هۆكارەكانی دواكەوتنی چاكبوونەوەی برین

هۆكارەكانی دواكەوتنی چاكبوونەوەی برین

 ئەگەرچی ئەم وا باوە كە دەڵێت (برین بە تێپەڕبووین كات چاك دەبێتەوە)، بەڵام هەندێك جار مەسەلەكە بە تەواوی پێچەوانەیە و هەندێك برین دەبنە درێژخایەن Chronic wound و كاتی زۆریان دەوێت بۆ چاكبوونەوە، كە لەوانەیە چەند هەفتەیەك یان هەتا چەند مانگێك درێژە بكێشێت، لەوانەشە بە بێ چارەسەری پزیشكی ببنە هۆی ئاڵۆزیی مەترسیدار. برین بە درێژخایەن هەژمار دەكرێت ئەگەر لە ماوەی چوار هەفتەدا بە باشی چاك نەبێتەوە یان ئەگەر پاش هەشت هەفتە بە تەواوی چاك نەبێتەوە. ئەو هۆكارانەی دەبنە ئەگەری دواكەوتن یان چاكنەبوونەوەی برین ئەمانەن: هەوكردن كە نیشانەكانی بریتین لە سووربوونەوە و ئاوسان و ئازار لە دەوری برین لەگەڵ دەردراوی زەرد(كێم)، لاوازیی سووڕی خوێن لەبەر نەخۆشیی شەكرە یان قەڵەوی، خۆراكی ناهاوسەنگ، بەتایبەتی كەمیی پرۆتین و كەم خواردنەوەی شلەمەنی، نەخۆشیی شەكرە چونكە ئاستی بەرزی شەكری خوێن سووڕی خوێن و سستمی بەرگریی لەش لاواز دەكات، زیاد ئاوسان لە ئەنجامی كۆبوونەوەی شلە لە پێستدا كە هۆكارە بۆ كەم گەیشتنی ئۆكسجین بە پێست، زەبری بەردەوام بۆ برین، بەساڵاچوون، سترێس، زیانی لابەلای بەكارهێنانی هەندێك دەرمان بەتایبەتی ستیرۆیدەكان Steroids و چارەسەری كیمیایی Chemotherapy، زەردوویی Jaundice، خواردنەوە ئەلكهولییەكان، هەروەها جگەرەكێشان.

Top