ئایا پێویست دەكات ڕۆژانە قژت بشۆریت؟

ئایا پێویست  دەكات ڕۆژانە قژت بشۆریت؟

   ئایا پێویستە كە ڕۆژانە قژت بە شامپۆ یان سابوون بشۆریت؟ بێگومان لێرەدا مەبەست شووشتنی قژە بە شامپۆ یان سابوون نەك وەرگرتنی دوش تەنیا بە ئاو بۆ ڕاماڵینی ئاسەواری ئارەقە، ئەمە سەلمێنراوە كە ڕۆژانە شووشتنی قژ بە شامپۆ هۆكارە بۆ گەلێك گرفتی قژ، وەك: وشكبوون، لوولبوون Frizzle، هەروەها شكان، یان پچڕان. كەڕەتەكانی شووشتن پەیوەستە بە جۆری قژ، جۆری پێستی سەر، لەگەڵ ستایلی ژیان. بەمانایەكی دیكە، هەر كەسێك خاوەن قژێكی زۆر تایبەتە، هەروەها خاوەن ڕۆتینێكی ژیانی ڕۆژانەی تایبەتە كە كاریگەریی دەكەنە سەر چەندێتی شووشتنی قژ. پێستی سەر ماددەی چەور دەردەدات كە قژ تا كۆتایی چەور دەكات واتە بە درێژایی قژ، شووتنی ڕۆژانە یان زیاد شووشتنی قژ بە شامپۆ ئەم چەورییە ڕادەماڵێت بەر لەوەی كە بگاتە كۆتایی تاڵە قژەكان، دەرەنجام قژ وشك دەبێت و زوو تووشی شكان و پچڕان و موخۆركە دەبێتەوە. پسپۆران كەڕەتەكانی شووشتنی قژ بەم شێوەیە ڕێنمایی دەكەن: قژی لوول هەفتانە یەك جار، قژی لووس هەر دوو تا سێ ڕۆژ جارێك ئەگەر پێستی سەر ئاسایی یان وشك بێت و هەر دوو ڕۆژ جارێك ئەگەر پێستی سەر چەور بێت، لەكاتی بوونی توێشك Dandruff هەفتانەسێ جار شووشتن بە شامپۆی دژە توێشك و ئاوێكی فێنك پێویست دەكات.

Top