گەشبینی بیروهزری مرۆڤ چاڵاك دەكات

گەشبینی بیروهزری مرۆڤ چاڵاك دەكات


نوسەر و رۆماننوس و شاعیری ئەمریكی(جون جوردون) دەلی" گەشبینی ئەمڕۆت ئاستی سەركەوتنی بەیانیت دیاری دەكات".
گەشبینی پیشبینی کردنی موژدەبەخشی و خۆشییە بۆ پاشەڕۆژ وا لە مرۆڤ دەكات هەمیشە لە چاوەڕوانی باشتر دابێت و بەردەوام پێشبینی ڕوودانی خێروچاكە و باشە دەكات، وە بەردەوام حەز و خواستی لەلایەنی باشتر دایە و چاوەڕێ ئەنجامی باشتر و چاكتر دەكات. كەسانی گەشبین هەمیشە بیروباوەڕیان وایە كە خێر و چاكە لە دواترە و بەردەوام لە بیركردنەوەی ئەوەدان كەوا شتی خۆش و جوان بەرێوەیە، بۆیە پێش گەش بینی بڕوا و باوەڕی جێگیرو نەگۆڕ هەیە كە لە كۆتاییدا دەبێتە خێر و چاكە سەردەكەوێ بەسەر خراپە و شەڕ و بەدی، توێژینەوەكان دەریان خستووە كەوا هەمیشە ئەو كەسانەی كەوا گەشبین ترن لە كەسانی تر ئەوا هەردەم كەسانی ناوازە و نایابن بە كردار و خێر و چاكە و سەركەوتنی كەسانی تریشیان لا مەبەستە.
بۆ ئەوەی ببینە كەسێكی گەشبین نابێت هەرگیز خۆمان بەراورد بكەین بە كەسانی تر و باوەڕی تەواومان هەبێت كەوا هەركەسێك كۆمەڵە ڕەوشتی باشی هەیە جیا دەكرێنەوە لەوانەی تر، بەڵكو ئەگەر خۆمان بەراورد كرد پێویستە لەگەڵ خۆمان بە ساڵانی ڕابردوو تا چەند توانیومانە پەرە بەخودی خۆمان بدەین و ڕەوشتی باش و گونجاوەكانمان پێش بخەین، وە پێویستە بەردەوام كەسانی ڕەشبین لە خۆمان دووربخەینەوە، چونكە ئەو جۆرە كەسانە ووزەی ئەرێنی و خۆش دەمژن و وا تەماشای گشتی دەكەن كە هەموو شتێ خراپە، بۆیە گرنگە بەردەوام كەسانی گەشبین لێمان نزیك بن و بەردەوام خۆمان ڕزگار بكەین لە ووزەی نەرێنی، ئەمیش هەوڵ بدەین دووربكەوینەوە لە خوێندنەوەی و گوێگرتنی بڵاوكراوە و ڤیدیۆی نەرێنی لە پێگە ئەلیكترۆنییەكان و هەوڵ بدەین گوێ شل نەكەین بۆ كەسانی نەرێنی و قین لە دڵ ڕووخاو ئەوانەی چاویان بە پێشكەوتن و سەركەوتنی میللەتەكەمان و كەسە تاكەكان هەڵنایەت، گرنگە ناوە ناوە پەیوەندی بەو كەسانە بكەین كە بزە و پێكەنین دەخەنە سەر لێو و خۆشی دەخەنە دڵەكان، و جودا لەمەش زەروورە دیداری كەسانی خۆشەویست ئەنجام بدرێت، ئەو كەسانەی مرۆڤی دڵی پێیان دەكرێتەوە یان پەیوەندی بەو كەسانە بكرێ كە مرۆڤ خۆشییانی دەوێت. یان بیان بینی ئەوانە و چەندانی تر هۆكارن بۆ ئەوەی كەسەكان گەشبین بن لە ژیان، وە دووربكەونەوە لە دوو دڵێ‌ و ڕاڕایی و ترس و داهێزراوی كە هەموویان هۆكاری لە ناوبردنی گەشبینی كەسەكانن، هەر بە پێی توێژینەوەكان گەشبینی بیروهزری مرۆڤ چاڵاك دەكات و بەهێزی دەكات، دەبێ خۆمان بە دوای گەشبینی و وزەی ئەرێنی بگەرێین و بەدەستی بهێنینن و نابێت هەرگیز بێ هێز و لاواز و دەستەمۆ و ڕەشبین بین و دەستەوەستان نەبین خۆمان بەدەستەوە نەدەین و بیر لە ئازار و ڕابردووی تاڵ نەكەینەوە، جەخت لە ئێستا بكەینەوە هەرگیز هەست بە لاوازی و بێ هێزی نەكەین و تێڕوانینمان بۆ پاشەڕۆژ ڕوون بێت و بە گەش بینیەوە بڕوانینە پاشەڕۆژ و گەشبینی بكەینە بەرنامە و پڕۆگرامی ژیانمان و خۆمان لا پەسند بێت، بەردەوام تێڕامان و تێڕوانینمان هەبێت بەرامبەر كۆسپ و تەگەرە سەختەكان بوەستین و جەخت لە سەر ئەنجامی ئەرێنی بكەینەوە، هەرگیز بیر لە خۆ بەدەستەوەدان نەكەینەوە، بەردەوام بین بە گەش بینینەوە ژیان بە رێ بكەین.

بەرێوەبەری گشتی/ وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕی پەروەردەیی

Top