مەترسییەكانی گەرما لەسەر تەندروستی

مەترسییەكانی گەرما لەسەر تەندروستی

  لە توێژینەوەكانی سەنتەری ئەمریكیی كۆنترۆڵ و خۆپاراستن لە نەخۆشییەكان CDC هاتووە كە ساڵانە گەلێك كەس لە سەرتاسەری جیهاندا بە هۆی گەرمای لەڕادەبەدەر گیان لە دەست دەدەن و، پێدەچێت ژمارەی ئەو كەسانە بەرە بەرە لەگەڵ گۆڕانی كەشوهەوای گۆی زەوی لە زیادبووندا بێت. لەشی مرۆڤ لە كەشوهەوایەكی گەرمدا پەرەی سەندووە، بۆیە توانای بەرگەگرتنی گەرمای هەیە، بەتایبەتی كە لە ڕێگەی پێستەوە لە توندییەكەی كەم دەكاتەوە، بەڵام كە كەش زۆر گەرم دەبێت واتە بەرزتر لە پلەی گەرمیی پێست كە لە نێوام 36.1-37.2 ی سێلسیەس دایە، یان لەوكاتەی كە ئارەقە بەهەڵم نابێت، ئەوا گەرمی لە لەشدا قەتیس دەبێت و پلەی گەرمیی قووڵایی لەش بەرزدەبێتەوە، جا ئەگەر ئەم بەرزبوونەوەیە بەردەوام بێت، ئەوا گرفتی تەندروستی پەیدا دەكات، وەكو: خۆربردن یان لێدانی گەرمی Heatstroke كە باوترین گرفتی پەیوەست بە گەرمایە، لەو كاتەدا ڕوو دەدات كە پلەی گەرمیی بنەڕەتی یان قوڵایی لەش دەگاتە 40 پلەی سێلسیەس یان زیاتر و دەبێتە ئەگەری پەككەوتنی ئەندامەكان و تێكدانی مێشك، لەوانەشە ببێتە ئەگەری مردن، نیشانەكان: گۆڕان لە فرمانەكانی مێشكدا، گۆڕان لە سرووشتیی ئارەقەكردن، هێڵنج و ڕشانەوە، سووربوونەوەی پێست، خێرابوونی هەناسە و لیدانەكانی دڵ، سەرئێشە، لە كۆتاییدا لەهۆشچوون. گەرمای زۆر لەوانەیە ببێتە ئەگەری گرفتی دیكەی وەكو: تێكدانی باری دەروونی بە شێوەیەك كە تووشبوو نازانی لە كوێیە و لە كام ڕۆژی هەفتەدایە، گرفتەكانی كۆئەندامی دڵ و سووڕان، بەتایبەتی لە نەخۆشانی شەكرەدا كە لەوانەیە ببێتە ئەگەری نۆرەی دڵ، هەروەها كەمبوونەوەی شلەی لەش Dehydration كە هۆكارە بۆ گرفتی گەورە لە گورچیلەكاندا كە لەوانەیە كار بگاتە پەككەوتنی گورچیلە.

 

Top