕێباز و قوتابخانەی هونەری زیاتر نزیكیت؟
- من زیاتر لە قوتابخانەی ئیمپەرسیۆنیسم نزیكم، واتا هەڵسەنگاندنی نوور و ڕەنگ و شێواز و دروستكردنی ڕوانگەیەكی زانستی لە هونەر.
* وەك ئافرەتێكی نیگاركێش، چ ئاستەنگێك زیاتر دێتە سەر ڕێگەت؟
- ئێستا گەورەترین ئاستەنگی بۆمن ئەوەیە كە كێشەی نشینگەم بۆ دروست بووە و بەهۆی ئەوەی هیچ شوێنێك نەبووە پشتگیریم بكات، لەوانەیە نەتوانم لێرە بمێنمەوە و بەردەوامی بە هونەر بدەم.
* ئافرەت تا چەند لە تابلۆكانتدا ڕەنگی داوەتەوە؟
- ئافرەتان یەكێك لە گرنگترین بابەتەكانی كاری وێنەكێشیانی منن و خۆم وەك ژنێك زیاتر هەستم بە كێشەی ژن لە كۆمەڵگای كوردیدا كردووە، بۆیەش هەوڵ دەدەم هەمیشە كاری لەسەر بكەم بە هیوای كاریگەربوونی لە كۆمەڵگە، پێموایە ئەوكارەی هونەری دەست دەیكات هەرگیز كامێرا نایكات.

خانمە شێوەكار بەفرین چەلەبیانی: تابلۆكانم گوزارشت لە  لە ژیانی ئافرەتی كورد دەكات

* تا ئێستا چەند تابلۆت فرۆشراوە؟
- ژمارەی تابلۆكانم كە فرۆشتوومە زۆرن و سەدان تابڵۆم كێشاوە، بەڵام ژمارەكەم نەنووسیوە كە ڕێك بزانم چەند بووە.
* نێگاركێشی بۆ تۆ حەزێكی هونەرییە یان سەرچاوەی بژێویی ژیانە؟
- نیگاركێشی بۆ من زیاتر حەز و خولیایە، بەڵام لە هەمان كات یارمەتیدەر بووە و سەرچاوەیەكی گرنگ بووە بۆ بژێوی و بەڕێوەبردنی ژیانم.
* زۆرترین نرخی تابلۆكانت چەند بووە؟
- زۆرترین نرخی تابڵۆیەك فرۆشتوومە 350 دۆلار بووە، كە ئەویش خۆشنووسی بوو تێكەڵ بە نیگاركێشی.

خانمە شێوەكار بەفرین چەلەبیانی: تابلۆكانم گوزارشت لە  لە ژیانی ئافرەتی كورد دەكات
Top